کوردستانی

پرۆژەیەک بۆ کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان رادەگەیەندرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


پرۆژەیەک بۆ کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان رادەگەیەندرێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

پارتی سەوزی کوردستان پرۆژەیەک بۆ کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکانی شاری سلێمانی دادەنێت و ئاشکرایدەکات کە نزیکەی 50 هەزار سەگی بێلانە لە سنووری لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە قەزا و ناحیەکانەوە بوونیان هەیە.

ملکۆ بازیانی، سەرۆکی پارتی سەوزی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 24ی ئایاری 2022 وەک پارتی سەوزی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆبینەوە بە مەبەستی پێدانی ئەو پرۆژەیەی ئامادەمانکردووە بۆ کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، هەروەها پرۆژەکەمان پێشکەش بە پارێزگای سلێمانی و سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانیش کردووە".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەم پرۆژەیە بە مەبەستی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکانە بەشێوەیەکی زانستی و دوورخستنەوەیانە لە شوێنێکی دوور لە ناوشار، هەروەها دوای کۆکردنەوەی ئەو سەگانە لەلایەن کەسانی پسپۆڕی ڤێتەنەرییەوە دەرزی هاری و نەزۆکیان لێدەدەین بەبێ ئەوەی زیانیان پێبگات".

بازیانی وتی "پرۆژەکە تەنها سەنتەری سلێمانی ناگرێتەوە، بەڵکو تەواوی قەزا و ناحیەکان دەگرێتەوە ئەگەر حکومەت پشتیوانمان بکات لە دوومانگا بنبڕی دیاردەی سەگی بێلانە دەکەین، چونکە بەپێی ئامارێک کە لامانە نزیکەی 50 هەزار سەگی بێلانە لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە قەزا و ناحیەکانەوە بوونیان هەیە".

لەبارەی هۆکاری زیادبوونی سەگی بێلانە سەرۆکی پارتی سەوزی کوردستان وتی "دوو هۆکار هەیە بۆ زیادبوونی ئەو سەگە بێلانانە، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە لەئێستادا وەرزی زاوزێکردنیانە، هەروەها هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە ئەو سەگانە لەسەر سنوورەکانەوە هاتوونەتە ئەم دیو کێشەکەش تەنها پارێزگای سلێمانی نییە، بەڵکو سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و تەنانەت بەشێک لە پارێزگاکانی عیراقیشی گرتووەتەوە".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan