کوردستانی
وردەكاریی ئامادەسازییەكانی پێشوازیكردن لە گەشتیاران لە رۆژانی جەژندا
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان وردەكاریی ئامادەسازییەكانی پێشوازیكردن لە گەشتیاران لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا بڵاوکردەوە و بەپێی ئامادەکارییەکان بێت، میوانخانە و چێشتخانەكان لە پێشوازیی گەشتیاراندا دەبن و چاودێریی نرخ و خزمەتگوزارییەكان دەكرێت.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان وردەكاریی ئامادەسازییەكانی پێشوازیكردن لە گەشتیاران لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا بڵاوکردەوە و بەپێی ئامادەکارییەکان بێت، میوانخانە و چێشتخانەكان لە پێشوازیی گەشتیاراندا دەبن و چاودێریی نرخ و خزمەتگوزارییەكان دەكرێت.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە "لە چوارچێوەی پلانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ بایەخدانی زیاتر بە سێكتەری گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان، ژمارەی گەشتیارانی بیانی و عێراقی زیادی كردووە و چاوەڕێ دەكرێت لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزاندا ژمارەیەكی زۆر گەشتیار سەردانی كوردستان بكەن، تەنها لە سنووری پارێزگای هەولێردا لە چوار مانگی ئەمساڵدا 671,146 گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتارییەكانی سنووری پارێزگەی هەولێریان كردووە، لەم ژمارەیەشدا نزیكەی 100 هەزاریان گەشتیاری بیانین و ئەوانی دیكە گەشتیارانی عەرەبن و لە پارێزگا و شوێنە جیاوازەكانی عێراقەوە هاتوون، هاوكات بۆ ئەم جەژنەش دامودەزگەكانی گەشتوگوزار لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا بە باشترین شێوە پێشوازی لە گەشتیاران دەكەن'.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر دەڵێت "بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی باشتر پێشوازی لە گەشتیاران بكەین، لەم جەژنەدا چەندین ڕێكاری گرنگ و پێویست دەگرینەبەر وەك دابینكردنی باشترین خزمەتگوزاری و چاودێریكردنی میوانخانەکان و چێشتخانەکان بۆ دڵنیابوونەوە لە کردنەوەی رێستۆرانتەکان بۆ پیشوازیكردن لە گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی".
ئیسماعیل مینەخان، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر لەبارەی ئامادەسازییەكانیان بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران لە ڕۆژانی جەژندا رایگەیاند "ئێمە ئامادەسازیی تەواومان كردووە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە پێشوازی لە گەشتیاران بكەین، بۆ ئەو مەبەستەش چەند ڕێكارێكمان گرتووەتەبەر، لەوانە، لیژنەی تایبەتمان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی پیویست بۆ گەشتیاران لە بازگەکان پێک ھێناوە. هەروەها دابەشکردنی ژمارەی تەلەفۆنی لیژنەکانمان بەسەر گرووپە گەشتیارییەکان و گەشتیاران بۆ ئەوەی ھاوکاربین بۆ چارەسەرکردنی هەر ڕووداوێك یان گرفتێك".
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر سەبارەت بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی ئاوی خواردنەوە و شیرنەمەنی و جۆرەكانی دیکە لە بازگەكان وتی "لە دەروازەکانی شاری ھەولێردا بە گوێرەی ڕێكارەكان ئاوی خواردنەوە و پێدانی شیرینی دابین دەكرێت لەگەڵ ڕێنمایی پیویست بە گەشتیاران، هەروەها پێکھێنانی لێژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون لە رەوشی گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان لە دڵنیابوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەواو بە گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان".
لەبارەی ئاگاداركردنەوەی میوانخانە و چێشتخانەكانیش بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران باسی لەسەوەکرد "کۆمەڵەی میوانخانەکان و چێشتخانەکانی کوردستان/لقی هەولێرمان راسپاردووە لەگەڵ لیژنەکانمان بۆ دڵینابوون لە کردنەوەی ڕێستۆرانتەکان بە مەبەستی پیشوازیكردن لە گەشتیاران لە رۆژانی جەژندا، هەروەها لیژنەی تایبەت بە چاودێریکردنی نرخەكان لە بنکە گەشتیارییەکان پێكهێندراوە، لەگەڵ دەیان رێكاری دیكەش كە راستەوخۆ لە بەرژەوەندیی گەشتیاراندان".
س.ر
س.ر
بیروڕا


