کوردستانی

عەلی حەمەساڵح: دانانی کامێرا بە سیستمی نوێ بارگرانییە لەسەر هاوڵاتییان

مەودا میدیا - سلێمانی |


عەلی حەمەساڵح: دانانی کامێرا بە سیستمی نوێ بارگرانییە لەسەر هاوڵاتییان
مەودا میدیا-

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە سیستمی نوێی کامێرای تۆمارکردنی تیژڕەوی دەڵێت "من دژی دانانی کامێرا نیم، بەڵام دانان و بەڕێوەبردنی کاری حکومەتە نەک بدرێت بە کەرتی تایبەت".

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیان "لەدوای دانانی کامێراکانی هاتوچۆ لە سلێمانی نزیکەی 300 کامێرا لە هەولێر و دهۆکیش جێگیردەکرێن و بۆ ئەو مەبەستەش گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەک کراوە".

ئەو پەرلەمانتارە روونیشیدەکاتەوە "دانانی ئەو کامێرایانە بەو سیستمە نوێیە دەبێتە بارگرانی بۆ هاوڵاتییان، چونکە وا پرۆگرامکراون ئەگەر لە نێوان دوو کامێرادا کە دورییەکەیان هەرچەندێکبێت لە خێرای دیاریکراو تێبپەڕێنیت بە سەرپێچی هەژماردەکرێت و سزا دەدرێت لەسەری، تەنانەت ئەگەر لەبەردەم کامێراکەدا خێرایەکەشت کەمتربێت لە خێرای دیاریکراو مادەم لە و مەسافەیەدا تێتپەڕاندووە بە سزا هەژماردەکرێت".

سەبارەت بە دانانی کامێراکان چەند خاڵێکی خستووەتەڕوو ئەوانیش:

یەکەم: ئەمە ئیشی حکومەتە نەک هێنان و دانان و بەڕێوەبردنی بدرێت بە کەرتی تایبەت.

دووەم: شوێنی هەموو کامێراکان ئاشکرابکرێت.

سێیەم: داهاتی کامێراکان بۆ رێگەوبان خەرجبکرێت.

چوارەم: گوزەرانی خەڵک رەچاوبکرێت.

ر. ئ.
Qaiwan
Qaiwan