کوردستانی

کوشتارگەی نوێی سلێمانی: گۆشتی سەرشەقامەکان مەکڕن

مەودا میدیا - سلێمانی |


کوشتارگەی نوێی سلێمانی: گۆشتی سەرشەقامەکان مەکڕن
مەودا میدیا- رێبین ئەشرەف

بەهۆی بڵابوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بەرپرسی کوشتارگەی نوێی سلێمانی داوا لە هاوڵاتییان دەکات کە گۆشتی سەرشەقامەکان نەکڕن، چونکە پشکنینیان بۆ نەکراوە، دەشڵێت "هەتائێستا هیچ حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون لە کوشتارگەکەمان تۆمارنەکراوە".

بورهان عومەر، بەرپرسی کوشتارگەی نوێی سلێمانی لە لێدوانێکدا بە مەودا میدیای راگەیاند "لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون لە ناوچەکەدا و تائەمڕۆ لە کوشتارگەکەمان هیچ حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون تۆمار نەکراوە"، وتیشی "ئێمە پێش سەربڕینی هەر ئاژەڵێک پشکنینی بۆدەکەین و بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی ئاژەڵەکە".

بەرپرسی کوشتارگەی نوێی سلێمانی داواش لە هاوڵاتییان دەکات، خۆیان بە دوربگرن لە کڕینی گۆشتی سەرشەقامەکان چونکە "تەندروست نییە و پشکنینان بۆ نەکراوە و مۆری دڵنیاییان لێ نەدراوە".

وتیشی "داوا لە گوندشینەکان دەکەین ئەوانەی ئاژەڵیان هەیە، ئاژەڵەکانیان بکوتن یاخود دەرمانی گەنە و مێروویان لێبدەن"، ئاماژە بەوەشدەکات "هۆکاری سەرەکی تای خوێنبەربوون گەنە و مێرووکانە کە بە ئاژەڵەکانەوە دەنوسێن".

ر. ئ.



Qaiwan
Qaiwan