کوردستانی

"دەبێت رێككەوتن لەسەر یاسای نەوت و گاز ئەولەویەتی پێكهێنانی حكومەتی عیراق بێت"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"دەبێت رێككەوتن لەسەر یاسای نەوت و گاز ئەولەویەتی پێكهێنانی حكومەتی عیراق بێت"
مەودا میدیا-

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، عیراق لەوە زیاتر بەرگەی ململانێی ناپێویست ناگرێت و دەشڵێت "دەبێت رێككەوتن لەسەر یاسای نەوت و گاز ئەولەویەتی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو بێت".

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە هەولێر لەگەڵ مارك برایسن ریچاردسن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق كۆبووەوە و رایگەیاند، عیراق لەوە زیاتر بەرگەی ململانێی ناپێویست لەسەر پۆست و ئیمتیاز ناگرێت و پێویستە لایەنەکان لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتدا گفتوگۆکانیان لەسەر پرسە سیاسییە چارەنووسسازەکان و چۆنییەتی پێکهێنانی حکومەتێکی کارای خزمەتگوزار و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چڕبکەنەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە دەیڤید هەنت، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم ئامادەی بوو، قوباد تاڵەبانی جەختیشیكردەوە، لەم قۆناغەدا رێککەوتن لەسەر پرسی نەوت و گاز و پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز دەبێت لە ئەولەوییەتی دانووستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عیراق بێت، چونکە رێککەوتن لەسەر ئەم پرسە زەمینەی لەبار دروستدەکات بۆ رێککەوتن لەسەر پرسە چارەنووسسازەکانی دیكە.

لە بەشێکی دیكەدا جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەیدا بە کێشەکانی ژینگە و مەترسییەکانی سەر سەرچاوە ئاوییەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، پێویستە پرسی ژینگەش لە ئەولەوییەتەکانی حکومەتی داهاتووی عیراق بێت.

لای خۆیەوە باڵیۆزی بەریتانیا ستایشی هەنگاوە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کرد و ئامادەیی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە لە یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان بۆ خێراترکردن و بەرەوپێشبردنی زیاتری پرۆسەی ریفۆرم لە دامەزراوەکانی حکومەتدا. داواشیکرد لە داهاتوویەکی نزیکدا حکومەتی هەرێم کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ باڵیۆز و نێردە دیپلۆماسییەکان رێکبخات بۆ باسکردن و تاوتوێکردنی پرۆسەی ریفۆرم لە هەرێمی کوردستان.

لە کۆتاییدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیای کرد کە بەر لە ماوەیەک سەردانی دەڤەری راپەڕینی کردووە و داوایکرد سەردانی شار و شارۆچکەکانی دیکەش بکات بۆ ئەوەی پێکەوە پلانی هاوبەش دابنێن بۆ وەبەرهێنان لەو دەڤەرانە و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ دانیشتوانی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کورستان.

ر. ئ
Qaiwan
Qaiwan