کوردستانی

حکومەتی هەرێم مووچەی 13هەزار کەس رادەگرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


حکومەتی هەرێم مووچەی  13هەزار کەس رادەگرێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکروانی حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی  13 هەزار و 282 کەسی راگرتووە، بەمەش بڕی 996 ملیۆن دینار مانگانە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

عادل مەلا ساڵح، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "دوای دەرچوونی یاسای ژمارە دووی تایبەت بە چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و دەستکەوتەکان کە لە پەرلەمان دەرچووە رەوانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا، دواتریش رەوانەی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کرا یەکێک لەو وەزارەتانە وەزارەتی شەهیدان بوو".

ئاماژەی بەوەکرد "راستەوخۆ دوای گەیشتنی یاساکە بە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان چەندین لیژنەی پێویست پێکهێنرا بە سەرپەرشتی وەزیری شەهیدان بە مەبەستی سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە دۆسیەی شەهیدان و زیندانییە سیاسییەکان و تاقانەکانی ئەنفال و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی".

 بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی "لە رابردوودا هەنگاوی باش نراوە لەلایەن لیژنەکانی چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان توانراوە مووچەی 13 هەزار و 282 کەس راگیرێت کە بەخێوکەری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانبوون لە رابردوودا، بەمەش بڕی 996 ملیۆن دینار مانگانە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێمی کوردستان".

وتیشی "پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی شەهیدان بەردەوامی هەیە و لیژنەکان بەردەوام لە کاردان بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی یاسای چاکسازی، هەروەها هەر کەسێک بەدەر لە یاسای مووچەی هەبێت مووچەکەی رادەگیرێت و رێکاری یاسایی بەرانبەری دەگیرێتەبەر".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan