نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

مارکسیەت و مێگەرایی

بۆ ئەوەی مێژووی مێگەرایی و جێندەر روونتر بێت و ئاکامە مێژووییەکانی بزانین، بۆیە راوبۆچوونی هەندێک فەیلەسوف و ئایدۆلۆژیا و نووسەرەکانی ئەو بابەتە باس دەکەین. لەم وتارەدا بەکورتی باس لە بۆچوون و هەڵوێستی مارکسیەت و مارکسییەکان دەکەین. لە باسکردنی هەر راوبۆچوونێکی ئەو ئایدۆلۆژیا و فەیلەسوفانە، نابێت قۆناغەکانی مێژوو و دابونەریت و رایەڵەی هزری ئەو سەردەمانەی کە تیایدا ژیاون فەرامۆش بکەین، بەڵکوو دەبێت هەموو رەهەندەکان بەهەند وەربگیرێن لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەدا کە قۆناغەکە پێویستی بووە.
پێش مارکسیەت، هەندێک جار لەلایەن نووسەر و فەیلەسوف و چالاکوانەکانی بواری ژنان دەنگی ناڕەزایی و داواکاری وەک خوێندن و کار و دواتریش ئازادییە سیاسییەکان، بە نووسین و خۆپیشاندان کراون، بەڵام بێ ئەوەی لە دابونەریتی سەردەمەکەیان دەربچن. کاتێک مارکسیەت و بۆچوونەکانی کارڵ مارکس و فریدریک ئەنگلز و لایەنگرانیان وەک ئایدۆلۆژیا دەرکەوت، شێوازێکی تری بەخۆوە بینی جیاواز لەو رایەڵە هزرییانەی پێش خۆیان هەبوون. هەرچەندە سەرەتا ئازادییەکان تایبەتمەندییان بۆ ژن و حاڵەتی چەوساندنەوەیان بەتەنیا نەبووە، بەڵکوو گشتگیر بووە و لە نێو پرۆژەکەیاندا هەبووە؛ ئەویش رزگاربوون بوو لە دەسەڵاتی سەرمایەداری و چەوساندنەوەی چینی کرێکار (ژێرخانی کۆمەڵگە) بەگشتی... بۆچوونیان وا بووە بە نەمانی دەسەڵاتی سەرمایەداری؛ چینی کرێکاران بە ژن و پیاوەوە رزگاریان دەبێت لە چەوساندنەوە، ئەم بۆچوونەش دەرچوونێک بوو لە تێڕوانینەکانی پێشوو. 
لە سەدەی نۆزدەدا، مارکس لە بەرگی یەکەمی کتێبی (سەرمایەداری)دا دەڵێت: سەرمایەداری، ژن و منداڵ بەشێوەیەکی دڕندانە دەچەوسێنێتەوە بۆ مەبەستی قازانجی زۆر. لەگەڵ ئەوەش، مارکسییەکان بەشێوەیەکی جیا و روون هەڵوێستی خۆیان بۆ ئازادیی ژن دەرنەخستبوو، بەڵکوو گرێدراو بوو بە ئامانجی ئازادیی چینی کرێکاران کە ژنان بەشێکی چەوساوەتریش بوون لە پیاوانی کرێکار، بەوەی مووچەیان کەمتر بوو و تایبەتمەندیی بارودۆخیان رەچاو نەدەکرا.
لە روانگەی تیۆری مارکسیەت، بەتایبەتی لە کتێبەکەی فریدریک ئەنگلز، بەناونیشانی (بنەچەی خێزان، خاوەنداریەتی تایبەت و دەوڵەت)دا باس لە شێوە و پێکهاتەی خێزان دەکات لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییانەی مرۆڤایەتی لە مێژوودا پێیدا تێپەڕ بووە و چۆن وردە وردە روانگە و هەڵوێست بەرانبەر ژن گۆڕاوە و قۆناغەکان بۆ سێ قۆناغ دابەش دەکات؛ لە هەر قۆناغێکیشدا پێگە و رۆڵی ژنانی تێدا دەرخستووە... لە کتێبی (فەلسەفەی مادیی مێژوویی)دا روونتر باس لە هۆکاری بوونی دەسەڵاتی ئابووری لە دەست بەشێکدا وردە وردە ژنی لە خاوەن دەسەڵاتەوە کردووە بە ژێردەستە و ئەمەش بە دۆڕانێک بۆ ژنان ئەژمار دەکرێت.
 مارکسیەت و مێگەرایی، دوو تیۆرن لە تۆمەتبارکردنی دەسەڵات بە نادادپەروەری و جیاوازی لە دابەشکردندا لەیەک دەچن، بەڵام لە رێگەچارە بۆ ئەو پرسە، جیاوازن. زۆرێک لە نووسەر و توێژەرەکانی مێگەرایی و سۆسیالیستە هاوچەرخەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا دەڵێن تێڕوانینەکانی مارکسیەت گەشەی ئەوتۆی بەخۆوە نەبینیوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەش هەندێکیان بەسوودن بۆ بزووتنەوەی ژنان لە نێو کۆمەڵگەی چینایەتیی سەرمایەداریدا.
هەروەها رەخنەگرەکان دەڵێن: مارکسییەکان نەیانتوانیوە بەپێی پێویست سوود لە توانای ئەو هێزە گرنگەی کۆمەڵ کە ژنە، بۆ شۆڕشکردن دژی چەوساندنەوە وەربگرن، چونکە توانای شۆڕشگێڕیەتی ژنان لە هیی پیاوان گرنگترە، لەبەر ئەوەی وەک پیاوان لە گەندەڵییە کەڵەکەبووەکانی ساڵانی رۆتین تێوە نەگلاون، بەتایبەتیش لە سەندیکاکاندا و دەکرێت هاندان و بەشداریپێکردنی ژنان لە سەندیکاکان، بەتایبەتیش سەندیکای کرێکاراندا باشتر بکرێت.
مارکسییەکان، لە ئوممیەتی یەکەم، لە مارسی 1966، کۆمەڵێک داواکارییان بۆ باشترکردنی گوزەرانی کرێکاران خستە بەردەم ئەنجومەنی گشتی و لەو داواکارییانەدا چەند خاڵێکی تایبەتی بۆ ژنان تێدا بوو.
(ئەلینۆر)ی کچی مارکس، رۆڵێکی باڵا و چالاکانەی زۆری هەبوو لە ریزەکانی ژنانی کرێکاردا، هەروەها لە سەردەمی بەلشەفییەکاندا تایبەتمەندی زیاتر درا بە پرسی ژن، بەتایبەتیش لە نێو کرێکاران، بەتایبەتی لە قۆناغی شۆڕش لە ساڵانی (1912 – 1914) و هەموو ساڵەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم. هەر لەو سەردەمەشدا بوو کە رۆژی 8ی مارس گەورەترین خۆپیشاندانی ژنانی کرێکار رووی دا و دواتریش نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو رۆژەیان بە رۆژی جیهانیی ژنان ناساند. ساڵی 1913 لە هەمان رۆژدا بەلشەفییەکان یادی ئەو رۆژەیان کردەوە و لە ساڵی 1914ش لە هەمان رۆژدا رۆژنامەیەکی تایبەت بە ژنانی کرێکاریان بەناوی (رابۆتنیشا) دەکرد.
لەگەڵ ئەم بایەخە زۆرەش، لە کۆنگرەی شەشەمی پارتەکەیان (حزبی کرێکارانی دیموکراتیی سۆسیالیستیی رووسی) تەنیا لە سەدا شەشی لە ژنان پێک هاتبوون. بەلشەفییەکان ئازادیی ژنانیان بە ئازادیی گشتی و چەوساندنەوەیان بە چەوساندنەوەی پیاوانی کرێکارەوە بەستبووەوە. کاری گرنگیان لە رووی: ئازادی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، بەشداریی ژنان لە خوێندن و چالاکییەکان و هاتنە نێو ریزەکانی حزب و سەندیکاکان و بەشدارییان لە بوارەکانی ئابووری و سیاسیدا کرد.
ترۆتسکی لە کتێبی (شۆڕشە زەوڵملێکراوەکە)دا دەڵێت: شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەڵێنەکانی دەربارەی ژن هێناوەتە دی... هەروەها دەڵێت: دەسەڵاتی تازە هەموو مافە سیاسی و یاساییەکانی بەیەکسانی بۆ ژن و پیاو داڕشتووە... لەوانەش گرنگتر، ئەوەندەی لە توانایدا هەبوو رێگەیان خۆش کرد بۆ ئەوەی ژنان بچنە ناو هەموو جوومگەکانی ئابووری و رۆشنبیرییەوە کە تا ئەو سەردەمە مەزنترین شۆڕش و پەرلەمان نەیانتوانیبوو بیکەن.
ئوماند، یەکەم سەرۆکی ئیدارەدانی پرسی ژنان لە دوای شۆڕشی روسیا لە ساڵی 1917، ئەم تێبینییەی وتووە: ئەگەر ئازادیی ژنان بەبێ بوونی شیوعیەت لە پشتییەوە جێبەجێکردنی مەحاڵ بێت، ئەوا شیوعیەتیش بەبێ ئازادیی ژنان مەحاڵە ببێت.
 
 
 
* ئەم وتارە، یەکێکە لە زنجیرەیەک وتار کە نووسەر لەبارەی (مێگەرایی)یەوە دەینووسێت.

خ.غ
 
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan