نەرمین عوسمان
چارەسەرەکانی خۆڵبارین
بۆ دانانی رێگەچارەکانی بەبیابانبوون، کە هۆکاری سەرەکییە بۆ خۆڵبارین، سەرەتا دەبێت دەستنیشانی هۆکارەکانی بەبیابانبوون بکەین لە جیهان و ناوچەکە و وڵاتەکەماندا.
رێگری لە فراوانبوونی ناوچە بیابانییەکان و چارەسەرکردن و کەمکردنەوەی ئەو رێژەیەی کە هەیە، پرسێکی چارەنووسساز و گرنگە، چونکە بەبیابانبوون مەترسی لەسەر دواڕۆژی دانیشتوان و ناوچەکە هەیە. دانیشتوانی ئەو ناوچانەی مەترسیی زیادبوونی بەبیابانبوونیان هەیە، نزیکەی 500 ملیۆن هاوڵاتییە.
هۆکارەکانی بەبیابانبوون زۆرن، گرنگەکانیان ئەمانەن:
- گۆڕانکاری لە کەشوهەوا، کە چالاکییەکانی مرۆڤ هۆکاری سەرەکی ئەو گۆڕانکارییەن، بەتایبەتی وڵاتە پیشەسازییەکان و زلهێزەکان.
- خراپ بەکارهێنانی لەوەڕگا و زیادکردنی رێژەی ئاژەڵ بەخێوکردن، کە لە توانای لەوەڕگاندا نییە.
- لابردنی دارستانەکان و گۆڕینیان بۆ شوێنی پیشەسازی و نیشتەجێبوون و رێگەوبان.
- خراپ ئیدارەدانی ئاو و خاک.
- بڕینەوەی درەختەکان بۆ دەستکەوتنی وزە و کارگەی پیشەسازیی تەختە و کاغەز بە رێژەیەکی زۆر، بەتایبەتیش لە دارستانەکان کە ناهێڵن دارستانی سروشتیی گەشەی پێویست بکات.
- بەرزبوونەوەی رێژەی دانیشتوان و بەکارهێنانی مادە سروشییەکان بە شێوەیەکی دەستبڵاوانە.
- برسێتی و هەژاری.
- ناجێگیری باری سیاسی.
- نەبوونی هۆشیاریی.
- کەمیی رێژەی بارانبارین.
ئەمانە و چەندین هۆکاری تری لاوەکی.
دوای دەستنیشانکردنی کێشەکان و هۆکارەکان، دەبێت دەوڵەت ستراتیژ و پلان دابڕێژێت بۆ مەبەستی کەمکردنەوە و رێگری لەم دیاردەیە و کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی.
کێشەی بەبیابانبوون، کێشەیەکی جیهانییە، بۆیە هیچ دەوڵەتێک بەتەنیا ناتوانێت رێ لە بەبیابانبوون بگرێت، لەبەر ئەوە پێویستی بە هەماهەنگیی دەوڵەتانی جیهان بەگشتی، وڵاتانی ئیقلیمی و نیمچە ئیقلیمی هەیە. هەر لەبەر هەمان هۆ، نەتەوە یەکگرتووەکان دەزگایەکی بەناوی (رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رێگرتن لە بەبیابانبوون و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی وشکانی– UNCCD) دامەزراند کە لە ساڵی 1994 لە پاریس بڕیاری لێ درا. لەو رۆژەوە ئەو کێشەیە بووەتە کێشەیەکی نێودەوڵەتی، زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکان واژوویان لەسەر کردووە بەهۆی ئەوەی لەو وڵاتانەن کە زۆرترین کاریگەریی بەبیابانبوون و وشکبوونەوەیان لەسەرە، چونکە دەکەونە نێو پشتێنەى بەبیابانبوونی رۆژئاوای کیشوەرەکان. لە ساڵی 2009 عیراقیش چووە نێو ئەو رێککەوتننامەیەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان لەم رێککەوتننامەیەدا بۆ ساڵانی نێوان (2018 – 2030) بەرنامەیەکی ستراتیژییان داڕشتووە، کە بریتییە لە پێنج ئامانجی ستراتیژی، کە بریتین لە:
1- ئامانجی یەکەم: چاککردنی سیستمی ئیکۆلۆژی (ژینگەیی) کە بتوانێت کاریگەریی هەبێت لەسەر نەهێشتنی حاڵەتی بەبیابانبوون و نەمانی توانای زەوی بۆ کشتوکاڵ و بایەخدان بە گەشەی بەردەوامی خاک.
2- ئامانجی دووەم: چاککردنی بژێوی دانیشتوانی ناوچەکانی بەبیابانبوون، چونکە بەبیابانبوون راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ژیانیان هەیە.
3- ئامانجی سێیەم: کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی وشکبوونەوە و خۆگونجاندن و ئیدارەدانی، بەمەبەستی باشکردنی توانای دانیشتوان.
4- ئامانجی چوارەم: سوودوەرگرتن لە چارەسەرە ژینگەییەکانی جیهان بەمەبەستی جێبەجێکردنی کاریگەرانەی ئەو رێککەوتنە.
5- ئامانجی پێنجەم: دەستەبەرکردنی توانای دارایی و لۆژیکی بەمەبەستی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتننامەیە لە رێگەی هاوکاریی جیهانی و نیشتمانی.
بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتننامەیە؛ هەر وڵاتێک واژووی لەسەر کردبێت، دەبێت بەرنامە و ستراتیژی نیشتمانیی خۆی هەبێت، دواتر بکرێت بە پلان و پلانەکەش جێبەجێ بکرێت. دوای داڕشتنی بەرنامەکان، دەبێت هەر وەزارەتێکی پەیوەندیدار دەزگایەک یاخود دامەزراوەیەکی هەبێت بەمەبەستی چاودێری و جێبەجێکردنی پلانەکە بەپێی ئەرک و فەرمانیان.
دەبێت لەو ستراتیژە نەتەوەییەدا ئەم خاڵانە بکرێنە ئامانج:
1- پابەندبوون بە رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی ئەو بوارە.
2- ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی بەشداربوو.
3- دابینکردنی بودجەیەکی زەبەلاح بۆ ئەو مەبەستە.
4- راهێنانی کادیری لێهاتوو بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان.
5- کردنەوەی خولی تایبەت بۆ دروستکردنی کادیر بۆ مەبەستی نووسینی راپۆرتی ساڵانە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتەکە.
6- سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای سەردەمییانە بۆ کشتوکاڵ و ئاودێری.
7- هاندانی وڵاتان بۆ وەرگرتنی بودجە لە سندوقی نێودەوڵەتی کە بۆ ئەم مەبەستە دانراوە.
8- کۆکردنەوەی زانیاری بەمەبەستی نووسینی راپۆرت و ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان.
9- هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان بە دیاردەی بەبیابانبوون، خۆڵبارین، وشکبوونەوە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیان.
10- هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوەکانی تری نێودەوڵەتی و ناوخۆیی هەمان ئامانج.
11- هاندانی زانکۆکان و توێژەرەوەکان بۆ دیراسەکردن و توێژینەوەی لەسەر هەمان بابەت.
12- بەشداریکردنی بەرپرسانی دەوڵەت لە کۆنگرە و دانیشتنەکانی ئەو جۆرە رێککەوتننامە نێودەوڵەتییانە بەمەبەستی پەیوەستبوون بە رێککەوتنەکانەوە.
13- هاندانی خوێندکاران لەلایەن خوێندنی باڵاوە بەمەبەستی وەرگرتنی بڕوانامەی بەرز لەو بوارانەدا.
14- هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتی لە رووی پارێزگاری لە دارستانە سروشتییەکان و هاندانیان بۆ چاندنی درەختی گونجاو لەگەڵ کەشوهەوای ناوچەکەمان.
15-بەشداریپێکردنی دەزگاکانی راگەیاندن بۆ هۆشیارکردنەوە و هاندان.
16- بەکارهێنانی شێوازی سەردەمییانە بۆ چاندنی کشتوکاڵ و درەخت و زیادکردنی رووپۆشی سەوزایی، بەتایبەت لە ناوچە بیابانەکان.
17- هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتی لە بەکارهێنانی ئاو و کەمکردنەوەی زیادەڕۆی لەوبارەیەوە.
18- قەدەغەکردنی ئاگرکردنەوە لە ناوچە دارستانییەکان و چاودێریکردنیان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و پۆلیسی دارستان و دادگاییکردنی هەر کەسێک کە سەرپێچی بکات.
19- دانانی بابەتی خوێندن لە هەموو قۆناغەکان لەسەر مەترسی بەبیابانبوون بەپێی ئاستی زانیارییان، ئەمە جگە لە ژینگەپارێزی.
20- بەشداریپێکردنی خەڵکی ناوچە زیانلێکەوتووەکان لە بەرنامە و پلانەکاندا.
ئەمانە و دەیان هەنگاوی گرنگ هەیە دەبێت بنرێن، ئەگەرنا تووشی کارەساتێکی گەورە دەبین، چونکە ئەم کێشەیە کێشەیەکی درێژخایەن دەبێت، ئەگەر زوو رێگر نەبین و کاری بۆ نەکەین، ئەوا ئاوارەیی، کۆچکردن، گرانی و برسێتی باڵ بەسەر ناوچەکەدا دەکێشێت.
ک. ر.
ک. ر.