چاوپێكەوتن

نازەنین قەفتان: یەکێتیمان بە یەکێتی سۆڤیەت ناساند و لە ماڵی ئێمە کۆبوونەوەیان دەکرد

مەودا میدیا - سلێمانی |


 نازەنین قەفتان: یەکێتیمان بە یەکێتی سۆڤیەت ناساند و لە ماڵی ئێمە کۆبوونەوەیان دەکرد
مەودا میدیا-

خانمێکی سەلار و سەنگین، لە خێزانێکی کوردپەروەر و مرۆڤدۆست، جگە لەوەی چالاکوانێکی چەپ و مافەکانی ژنان بووە، هەر لە سەرەتای تەمەنییەوە بیری یەکسانیی کۆمەڵایەتی لە هزریدا چەکەرەی کردووە و لە چەندین قۆناغی ژیانیدا خەباتی لەو پێناوەدا کردووە. لەو کاتانەشدا کە بەهۆی ئەرک و بەرپرسیارێتیی هاوسەرەکەیەوە دەچنە هەندەران، بەتایبەت ئەو ماوەیەی لە لوبنان دەبن، بە هەموو توانایانەوە دەستی هاوکاری بۆ هەر حزب و کەسایەتییەکی کوردپەروەر و مرۆڤدۆست درێژ دەکەن بێ گوێدانە بیرکردنەوەی سیاسی و حزبایەتییان، ماڵەکەیان مۆڵگەی خۆشاردنەوە و حەسانەوەی ئەو کەسانە بووە کە هانایان بۆ بردوون، لە هەر روویەکەوە داوای یارمەتی و هاوکارییان لێ کرابێت، درێغیان نەکردووە و بەدڵسۆزییەوە بەتەنگ داواکەوە چوون.

سەرەتا با بە خۆناساندنت دەست پێ بکەین؟
ناوم (نازەنین)ە، باوکم ناوی (ساڵح قەفتان)ە و دایکم ناوی (سەبری) خانە، لە ساڵی 1935 لە شاری سلێمانی لەدایک بووم.

چەند خوشک و بران؟
پێنج خوشک و سێ برا بووین، خوشکەکانم: فاتمە، منیرە، گوزیدە، بەهار. براکانیشم: فوئاد، سەڵاح، رەئوف. ئێستا تەنیا من و گوزیدە ماوین، ئەوانی دیکە کۆچی دواییان کردووە.

لەو سەردەمەدا زۆرێک لە خێزانەکان گرنگییان بە خوێندن، بەتایبەت بۆ کچان نەدەدا، ئایا لە خێزانەکەی ئێوەدا تێڕوانین بۆ خوێندن لە چ ئاستێکدا بوو؟
لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بوو، باوکم زۆر گرنگیی بە خوێندن دەدا و زۆر پشتگیری دەکردین و هانی دەداین کە بخوێنین. بۆ نموونە؛ فاتمە خانی خوشکم، کە خوشکی گەورەمانە، ئەو کاتەی ئەو دەخوێنێت، لە سلێمانی تەنیا تا پۆلی سێی سەرەتایی هەبووە، لەبەر ئەوە باوکم بۆ تەواوکردنی خوێندن دەینێرێت بۆ موسڵ، لەوێ خوێندن تەواو دەکات و دەگەڕێتەوە سلێمانی و دەبێتە بەڕێوەبەری قوتابخانە. ئەو کاتەی ئەو بڕیارە دەدات بە ناردنی فاتمە خان بۆ موسڵ، زۆرێک لە کەسوکار و هاوڕێکانی پێی دەڵێن کە ئەو کارە نەکات و کچەکەی نەنێرێتە موسڵ تەنیا لەبەر خوێندن، بەڵام باوکم بەقسەیان ناکات و دەینێرێت.

لە چ خوێندنگەیەک دەستت بە خوێندن کرد؟
خوێندنی سەرەتاییم لە خوێندنگەی "صدیقە" بوو.

کەی تێکەڵاوی کار و چالاکیی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوویت؟ 
چوونم بۆ ناو کاروباری سیاسی و چالاکیی کۆمەڵایەتی، هەر لە سەرەتای ژیانمەوە بوو. کاتێک لە سەرەتایی بووم، بەشداریم لە خۆپیشاندانەکاندا دەکرد، ئەوکات هەردوو حزبی شیوعی و پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر بەهێز بوون، هەموو رۆژێک دژی داگیرکاریی بەریتانیا و دەوڵەتی نوری سەعید خۆپیشاندان دەکرا، دەهاتنە بەردەم خوێندنگەکەمان و منیش دەچوومە ناویانەوە و بەشدار دەبووم.

بەڕێزتان وەک چالاکوانێکی بزووتنەوەی مافەکانی ژنان، پێتان وایە ئەو بزووتنەوەیە لە کەیەوە دەستی پێ کردووە؟
پێش ئەوەی من بچمە ناو چالاکیی بزووتنەوەی ژنانەوە، لە عیراقدا بیرۆکەی مافەکانی ژنان پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیبوو، وەک مێژوونووسان باسی دەکەن؛ لە شۆڕشی بیستەوە بزووتنەوەی ژنانی عیراق دەستی پێ کردووە و کەسانی نیشتمانپەروەر، پێشکەوتنخواز، هەڵگرانی بیروباوەڕی مارکسی، کەسایەتی سیاسی، شاعیر، نووسەری کورد و عەرەب بەشدار بوون تێیدا، لە هەمان کاتدا بووبووە هۆی ناکۆکی لەسەر بۆچوونەکان دەربارەی مافەکانی ژن. لەو کاتەشدا هەڵمەتێکی کۆمەڵایەتی، ئابووری و رۆشنبیریی دەستی پێ کرد و بوو بەهۆی هاندانی کچان بۆ چوونە بەر خوێندن، سەرپۆش و پەچە کەم بووەوە، چەندین کۆمەڵەی جیاوازی ژنان دروست بوون.

یەکەم کۆمەڵە کە لەو بوارەدا دروست بوو، چ کۆمەڵەیەک بوو؟
یەکەم کۆمەڵە، کۆمەڵەی (بزووتنەوەی ژنان - النهظة النسائية) بوو، کە لە ساڵی 1923 دروست بوو. گۆڤارێکیان بە ناوی "لیلی" هەبوو. 

ئەى تۆ کەی پەیوەندی بەو بزووتنەوەیەوە کرد و هۆکارەکان چی بوون؟
ئەو کاتەی کە منداڵ بووم، حزبی شیوعی، کە ئەوسا ناوی پارتی ئازادی (حزب التحرر) بوو، هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستان چالاک بوون. من یەکەم هەنگاوم چوومە ناو (انصار السلام)، ئەوسا لە پۆلی چواری ئامادەیی بووم، تەمەنم (15 – 16) ساڵان بوو، لە پۆلدا دادەنیشتم وێنەی کۆتری سپیم دەکێشا و بە نێو خوێندکارەکاندا بڵاوم دەکردەوە. هەروەها لە سەرەتای گەنجێتیمەوە پەیوەندیم بە بزووتنەوەی ژنانی حزبی شیوعییەوە کرد لە شاری سلێمانی. 

زۆر زوو بیرم لە مافەکانی ژنان کردەوە کە تا چەند بێبەشن لە مافەکانیان، تەنانەت لە مافە سەرەتاییەکانیشیان و دەبێت ژن خۆی هەوڵ بدات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی. پێم وایە ئێمەی ژنان لە هەموو روویەکەوە هیچمان کەمتر نییە لە پیاوان. 

جگە لەو پاڵنەرە گشتییانەی کە باست کردن، هیچ پاڵنەرێکی تایبەتی و خێزانی هەبوو کە وا لە تۆ بکەن ئەو رێگەیە هەڵبژێریت بۆ چالاکی و کارکردن؟
من خۆم لە ناو خێزانێکی کوردپەروەردا گەورە بووم؛ باوکم، براکانم و خوشکە گەورەکانم زۆر کوردپەروەر و نەتەوەیی بوون، بەڵام من رێگەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیم هەڵبژارد، کە کورد و کوردستان و عیراق پەیڕەوی بکەن، چونکە بیرکردنەوەکانم بەرەو لای چەپ و حزبی شیوعی رۆیشتبوو. لە ناو سلێمانیدا رێژەی هەژاریی زۆر بوو، لە ماڵی ئێمە زۆر ژن بۆ بژێوی بە نانەسک کاریان دەکرد، یان ئامادە بوون کار بکەن، ئەو دیاردانە زۆر کاریگەری لەسەر بۆچوون و بیرکردنەوەم هەبوو، هانی ئەو ژنانەشم دەدا بۆ بیرکردنەوە لە مافەکانیان. دروشمەکانی حزبی شیوعی گوزارشتی لە بۆچوونەکانی من دەکرد کە زۆربەیان داوای دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بوو. 

هەروەها بەهۆی نزیکیم لە زەکیە خانی هاوسەری مستەفا خۆشناو، کە ئەویش چەپ بوو، کاریگەریی بەسەرمەوە هەبوو. ئەمە جگە لە بەشێک لە گەنجانی دراوسێمان، وەک کوڕەکانی نوری بەگ، کە لەو خۆپیشاندانانەدا بەشدار دەبوون کە پێشتر باسم کرد. 

چ کاتێک چوویتە ناو حزبی شیوعییەوە؟
دوای ئەنسارولسەلام، چوومە ناو قوتابیان و زۆر چالاک بووم، بوو بەهۆی ئەوەی زۆر زیاتر لە حزبی شیوعی نزیک بوومەوە، بەڵام تەنیا لایەنگر بووم، نەک ئەندام. چالاکییەکانم زیاتر بۆ ژنان بوو، کەوتمە هاندانیان و هێنانیان بۆ ناو حزب، کۆبوونەوەی زۆرم پێ دەکردن. پەیوەندییەکانم زۆر فراوان بووبوو لەگەڵ زۆرێک لە خانمانی ناو حزب.

لە خێزانەکەتاندا کێی تر وەک تۆ بیری دەکردەوە، چونکە وەک ئاشکرایە زۆرێک لە خێزانەکەتان بەتایبەت ئەوانەی لە تۆ گەورەترن، ئەندامی کارای پارتیبوون؟
لە ناو خێزانەکەشماندا ئەوانەی لە من منداڵتر بوون، وەک من بیریان دەکردەوە جیاواز لە گەورەکان. ئەوانەی کە باسی دەکەم لە کۆتایی چلەکان و سەرەتای پەنجاکان بوو.

جگە لە حزبی شیوعی و پارتی، هیچ رێکخراوێکی کارای تر هەبوو کار بکات بۆ مافەکانی ژنان؟
لە ساڵی 1952، رێکخراوی (رابطة الدفاع عن حقوق المرأة العراقیة) لەلایەن ژنە دیموکراتخوازەکانی عیراقەوە بە هەموو پێکهاتەکانەوە، بە نهێنی دامەزرا. زۆر زوو توانییان ژنان کۆبکەنەوە و هاوکاری بگەیەننە خێزان، ژن و منداڵ بە کۆمەڵێک پرۆژەی جوان. رۆڵێکی بەرچاویان بینی لە یارمەتیدانیان. لە ساڵی 1959ش پرۆژەیاسای باری کەسێتییان داڕشت و خستیانە بەردەم حکومەت. هەروەها گۆڤارێکیان دەردەکرد بە ناوی (المرأة) بە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی.

ئەو رێکخراوە لەلایەن کێوە دامەزراوە؟
دامەزرێنەرە دیارەکانی بریتیبوون لە: مەلیحە زوهدی، زەکیە بابان، منیرە رەشید، زەکیە خۆشناو.

جگە لەو رێکخراوە عیراقییە، هیچ رێکخراوێکی ژنانی تایبەت بە کوردستان هەبوو؟
هەر لە ساڵی 1958 دوای شۆڕشی 14ی تەمووز، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی ئافرەتانی کوردستانی دامەزراند و بەشێوەیەکی ئاشکرا کاریان دەکرد. ئێمە لە ماڵی نەعیمە خانی خوشکی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد کۆبوونەوەمان هەبوو، ئەم خاتوونانە ئامادە بوون: (ئەنجوم زوهدی، گەلاوێژ مەحمود، منیرە قەفتان، جوان ئەحمەد، درەخشان حەفید و من). هەر لەو کاتەدا رووناک زوهدی هات و بڕیارەکەی پارتی دیموکراتی کوردستانی پێ راگەیاندین، من زۆر دژی بیرۆکەکە بووم و وتم: "رابیتەی ژنانی عیراقی هەیە و زۆر چالاکن لەناو ژناندا، ئەندامیان زۆرە و پرۆژەی باشیان کردووەتەوە، پێویست ناکات دووبەرەکی هەبێت، با یەک رێکخراو هەبێت باشە." لە راستیدا زۆرێک لە ئامادەبووان لەگەڵ بۆچوونەکەی من بوون. درەخشان حەفید وتی: "من هاوڕاتم"، بەڵام منیرە قەفتان بە توندی وتی: "دەبێت رێکخراو بۆ ژنانی کوردستان بکرێتەوە، ئەگەرنا من وازدەهێنم." ئەوەبوو رۆژی دواتر کە دەکاتە 19ی تەمووزی 1958، بە ناوی سکرتاریەتی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستانەوە بروسکەی پیرۆزباییان بۆ عەبدولکەریم قاسم لێ دا و هەموویان واژوویان لەسەر کردبوو تەنیا من نەبێت.

لە چ خوێندنگەیەک ئامادەییت تەواو کرد و دواتر چوویتە چ زانکۆیەک؟
لە ئامادەیی سلێمانی، ئەوکات هەر یەک ئامادەیی هەبوو لە سلێمانی، پۆلی پێنجم تەواو کرد، لە بەغدا لە کۆلێجی پەروەردە بەشی مێژوو وەرگیرام.

کاتێک بۆ خوێندن چوویتە بەغدا، لەوێش بەردەوام بوویت لەسەر چالاکییەکانت؟
ساڵی 1958 دوای شۆڕشی تەمووز، من لە بەغدا بووم و بووم بە ئەندام لە حزبی شیوعی. لە کۆلێج چالاکیی زۆرم هەبوو، ئەوکات حزبی شیوعی زۆر بەهێز بوو و یەکێک لە ئەندامە ژنەکانی (نەزیهە دلێمی)، بوو بە وەزیر لە حکومەتی عیراقی، کە بە یەکەم ژنەوەزیر دادەنرێت لە مێژووی عیراقدا.

دوای تەواوکردنی زانکۆ چیتکرد؟
دوای دەرچوونم لە زانکۆ، لە شاری سلێمانی دامەزرام و بووم بە مامۆستا لە ئامادەیی. وانەی مێژووم بە پۆلەکانی یەک، چوار و پێنج دەوتەوە لە ساڵانی (1959 – 1962). دوای ئەوە بەهۆی هاوسەرگیرییەوە چوومەوە بەغدا.

لەگەڵ کێ هاوسەرگیریت کرد؟
لەگەڵ مستەفا جاف، ئەوسا لە بەغدا کاری دەکرد.

کاری چی دەکرد؟
ئەندازیاری بیناسازی بوو. بڕوانامەی ماستەری لە بواری (تخطیط المدن) لە ئەمەریکا وەرگرتبوو، لەسەر ئاستی عیراق دووەم کەس و لە کوردیشدا یەکەم کەسە کە ئەو بڕوانامەیەی هەبێت، ئەمەش لە سەندیکای ئەندازیاران پشتڕاست کراوەتەوە.

هەڵبەت کاک مستەفا کەسایەتییەکی ناسراو و دیاری کوردە، بەڵام پێم خۆش بوو لە زمانی خۆتەوە زانیارییەکان تۆمار بکرێن... باشە کاک مستەفا بۆچوونی چۆن بوو لەسەر کارکردنت لە حزبی شیوعی و رێکخراوی ژناندا؟
مستەفا، پیاوێکی رۆشنبیر بوو، هەر بۆیە منیش ئازادیی تەواوم هەبوو تا بتوانم بەردەوامبم لە خەباتی خۆم، هەر بۆیە بەردەوام بووم لە کارکردن لەناو حزب و رابیتەدا.

تا کەی لە بەغدا مانەوە؟
تا ساڵی 1964، دوای ئەوەی مستەفا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزرا و شوێنی کارەکەی لە بەیروتی پایتەختی لوبنان بوو.

کاتێک چوونە لوبنان، بەهۆی دوورکەوتنەوەتان و کاری کاک مستەفاوە دانەبڕان لە خەبات و چالاکیی سیاسی و کۆمەڵایەتی؟
نەخێر بە پێچەوانەوە، کاتێک لە بەیروت نیشتەجێ بووین، بەهۆی کاری مستەفاوە توانیمان زۆر نزیک بینەوە لە سیاسییەکان، نووسەر، رۆشنبیرەکان و زۆر لە حزبەکان، بەتایبەتی فەلەستینییەکان و حزبی شیوعی لوبنانی. مستەفا زۆر دۆستی یاسر عەرەفات بوو، هەروەها دۆستی گرووپەکەی جۆرج حەبەش بوو، پەیوەندیمان لەگەڵ حزبی بەعسی لوبنانییش هەبوو، ئەمە جگە لەوەی ماڵەکەمان کراوەبوو بۆ هەموو حزب و کەسایەتییە سیاسییەکانی عیراق بە کورد و عەرەبەوە، بەتایبەتی ئەوانەی کە ئاوارە بوون بەهۆی سیاسەتەوە و لە عیراق دەرچوو بوون. هاوڕێیەتیمان لەگەڵ کوردەکانی سوریا، لوبنان و ئوردنیش پەیدا کردبوو و بەپێی توانا یارمەتیمان دەدان.

ئەوەندەی من بزانم، زۆر یارمەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشتان داوە؟
بەڵێ، ئەو کاتەی لە بەیروت بووین، یەکێتیی نیشتمانی لە سوریا دامەزرا، ئێمەش بەپێی توانا لە دامەزراندنەکەیدا یارمەتیمان دان.

زیاتر لە چ روویەکەوە یارمەتیی یەکێتیدان دەدا؟
زیاتر لە رووی چاپکردنی بڵاوکراوەکانیان و ناساندنیان بە حزبە فەلەستینییەکان. برادەرانی یەکێتی دەهاتن بۆ لامان نووسراوەکانیان دەهێنا بۆیان چاپ بکەین، مستەفاش دەیبردن بۆ چاپخانەی حەبەش و بۆ لای حزبەکان بۆیان چاپ بکەن. جگە لەمانەش، لە ماڵەکەی خۆماندا ژوورێکمان بۆ تەرخان کردبوون، هەر کاتێک شوێنەکانی خۆیان ئاشکرا ببوایە، لە ترسی رژێم و باڵیۆزخانەی عیراقی، کەلوپەلەکانیان دەهێنا بۆ لای ئێمە و دەمانەوە تا شوێنێکی باشتریان دەدۆزییەوە.

هەروەها یەکێتیمان بە یەکێتی سۆڤیەت ناساند و لە ماڵی ئێمە کۆبوونەوەیان دەکرد. لەگەڵ ئەمانەش، میدیاکاران، دیپلۆماتکاران و هەر حزبێک خۆمان بمانناسینایە، بەوانیشمان دەناساندن.

جگە لەو بوارانەی باست کردن، لە بواری تردا داوای هاوکارییان لێدەکردن؟
بەڵێ، داوای سەیر سەیریان لێ دەکردین. بۆ نموونە؛ جارێکیان چەند بەرپرسێک داوایان لێ کردین بیانبەین بۆ لای فەیروزی گۆرانیبێژ و برایانی رەحبانی، ئێمەش بردمانن بۆ لایان.

پەیوەندیتان لەگەڵ مام جەلال و هێرۆ خان چۆن بوو؟
پەیوەندیمان لەگەڵ مام جەلال و هێرۆ خان زۆر بەهێز بوو، بووبووین بە هاوڕێی نزیک. خودی خۆم زۆر کارم بۆ ئەنجام دەدان.

دەتوانیت هەندێک لەو کارانەم بۆ باس بکەیت؟
بۆ نموونە؛ جارێکیان هێرۆ خان تەلەفۆنی بۆ کردم وتی: "نازە خان! باری ئابووریمان خراپە، دوو فەرشت بۆ دەنێرم بۆم بفرۆشە." منیش خێرا بۆم ئەنجام دا. جارێکی تر تەلەفۆنی کرد وتی: "هەندێک ماڵ لە شاخەوە هاتوون پێویستمان بە هاوکاریی جلوبەرگ و پێداویستی هەیە." کەوتمە کۆمەک کۆکردنەوە و بۆم ناردن. هەروەها چەندین کاری ترى لەو جۆرە. زۆربەی کات لە لامان بوون و بەیەکەوە زۆر گونجاو و دڵخۆش بووین.

جگە لە کورد، هیچ کەسایەتییەکی دیکە دەهاتنە لاتان؟
جگە لە کورد، کەسایەتییە عەرەبییەکانیش دەهاتنە لامان، وەک: عەزیز ئەلحاج، ئیبراهیم عەلاوی و موزەفەر نواب... لە ماڵی ئێمە دەمانەوە، چونکە ئەوانیش لە سوریا دەربەدەر کرابوون. 

لە وڵاتێکی بێگانە چۆن دەتوانیت بەو شێوەیە هاوکاریی ئەو هەموو کەسایەتی و لایەنە بکەن؟
زیاتر بەهۆی پێگەی مستەفا و حزبی شیوعی لوبنانەوە دەمانتوانی ئەو هاوکاری و پەیوەندییانە بکەین، هەرچی لەدەستمان بهاتایە کەمتەرخەمیمان نەدەکرد.

ئەى هیچ هاوکارییەکی شۆڕشی کوردستان دەکرد؟
بەڵێ، بۆ نموونە؛ لە کاتی شەڕی ناوخۆی لوبنان، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرگی گوللەبەندیان بۆ دەناردین، ئێمەش کۆمان دەکردنەوە و دەماننارد بۆ شۆڕش.

هەروەها ئەو کاتەی بەهۆی شەڕی ناوخۆی لوبنانەوە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نووسینگەکەیان بۆ ئوردن گواستەوە، هەندێک کەس هەبوون هەواڵی شۆڕشیان دەهێنا و لە ئوتێل دەمانشاردنەوە. هەندێک ئەندامی یەکێتی هەبوو دەهاتن بۆ لاى مام جەلال کە لە ماڵی ئێمە چاوەڕێی دەکردن و یەکتریان دەبینی، بەو هۆیەوە ئێمەش زۆر کەسمان ناسی.

ماوەی چەند لە بەیروت مانەوە؟
18 ساڵ، لە (1964 – 1983) لە بەیروت ماینەوە. ئەوەبوو لەو سەردەمەدا هێزەکانی ئیسرائیل هاتنە ناو لوبنان و بوو بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕ، ئیتر ئێمەیان گواستەوە بۆ سەنعای پایتەختی یەمەن، هەتا ئەو کاتە و لە کاتەکانی شەڕی ناوخۆی لوبنانیشدا، بەهۆی ئەوەی مستەفا بەرپرسی ئاسایشی کونسوڵخانە و ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، نەیدەتوانی بەیروت جێ بهێڵێت، بۆیە زۆر جار من و منداڵەکانیان لە بەیروت دەگواستەوە بۆ ئەوروپا تا کەمێک شەڕ هێور دەبووەوە، لەو کاتانەدا مستەفا بەتەنیا لە بەیروت دەمایەوە. ئەو کاتانەش کە چووین بۆ عەمان، یان بەهۆی شەڕەوە دەچووینە ناوچەیەکی ئارامتر، شووقەکەمان دەدا بە حزبی شیوعی لوبنانی، یان بە کوردانی لای خۆمان.

ئەى لە سەنعا زۆر مانەوە؟
نەخێر، تەنیا یەک ساڵ لە (1983 – 1984) لەوێ ماینەوە. سەنعا شارێکی زۆر جوان بوو لە رووی هونەری بیناسازییەوە، دەتوت لەناو مێژوودا دەژین، ماڵەکان بە رێگەیەکی ناوازە دروست کرابوون، بازاڕێکی زۆر کۆنی جوانی بەناوبانگی لێیە، کە ناوی (مەلیح)ە بوو، واتا جوانی. کەلوپەلی زیو و بەردی شیلانە و چەندین بەردی تری بەنرخی لێ بوو، سەدان جۆر بەهاراتی لێ بوو، بازاڕێکی جیاواز بوو. دوکاندارەکان لە دوای نیوەڕۆوە دەستیان دەکرد بە (قات) خواردن. دوکانەکان ژووری زۆر بچووکیان بۆ ئەو مەبەستە تێدا بوو، بۆ خواردن و جووینی قات.


بەهۆی ژیان و گواستنەوەتان لە نێوان وڵاتان، دەبێت ئەزموونێکی زۆرتان وەرگرتبێت، بەتایبەت لە ژیان و کولتووری ئەو گەلانە؟
بەڵێ وایە، ئەزموونێکی زۆرم لێ وەرگرتوون. بۆ نموونە؛ لە سەنعا شتی سەیر پەیڕەو دەکرا، ئێمە خانوویەکمان بە کرێ گرتبوو، رۆژێکیان لە دەرەوە بووم، کاتێک گەڕامەوە، سەیرم کرد ماڵەکەمان پڕە لە خەڵک، لە باخەوانەکەم پرسی ئەوە چییە و چی روویداوە؟ وتی: "خاوەنی خانووەکەتان لە قاهیرە مردووە، وەسێتی کردووە لەژێر درەختی بەهێی حەوشەی ماڵەکەی بینێژن، وا ئێمەش هاتووین ئەو کارە بکەین."

دوای سەنعا چوونە کوێ؟
پاش ساڵێک مانەوەمان لە سەنعا، گواستراینەوە بۆ کامپالای پایتەختی ئۆگەندا.

لەوێ چەند مانەوە؟
پێنج ساڵ، لە (1984 – 1989) لە ئۆگەندا ماینەوە.

ئەو هەموو گواستنەوە و هاتوچۆیە ناچاری بوو، یاخود رای تۆش وەردەگیرا؟
پێش ئەوەی بگوێزینەوە، مستەفا لێی پرسیم: بڕۆین بۆ ئۆگەندا یان نا؟ منیش وتم با بڕۆین باشترە لەو بێکارییەمان، ئاشنای ئەفریقاش دەبین و ئەزموونێکی تر پەیدا دەکەین. سەرەتا وتیان بۆ دوو ساڵە، بەڵام پێنج ساڵ ماینەوە.

پێم وایە ئەو سەردەمە ئۆگەنداش شەڕ و ئاژاوەی زۆری تێدا بوو؟
راستە، ئەو کاتە ئۆگەندا تازە لەژێر دەسەڵاتی عیدی ئەمین نەمابوو، لە نێوان تەنزانیا و ئۆگەندا شەڕی ئەهلیی هەبوو. لە هەموو روویەکەوە دۆخی ئۆگەندا زۆر خراپ بوو؛ هەم سەرۆکی نەبوو، هەمیش تازە لە شەڕی ناوخۆ کە بە شەڕی (لۆیرۆ) ناسرابوو، تەواو بووبوون و لایەنگرانی عیدی ئەمین، یان رایان کردبوو، یان کوژرابوون. کامپالای پایتەخت وێران بووبوو، کە ئێمە گەیشتین، ئەفسەرێک بە پلەی عەقید کرابوو بە بەرپرسی پۆلیسی ئۆگەندا، هەروەها کەسێکیشیان هێنا کە ئاوارەی سوید بووبوو، گەنج و خوێندەوار بوو، ناوی (یوری موسیفینی) بوو، کردیان بە سەرۆکی حکومەت. ئاوارەکانیش کە لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن بوون و دژی سیاسەت و حوکمڕانیی عیدی ئەمین بوون، بەشێکیان گەڕانەوە بۆ بەشداریکردن لە حکومەت و دەسەڵاتدا. 


بەو پێیەی کە تۆ ئەو ماوەیە لەوێ بوویت، پێتوایە بنەمای کێشەکانیان بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
لە سەدا سی گەلی ئۆگەندی، بە رەچەڵەک هیندین، ئەو کاتەی ئۆگەندا لەژێر دەسەڵاتی ئینگلیزدا بووە، هێناونی. بازاڕ و بازرگانییان بەدەستەوە بوو، باری ئابوورییان زۆر باش بوو، بەڵام خەڵکی رەسەنی ئۆگەندی لە لادێکان و دەوروبەری شارەکاندا دەژیان. لە سەردەمی ئینگلیزدا بۆیان نەبووە بێنە ناو کامپالا و دەسەڵاتیش بەدەست ئینگلیز و هیندییەکانەوە بووە.

کە ئیدی ئەمین دژی ئینگلیز شۆڕشی کرد، قۆرخکردنی بازاڕی لە دەستی هیندییەکان دەرهێنا، هەر بۆیە وڵاتە رۆژئاواییەکان و هیندییەکان پڕوپاگەندەی خراپیان دژی ئیدی ئەمین دەکرد، هەرچەندە خۆشی توندوتیژیی لە دەسەڵاتدا بەکار دەهێنا، بۆیە رووخاندیان.

دوای ئەوەی ئێوە چوونە ئەوێ، بارودۆخ چۆن گوزەرا؟
لەگەڵ گەیشتنی ئێمە، کونسوڵخانەکان کرانەوە و کونسوڵەکان گەڕانەوە، هەروەها بەشێک لە هیندییەکان گەڕانەوە سەر موڵک و ماڵیان. خەڵکی شارەکەش وردە وردە دۆخیان باشتر بوو بەهۆی ئەوەی حکومەتی نوێ لە خۆیان بوو.

بەرپرسیارێتی کاک مستەفا چی بوو لەوێ؟
لە پاڵ کارەکەی خۆی، کە سەرۆکی ئەنجومەنی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، بوو بە سەرۆکی ئاسایش و ئەفسەرە ئینگلیزەکە چووە ژێر دەسەڵاتی ئەوەوە، واتا پاراستنی ئاسایش و پارێزگاریی لە کونسوڵخانەکان لە ئەستۆیدا بوو، هەر بەو هۆیەشەوە بوون بە هاوڕێمان.

ئەى تۆ لەوێ هیچ کار و چالاکییەکت هەبوو؟
منیش چوومە ناو دەزگای ژنانی نێونەتەوەییەوە (International Women’s Organiztion)، کە هاوسەری کونسوڵی بەریتانی سەرۆکی بوو و منیش ئەندام بووم، لەگەڵ هاوسەری هەندێک کونسوڵ و چەند ژنێکی ئۆگەندی.

ئەو دەزگایە چ کارێکی دەکرد؟
ئەو دەزگایە خزمەتێکی زۆری نەخۆشخانەکان و خوێندنگەکانی دەکرد. هەروەها مستەفاش خزمەتێکی زۆری زانکۆکان و مۆزەخانەی کامپالای دەکرد. بەهۆی کارەکەی مستەفاوە هاوڕێی زۆرمان لە کامپالاییەکان و گرووپی حکومەت، بەتایبەتیش وەزیری ناوخۆ پەیدا کردبوو.

حەز دەکەم هەندێک باسی گەلی ئۆگەندیم بۆ بکەیت لە رووی ژیان و کولتووریانەوە...
ئەوەى بە لای ئێمەوە نامۆیە؛ لەوێ مەرج نییە هەردوو رەگەزی نێر و مێ گرێبەست لە نێوانیاندا هەبێت کاتێک بەیەکەوە ژیانی هاوسەری دەژین، واتا مارەبڕین پێویست نییە. هەر ژنێک بیەوێت منداڵ دروست بکات، دەتوانێت بڕیار بدات لەگەڵ هەر کەسێک بیەوێت ئەوە بکات، ژنەکەش بەرپرسە لە بەخێوکردنی منداڵەکە.

لەو رووەوە نموونەی زۆرم لایە؛ لەوانە: دراوسێیەکمان هەبوو باری ئابوورییان زۆر باش بوو، کچەکەی بڕیاری دا شوو بکات بە وەزیری ناوخۆ، دایکی هەواڵەکەی پێ دام، کە بەبێ هیچ جۆرە رەسمیاتێک و هیچ جۆرە کێشەیەک داویەتی بە شوو، دایکی وتی: "پاتریسپای کچم شووی کرد بە وەزیری ناوخۆ، حەز دەکەم لاى ماڵەوە ژوورێکیان بۆ بکەم."

رۆژێکی تر، دراوسێیەکمان هات بۆ لام، ناوی دیداس بوو، وتی: "بانگهێشتت دەکەم بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری کچەکەم." منیش وتم: "دیداس، کچەکەت چوار منداڵی هەیە." وتی: "ئێستا بڕیاریان داوە هاوسەرگیری بکەن و مارە ببڕدرێت."

هەروەها نەریتێکی تری سەیریان هەبوو، کاتێک ژنان لە بازاڕەکان دادەنیشتن، زۆربەی جار تەنیا تەنوورەیان لەبەر بوو، لە سەرەوە رووت بوون و زۆر ئاساییش بوو بەلایانەوە.

کامپالا لە رووی هەڵکەوتە و کەشەوە شارێکی چۆنە؟
کامپالا زۆر خۆشە و سروشتەکەی زۆر جوانە، دەریاچەی زۆری تێدایە، لەوانە: دەریاچەی (ڤیکتۆریا)، کە گەورەترین دەریاچەی ئەفریقایە و یەکێکە لە گەورەترین دەریاچەکانی دنیاش. پلەی گەرمیی لە هەموو وەرزەکاندا لە نێوان (24 – 31) پلەی سیلیزییە، لە کریسمسدا لە باخ دادەنیشتین. 60 ناوچەی پارێزراوی ژینگەیی لێیە.

ئەمە رووە جوانەکەی، ئەی سەبارەت بە کێشە و کەموکوڕییەکان چ شتێک زۆر سەرنجی رادەکێشایت؟
 دیارترین کێشەی ئەو وڵاتە ئەوەبوو پزیشکمان نەبوو، بۆیە بۆ چارەسەر و دەرمان دەچووین بۆ کینیا.

لە رووی خواردنەکانەوە چ خواردنێک دڵخوازیان بوو؟
میوەی جۆراوجۆری بەتامیان هەبوو، بەڵام ئاژەڵیان نەبوو، بۆیە گۆشتیان لە دەرەوە هاوردە دەکرد. هەروەها نان زۆر کەم بوو، خەڵکەکە خۆشیان نانخۆر نەبوون، بەڵکوو گەنمەشامییان دەکرد بە هەویر و هەر بە هەویری دەیانخوار و پێیان دەوت: یوشو.

ئەى لە رووی کۆمەڵایەتییەوە، ئاستی بژێویان چۆن بوو؟
هەموویان بەیەکەوە لە یەک ژووردا دەژیان، کرێکار و ئیشکەرەکانی ناوماڵ بە مووچەی زۆر کەم رازی دەبوون، (5 – 6) دۆلاریان لە مانگێکدا وەردەگرت.

لە رووی ئەمنییەوە دۆخەکە سەقامگیر نەبوو، دزیان زۆر بوو، ئێمە بەردەوام دوو پۆلیس پارێزگارییان لێ دەکردین.

وتت تا ساڵی 1989 لەوێ بوون، دوای ئەوە چوونە کوێ؟
لە ساڵی 1989 مستەفا وازی لە کارەکەی هێنا، ئۆگەندا دوایین وێستگەی کارەکەی بوو. دوای ئەوە لەوێوە رۆیشتین بۆ قوبرس، لەوێ لە شاری (لیماسۆل) نیشتەجێ بووین و پێنج ساڵ ماینەوە، پاشان هاتین بۆ لەندەن بۆ ئەوەی منداڵەکان بچن بۆ زانکۆ و تا ئێستاش لەوێ ماوینەتەوە.

چەند منداڵتان هەیە؟
دوو منداڵ، کوڕێک و کچێک. عومەر لە ساڵی 1979 لەدایک بووە، لەیلاش لە ساڵی 1981، هەردووکیان لە بەیروت لەدایک بوون. عومەر لە بوار کۆمپیوتەر بڕوانامەی هەیە و لەیلاش لە بواری یاسا.

پێشتریش هەر لەگەڵتان بوون لە ئۆگەندا؟
نەخێر، ئەو کاتەی لە ئۆگەندا بووین، ئەوانم لە قوبرس خستبووە بەر خوێندن، بەو هۆیەوە بەردەوام هاتوچۆم دەکرد لە نێوان ئۆگەندا و قوبرسدا.

کاک مستەفا کەی کۆچی دواییکرد؟
لە ساڵی (2000) دوو جار بەسەر یەکەوە جەڵتە لێی دا، هەر بەو هۆیەشەوە کۆچی دواییکرد.

*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.

 س.ر
Qaiwan
Qaiwan