نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

سوودەکانی خۆڵبارین

لە نووسینەکانی پێشوومدا، باسم لە لێکەوتە نەرێنییەکانی خۆڵبارین کردووە، لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە: ئایا خۆڵبارین تەنیا زیانی هەیە و بێسوودە؟ لە وەڵامدا دەڵێین نەخێر، هەندێک سوودی هەیە و لێرەدا ئاماژەیان پێ دەکەین:

- خۆڵی توێژی سەرەوەی خاک، سەرچاوەیەکی خۆراکیی باشە بۆ سیستمی ژینگە، بەتایبەتی بۆ ناوچەکانی رۆخی کیشوەرەکان و دەریاکان و تا رادەیەکیش زەریاکان. وا مەزەندە دەکرێت خۆڵی بیابانی گەورە، بارانەکانی دارستانەکانی ئەمازۆن بەپیت دەکات.

- ئەو خۆڵەی هەڵگری مادەی ئاسن و فسفۆڕە، سوودی بۆ بوونەوەرەکانی زەریا و دەریاکان هەیە، کە لە بنەڕەتدا کێشەی کەمیی ئەو دوو مادەیە لە ئاودا هەیە.

- سەرچاوەیەکی خۆراکیی سروشتییە بۆ زەوی. زاناکانی کشتوکاڵ دەڵێن: زۆربەی جار دوای خۆڵبارین، باران دەبارێت و پێهاتەکانی خۆڵەکە دەهێنێتە خوارەوە بۆ سەر زەوی و دەبێتە خۆراکێکی سروشتیی بۆ ناوچەکە.

- شارە پیشەسازییەکان لە گازە ژەهراوییەکان پاک دەکاتەوە.

- ئەو خۆڵەی کە دێتە ناو ماڵەکان بەهۆی خۆڵبارینەوە، دەبێتە هۆکار بۆ زیادبوونی هەستیاریی لەش و توانای بەرگریی لەش بەرانبەر بەکتریا و میکرۆبە زیانبەخشەکانی دەورمان زیاتر دەکات.

- ناوەڕۆکی بابەتێکی بڵاوکراوەی بەریتانی (دەیلی تەلەگراف)، داوا دەکات منداڵ رووبەڕووی تۆز و خۆڵبارین ببنەوە، چونکە تۆز بەرگریی لەشی منداڵ لە دژی هەوکردنی هەناسە کەم دەکاتەوە، هەروەها بەرانبەر تەنگەنەفەسییش بەرگریی زیاتر دەبێت.

- خۆڵبارین هۆکارە بۆ بەخشینی مادەکانی: ئاسن، فسفۆڕ، سلیکۆن، مەنگەنیز، مس و زینک بە ئاوی زەریا و دەریاکان، کە ئەو مادانە رۆڵێکی گەورە دەبینن وەک خۆراکی پێویست بۆ رووەکە بچووکەکان و قەوزەکان بۆ گەشەکردن و زۆربوونیان، کە ئەوانیش دەبنەوە بە سەرچاوەی خۆراک بۆ ماسییەکان.

- بەهەڵمبوونی ئاو لەسەر گەڵاکانی رووەک کەم دەکاتەوە لە کاتی کرداری ئاودەردان.

- بەسوودە بۆ گواستنەوەی هەڵاڵە بۆ پیتاندنی رووەکەکان.

- بەپێی راپۆرتێکی سایتی نیوز، هۆکارە بۆ لەناوبردنی هەندێک جۆری مێرووە زیانبەخشەکان، بۆ نموونە؛ ئەسپێ. تۆز ئەوەندە بچووکە دەچێتە ناو چاو، لووت و گوێی مێرووەکان و دەیانکوژێت.

- ڕێگری دەکات لە گەیشتنی هەندێک تیشکی زیانبەخش بۆ سەر زەوی.

ئەمانە و چەند سوودێکی تر کە بەردەوام زاناکان و لایەنی پەیوەندیدار توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیەیان لەبارەوە دەکەن.
 
خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan