کوردستانی

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی کوردستان: یاسای هەڵبژاردن پێویستی بە گۆڕانکاریی ریشەیی هەیە

مەودا میدیا - سلێمانی |


کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی کوردستان: یاسای هەڵبژاردن پێویستی بە گۆڕانکاریی ریشەیی هەیە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت پەرلەمانی کوردستان نەیتوانیوە بە یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کارابکاتەوە و دەسەڵاتییان پێبداتەوە، چونکە ئەنجومەنی کۆمسیاران لە ساڵی 2019وە ئەرکەکەی تەواو بووە، ئاماژە بەوەشدەکات یاسای هەڵبژاردن پێویستی بە گۆڕانکاریی ریشەیی هەیە.

سەرکار مەحمود، یاسایی لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "وادەی دیاریکراوی رۆژی هەڵبژاردن 1ی 10ی 2022وە کە لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە دیاریکرا هاوتەریب لەگەڵ ئەوەبوو کە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، بەڵام بەهۆی ئەو رەوشە ئاڵۆزەی کە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و خراپی دۆخی سیاسی وایکردووە پەرلەمانی کوردستان نەیتوانیوە بە ئەرکی خۆی هەستێت یاسای هەڵبژاردن هەمواربکاتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد "پەرلەمانی کوردستان نەیتوانیوە بە یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کارابکاتەوە و دەسەڵاتییان پێبداتەوە، چونکە ئەنجومەنی کۆمسیاران لە ساڵی 2019وە ئەرکەکەی تەواوبووە و کارانەکراوەتەوە، هەروەها ئەو یاسای هەڵبژاردنەی کە هەیە لە ساڵی 1992وە تائێستا حەوت جار هەموارکراوەتەوە، بۆیە ئەو یاساییە پێویستی بە گۆڕانکاریی ریشەیی هەیە".

سەرکار مەحمود لەبارەی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن وتی "کۆمسیۆن پێویستی بە ئامادەکاری پێشوەختەی لۆجیستی و هونەری هەیە بۆ هەڵبژاردن، لەوانەش رێکخستنەوەی تۆماری دەنگدەران و دامەزراندنەوەی بنکەکانی دەنگدان، بۆیە کۆمسیۆن لە هەر حاڵەتێکدا بۆ ئامادەکارییەکی باش و سەرکەوتوو پێویستی بە شەش بۆ نۆ مانگ هەیە بەدەر لەوکاتە ناتوانرێت هەڵبژاردنی پاک و باش ئەنجام بدات".

وتیشی "گۆڕانکاری لە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستانە، بەڵام ئەنجومەنی کۆمسیاران راسپاردەی خۆیان پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کردووە، بۆئەوەی بڕیاری لە چارەنووسی ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران بدرێت، چونکە ناتوانن هیچ بڕیارێکی یاسایی جێبەجێ بکەن".

رۆژی 24ی شوباتی 2022 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 1ی 10ی 2022ی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.

س.ر
Qaiwan
Qaiwan