کوردستانی

دوو گروپی تیرۆریستی لە سلێمانی دەستگیرکران

مەودا میدیا - سلێمانی |


دوو گروپی تیرۆریستی لە سلێمانی دەستگیرکران
مەودا میدیا-

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی ئاشکرایکرد ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی دەزگای ئاسایشی ھەرێم، شکست بە پیلانی دوو گروپی تیرۆریستی دەهێنن.

لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشی سلێمانی هاتووە "ئەندامانی ئەو دوو گروپەش  دەستگیردەکرێن  کە  مەرامیان بوو کردەوەی تیرۆریستی لە هەولێر ئەنجام بدەن  و پیلانی  تیرۆرکردنی چەند کەسایەتیەکیشیان داڕشتبوو، بەگوێرەی دانپێدانانی دەستگیرکراوەکان پیلانیان دانابوو  ھەولێر و سلێمانی و ھەڵەبجەو گەرمیان بکەنە ئامانجی کردەوەکانیان. 

ئەوەشخراوەتەڕوو "بەپشت بەستن بە زانیارییە ھەواڵگیرییەکان ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی بەڵگەی دروست و پشتراستکراوەی دەستکەوت لە سەر هەردوو گروپە تیرۆریستییەکە لە ھەرێمی کوردستان کە لەڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە کەوتوونەتە ژێرکاریگەری فکری تیرۆریستی داعش و بە دوو ئاڕاستەی جیاواز پیلانیان دانابوو مەرامەکانیان جێبەجێبکەن" .

ئەوەش هاتووە "پاش لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی ورد، سەرەداو ئاشکرابوو ، شوێن و جێگاو جوڵەی تۆمەتباران دەستنیشانکران و خرانە ژێرچاودێری وردەوە، دوای رەزامەندی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە بەبڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی / ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی دەزگای ئاسایشی ھەرێم لەچەند ئۆپراسیۆن و ھەڵمەتێکی سەرکەوتووی جیاجیادا  ژمارەیەک تیرۆریستی داعشیان دەستگیرکرد کە پیلانیان ھەبوو دوای جێبەجێکردنی مەرامەکانیان ھەڵبێن و پەیوەندی بەچەکدارانی تیرۆریستی داعشەوە بکەن".

دانپێدانانی تیرۆریستان ...

یەکەم .........
تیرۆریست ( ع ، ح ) تەمەن 28 ساڵ دانیشتووی قەزای خەبات ھەولێر و خێزاندارە خاوەنی دوومنداڵە، لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەخشتە دەبرێت و پەیوەندی بە تیرۆریستانی داعشەوە دەکات و  پیلان دادەنێت چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی لەچەند شوێنێکی ھەولێر ئەنجام بدات بەڵام پێشوەخت لە سلێمانی لەرۆژی 1ی 6ی 2022 دەستگیرکرا.
دانپێدانانی تۆمەتبار ...... 1 

دووەم ...........
تیرۆریست (ئ ، ئ) تەمەن 23 ساڵ دانیشتووی پارێزگای ھەڵەبجە لەساڵی 2019 بەیعەت بە تیرۆریستانی داعش دەدات و لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیوەندی بە چەند تیرۆریستێکەوە دەکات، دوای ئەوەی پیلان دادەنێن پەیوەندی بە چەکدارانی داعشەوە بکەن و ھەڵبێن 2 ی 7ی 2022 لە سنووری ھەڵەبجە بەھاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەزوور دەستگیرکرا .
دانپێدانانی تۆمەتبار ..... 2

سێیەم ..........
تیرۆریست (غ ، س) تەمەن 23 ساڵ دانیشتووی ئاکرێ لەساڵی 2022 بە ھەمان شێوە لەڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەکەوێتەژێر کاریگەری بیری توندڕەوی  و بانگەشە بۆ داعش دەکات دواتر پەیوەندی لەگەڵ چەند تیرۆریستێکی تر لەشارەکانی ھەرێم دەبەستێت و  داوای لێدەکرێت بێتە سلێمانی و نزیکەی 9 مانگ لە یەکێک لە ھۆتێلەکان دەمێنێتەوە و سەرباری کارکردنیی, بەردەوام لە ھەوڵی فراوانکردنی گروپەکەیان دەبن و لەگەڵ چەند ھاوەڵێکی پیلان دادەنێن پەیوەندی بە چەکدارانی داعشەوە بکەن, بەڵام 8ی 7ی 2022 دەستگیرکرا .
دانپێدانانی تۆمەتبار ...... 3 

چوارەم .........
تیرۆریست (س ، ت) تەمەن 21 ساڵ دانیشتووی سلێمانی ساڵی 2020 لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە فریودەدرێت و فکری داعش وەردەگرێت، دواتر لە سۆشیال میدیا چەند تیرۆریستێکی دیکە دەناسێت و پەیوەندییەکانیان رێکدەخەنەوە و مەرامیان بوو پەیوەندی بە چەکدارانی داعشەوە بکەن، بەڵام پێش جێبەجێکردنی پیلانەکەیان 10 ی 7ی 2022 لە سلێمانی دەستگیرکرا .
دانپێدانانی تۆمەتبار ...... 4 

پێنجەم ...........
تیرۆریست (ز ، م) تەمەن 20 ساڵ دانیشتووی سلێمانی لەساڵی 2019 لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەکەوێتە ژێر کاریگەری فکری توندڕەوی داعش و پەیوەندی بە چەند تیرۆریستێکی ترەوە دەکات و دوای چەندین کۆبوونەوە پیلان دادەنێن ھەڵبێن و پەیوەندی بە چەکدارانی داعشەوە بکەن بەڵام لە 15ی 7ی 2022 دەستگیردەکرێت .

هەر لە راگەیەندراوەکەدا تیشک خراوەتەسەر ئەوەی "ھەر پەیوەست بە ھەوڵەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و ئارامی خەڵک لەماوەی چەند مانگی رابردوو چەندین تیرۆریستی ھەرەتاوانبار دەستگیرکراون و رووبەڕووی یاساکراونەتەوە و لەبەرسەلامەتی لێکۆڵینەوەکان و پاراستنی ئاسایشی ئابووری و کۆمەڵایەتی  زانیارییەکان بەنھێنی ھێڵرانەوە".

لە کۆتایدا ئاماژە بەوەشکراوە "ئەوەی جێگەی ھەڵوەستەی جدی و تێڕامانە لەئێستادا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا یەکێکن لە ھۆکارەسەرەکییەکانی لە خشتەبردنی گەنجانی ھەرێمی کوردستان و وەک سەکۆیەک بەکاردەھێنرێن بۆ بانگەشەکردنی فکری توندڕەوی داعش و جێبەجێکردنی مەرامەکانیان کە ئێمە لە پەرۆشیمانەوە بۆ رێگریکردن لەم دیاردەیە و پارێزگاریکردن لە ژیانی گەنجان و پاراستنی داھاتوویان کە براو کوڕو کەسوکاری ئێمەن و سەرمایەیەکی گرنگی ھەرێمەکەشمانن داوا لە مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی، پەروەردەکاران، توێژەرانی کۆمەڵایەتی، دەروونی، راگەیاندنکار و رۆژنامەنووسان و خاوەن قەڵەم و نووسەرانی بەڕێزدەکەین لەسەر ئەم پرسە کە پەیوەندی بە تاک بە تاکی کۆمەڵگەکەمانەوە ھەیە ئامادەییان ھەبێت لە ھۆشیارکردنەوە و ھاوکاربن بۆ بنبڕکردنی فکری توندڕەوی کەلەپاڵ ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا دەیانەوێت مەرامەکانیان جێبەجێ بکەن، چونکە ئایینی ئیسلام بێبەرییە لە تیرۆر و ترس و تۆقاندن و ئاینێکە بۆ پێکەوەژیان و برایەتی و چاکەکاری".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ژنان لە شوێنی کاردا

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

شەهید لەیلا قاسم؛ بووكی كوردستان

لەلایەن زوڵفان غەریب


News

نەسرین قاسملۆ؛ تەوارێکی کوردپەروەر

لەلایەن زوڵفان غەریب