نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

ژن لە فەلسەفە و تیۆرەکانی ئەرستۆدا

کاتێک تیۆرەکانی ئەرستۆ دەربارەی ژن دەخوێنینەوە، لامان نامۆ نین، ئەویش بەهۆی کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکانی رۆژهەڵات کە بووەتە بەشێک لە کولتوور و دابونەریت لای بەشێک لە بیرمەند، رۆشنبیرە ئیسلامییەکان، فەیلەسوفەکان و لە نووسین و قسەکانیاندا رەنگی داوەتەوە و لە ناوەندی سەدەکانی ناوەڕاستەوە ئەم کاریگەرییە دەستی پێ کردووە.

زۆرێک لە مێگەراکان ئەرستۆ بە دوژمنێکی سەرەکی ژن لەقەڵەم دەدەن، چونکە لە رێی فەلسەفەوە ویستوویەتی ئەو باوەڕە لای خەڵکی ناوچەکە دروست بکات کە ژن (پلەنزم و بێتوانان) و ژنبوون (نەنگی)یە. 

ئەرستۆ هەوڵی داوە تیۆرەکەی دەربارەی ژن لە سێ روانگەی سەرەکیی میتافیزیکییەوە روون بکاتەوە: 
یەکەم: هیرارکیەتی گەردوون، واتا؛ کەسانی پلەنزم لە خزمەت خانەدان و ئەرستۆکراتەکاندان.
دووەم: هیولێی وێنە، لای ئەرستۆ وێنە بایەخدارترە لە هیولێ، بۆیە پیاو بە وێنە هیولێی ژنانی وێنا کردووە.
سێیەم: کار، هەموو شتێک بەپێی کارەکەی پێناسە دەکرێت.

ئەو سێ چەمکەشی لە بوارەکانی بایۆلۆژی، سیاسەت و ئەخلاقدا بەکار هێناوە.

ئەرستۆ دەڵێت: پێویستە ژنان ژێردەستەی پیاوان بن و نابێت هیچ دەسەڵاتێکیان هەبێت، بەڵام ناشگەنە ئاستی کۆیلایەتی. 
هەروەها دەڵێت: "مێرد" دەسەڵاتی سیاسی لەسەر ژنەکەی بەکار بهێنێت... ئەمەشی بە چەند هۆکارێکەوە بەستووەتەوە، ئاشکراترینیان؛ بەپێی بۆچوونی ئەو: ژنان زوو هەڵدەچن، سۆزدارترن، بۆڵە زۆر دەکەن و فێڵبازتریشن.

لە لایەکی ترەوە، ئەرستۆ مافی بەختەوەریی بە ژن بەخشیوە بە هەمان شێوەی پیاوان، لەوبارەیەوە لە وتەیەکدا دەڵێت: کۆمەڵ بەبێ بەختەوەریی ژن، بەختەوەر نابێت...

ئەرستۆ لە تیۆرەکانیدا سەبارەت بە بۆماوەیی جینەکان دەڵێت: دایک توخمی خراپ دەدات بە وەچەکانی، بەڵام پیاو توخمە باشەکانی دەبەخشێت (وێنەیەکی دابەشبوونی توخمەکانی کێشاوە، دەبینین لە گواستنەوەی توخمەکاندا یەکسان نین)... هەروەها بۆچوونی وابووە کە ژنان پلەیان لە پیاوان کەمترە، هەروەک لە کتێبی (سیاسەت)دا دەڵێت: بەسروشت پیاوان بەتواناترن لە ژنان، پیاوان دەسەڵاتدارن و ژنان ژێردەستەن و تەنیا بۆ منداڵبوون دەشێن. 

لە شوێنێکی تردا دەڵێت: ژن بوونەوەرێکی نادروستە و سروشت دروستی کردووە، وەک درەختێکی ژەهراوی وایە؛ بە رووکەش جوانە، بەڵام کاتێک باڵندە لێی دەخوات، دەمرێت.
ئەو بۆچوونانەی ئەرستۆ، زادەی ژینگە و سەردەمی خۆیەتی و نابێت لە واقیعی ئەوکاتی ئەسینا جیا بکرێتەوە، هەروەک هیگڵ دەڵێت: "هەریەکێک لە ئێمە کوڕی سەردەمەکەی خۆمانین". 


 چەندین سەدە دوای ئەرستۆش، دەیان فەیلەسوف هەبوون کە هەمان تێڕوانینی ئەرستۆیان بۆ ژن هەبووە، بۆ نموونە؛ رۆسۆ دەڵێت: ژن بۆ زانست و حیکمەت دروست نەبووە، بەڵکوو تەنیا بۆ پڕکردنەوەی شەهوەتی پیاوان. هەروەها ئیمانوێل کانت دەڵێت: ئەقڵی ژنان ناتوانێت بگاتە ئاستی ئەقڵی پیاوان.

* ئەم وتارە، یەکێکە لە زنجیرەیەک وتار کە نووسەر لەبارەی (مێگەرایی)یەوە دەینووسێت.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan