کوردستانی

هەولێر؛ لیژنەیەك بۆ رووبەڕووبوونەوەی زیادەڕۆیی پێكهێنرا

مەودا میدیا - سلێمانی |


هەولێر؛ لیژنەیەك بۆ رووبەڕووبوونەوەی زیادەڕۆیی پێكهێنرا
مەودا میدیا-

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، هەست دەکرێت زێدەڕۆییەکان روو لە هەڵکشانە و ئەو پرسەش بووەتە مایەی نیگەرانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆیە بڕیاردرا لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی زیادەڕۆیی و سزادانی سەرپێچیکاران.

راگەیاندنی پارێزگاری هەولێر بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەرانی (پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، هاتوچۆ) و لیژنەی زیادەڕۆییەکان، لە دیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەکە تایبەت بەپرسی زیادەڕۆییەکان لە سەر داواکاری وەزارەتی ناوخۆ ئەنجامدرا.

لە كۆبوونەوەكەدا رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەكردووە "هەست دەکرێت زیادەڕۆییەکان بۆ سەر موڵکی گشتی روو لە هەڵکشانە و ئەو پرسەش بووەتە مایەی نیگەرانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان".

ناوبراو پۆلێنکردنی جۆرەکانی زیادەڕۆیی بەمشێوەیە دیاریکردوە:

1- زیادەڕۆیی لەسەر موحەرەماتی شەقام، بەتایبەتی رێگاکانی دەرەوەی شار کە قوربانی زۆری لێکەوتووەتەوە.

2- زیادەڕۆیی لەسەر بۆڕی نەوت، بەتایبەتی لەناو ئەو باخانەی كە دەکەونە سەر رێگەی ئەو بۆرییانە.

3- زیادەڕۆیی لە سەر رێڕەوی ئاو کە بووەتە هۆی دروستبوونی کارەسات.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، ڕێبەر ئەحمەد وتوویەتی "نابێت بەرپرسانی ئیداریی خۆیان لەو بەرپرسیارێتییە راستەقینە بەدووربگرن و سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت بەرپرسن لە ڕێگریکردن لەو زیادەڕۆییانەی لە سنووری ئیدارەی ئەوان دەکرێت".

چارەسەرەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ پرسی زیادەڕۆیی ئەمانەن:

1- لیژنەیەک لە هێزەکانی (ئاسایش، زێرەڤانی، پۆلیس) پێکبهێنرێت، هەر زیادەڕۆییەک لەسەر بۆری نەوت کرابێت کە شادەماری ئابوریی هەرێمی کوردستان لایەنی سەرپێچیکار ئاگاداربکرێتەوە و ئەو زیادەڕۆییانە لاببرێت.

2-هەمان لیژنە بەیاوەری پۆلیسی هاتوچۆ، چارەسەری هەموو ئەو زیادەڕۆییانە بکات کە کراوەتە سەر شەقامی دەوڵەت، بەتایبەتی ئەوانەی لە شەقامە سەرەکیەکان ئەنجامدراوە.

3- پیێویستە لەپارێزگای هەولێر تیمێکی تایبەت پێکبهێنرێت، بەهەماهەنگی لەگەڵ قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان، هەر سەرپێچیەک هەبێت راستەوخۆ بڕیاری چارەسەرکردنی بدرێت، ئەو کەس و لایەنەشی ڕێگەیداوە بە ئەنجامدانی زیادەڕۆییەکە ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر.

4- زیادەڕۆیی لەسەر ڕێرەوی سەرەکی و فەرعیەکانی ئاو بەهیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراونییە و بەهەموو شێوەیەک پێویستە چارەسەربکرێت، چونکە ئەمە هۆکارە بۆ دروستبوونی لافا و نانەوەی کارەسات.

ر. ئ
Qaiwan
Qaiwan