کوردستانی

قوباد تاڵەبانی: خوێنی کەس لە کەسی تر سورتر نییە

مەودا میدیا - سلێمانی |


قوباد تاڵەبانی: خوێنی کەس لە کەسی تر سورتر نییە
مەودا میدیا-

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بۆردوومانەکەی گوندی پەرەخ و گیان لەدەستدانی نۆ هاوڵاتیی عیراقی دەڵێت، حکومەتی عیراق بۆچی بۆ شەهیدبوونی زیاتر لە 100 هاوڵاتیی کورد لە بۆردومانەکانی تورکیا هیچ هەڵوێستێکی جدیی نەبوو؟ ئەگەر پێشتر هەڵوێستی هەبووایە ئێستا ئەم کارەساتە دووبارە نەدەبووەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە "تاوانەکە بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان واتایەکی دیکەشی هەبوو، هاوڵاتییانی کوردستان دووجار ویژدانیان هەژا، جارێکیان وەک هەر مرۆڤێکی خاوەن ویژدان، وەک هەر هاوڵاتییەکی دیکەی عیراق خەمبار و دڵگران بوون بەو رووداوە دڵتەزێنە و شەهیدبوونی نۆ هاوڵاتیی مەدەنی، جارەکەی دیکەشیان وەک کوردێکی بێکەس و بێ پشتووپەنا، کە بەردەوام قوربانین و کەس هاواریان نابیستێت!”.

دەقی نووسینەکەی قوباد تاڵەبانی:

لە گەرمای تەمموزی بەغدا و باشوورەوە هاتبوون تا جەستەی خۆیان بدەنە بەر فێنکایی تاڤگە و شنەبای سەیرانگە و هاوینەهەوارەکانی کوردستان، کەچی بە داخەوە جەستەی خوێناویی بێ گیانیان رادەستی کەسوکار و خانەوادەکانیان کرایەوە.

تاوانە گەورەکەی سەیرانگەی پەرەخ ویژدانی هەموو هاوڵاتییانی عیراقی هەر لە دهۆک و هەولێر و سلێمانییەوە هەتا بەغدا، نەجەف و بەسرەی هەژاند و هەموولایەکی تازیەبارکرد. ئێستا نەک هەر خانەوادەکانیان، بەڵکو هەموو عیراق خاوەن پرسەی نۆ شەهیدەکەی سەیرانگەی پەرەخن.

تاوانەکە بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان واتایەکی دیکەشی هەبوو، هاوڵاتییانی کوردستان دووجار ویژدانیان هەژا. جارێکیان وەک هەر مرۆڤێکی خاوەن ویژدان، وەک هەر هاوڵاتییەکی دیکەی عیراق خەمبار و دڵگران بوون بەو رووداوە دڵتەزێنە و شەهیدبوونی نۆ هاوڵاتی مەدەنی. جارەکەی دیکەشیان وەک کوردێکی بێکەس و بێ پشتوپەنا، کە بەردەوام قوربانین و کەس هاواریان نابیستێت!

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا سەرووی 100 هاوڵاتی مەدەنی هەرێمی کوردستان بەهۆی بۆردومانە بەردەوامەکانەوە شەهید بوون، بۆ حکومەتی فیدراڵ جارێک هەڵوێستێکی جدی نەبوو؟

ئێمە خۆشحاڵین و جێی پێزانینە کە ئەمجارەیان حکومەتی فیدراڵ و پەرلەمان و لایەنە عیراقییەکان بە گشتی و تەنانەت کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش هەڵوێستی شیاو و گونجاویان هەبوو، بەڵام جێی خۆشییەتی وەبیریان بهێنێنەوە کە ئێمە لە رابردوودا بە دەیانجار داوای هەڵوێستی جدیمان لێکردن لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سەرەوەری خاکی عیراق، کەچی بە داخەوە تەنها یەک دوو جار نەبێت کە بە ئیدانەکردنێکی سەرپێیی لەکۆڵ خۆیان کردەوە.

ئەگەر پێشتر هەڵوێستی جدی هەبوایە، رەنگ بوو کارەساتی بەر لە چەند رۆژی رابردوومان نەدیبایە، گەنجێکی جوان لە مانگی هەنگوینیی خۆیدا شەهید نەبوایە، لاشەی بێ گیانی منداڵێکمان بەفرۆکە رەوانەی بەغدا نەکردایە!

من دەڵێم خوێنی کەس لە کەسی تر سورتر نییە!

ئەگەر حکومەتی فیدراڵ لە ساڵی 2011دا هەڵوێستی هەبووایە بەرانبەر تاوانی شەهیدکردنی سۆلین شەماڵ حسێنی منداڵ و شەش ئەندامی دیکەی خانەوادەکەی لە چیای کورتەک، ئەگەر حکومەتی فیدراڵ لە ساڵی 2015دا هەڵوێستی هەبووایە بەرامبەر شەهیدکردنی هەشت هاوڵاتی مەدەنی گوندی زارگەلی، ئەگەر هەڵوێستی هەبووایە بەرامبەر بە شەهیدکرانی دەیان هاوڵاتی مەدەنی دیکە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، ئەستەم بوو ئەم رۆژانە تاوانەکەی سەیرانگای پەرەخ روویدابایە.

بەپێی دەستور پاراستنی سەرەوەری عیراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە ئەرکی حکومەتی فیدراڵە، هەربۆیە چ وەک حکومەتی هەرێم و چ وەک هاوڵاتییانی کوردستان چاوەڕوانیمان لە حکومەتی فیدراڵ و دامەزراوە فیدراڵییەکان ئەوەیە بێ هیچ فەرق و جیاوازییەک بەرانبەر هەر پێشێلکارییەکی سەرەوەری عیراق ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن.

داواکارم و کار بۆ ئەوە دەکەم ئەم رووداوە کارەساتاوییە تەبایی بێنێتە نێو لایەنە سیاسییەکانی عیراق و لەیەکیان نزیکبکاتەوە و وایان لێبکات دڵۆپێک خوێنی هاوڵاتییەکمان لە هەموو شتێکی تر پێ گرنگتر بێت. حکومەتێک دەتوانێت ژیانی هاوڵاتیان و سەرەوەری خاکەکەی بپارێزێت کە بتوانێت لەناوخۆدا کۆک و تەبابێت و جێی متمانەی هاوڵاتییانی بێت.

دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی گوندی پەرەخ و سەرجەم شەهیدانی بۆردومانەکانی ساڵانی رابردوو.

ر. ئ
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ژنان لە شوێنی کاردا

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

شەهید لەیلا قاسم؛ بووكی كوردستان

لەلایەن زوڵفان غەریب


News

نەسرین قاسملۆ؛ تەوارێکی کوردپەروەر

لەلایەن زوڵفان غەریب