راپۆرت

کەی فەرمانبەرانی گرێبەست دەبنە هەمیشەیی

مەودا میدیا - سلێمانی |


کەی فەرمانبەرانی گرێبەست دەبنە هەمیشەیی
مەوداپرێس-

ئەگەرچی بڕیاری وەزیری دارایی و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندییان لەسەر بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست دەرکردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم لە 17ی تشرینی دوومی 2019 دوو هەفتە مۆڵەتی دا بە حکومەت تا بڕیاری پێویستی لە بارەوە بدات و وەڵامی پەرلەمان بداتەوە، بەڵام تا ئێستا حکومەت داوای کاتێکی کردووە و تا ئێستا وەڵامی نەداوەتەوە.

لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، حکومەتی هەرێم نزیکەی 35 هەزار فەرمانبەر و مامۆستای بە شێوەی گرێبەست دامەزراندووە و لە سەرەتادا بڕیار بوو هەر کارمەندێک کە بە گرێبەست دادەمەزرێندرێت دەبێت دوای سێ ساڵ، خزمەت و دامەزراندنەکەی بکرێت بە هەمیشەیی، بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییەوە ئەو پرسە ڕاگیرا و لە ئێستادا ئەو پرسە لە لایەن پەرلەمان و حکومەتەوە جوڵێندراوەتەوە، بەڵام لە نێوانیاندا چارەنووسی ئەو فەرمانبەرانە دیار نییە.

هێرش عەلی، مامۆستای بنەڕەتییە و ساڵی 2014 بە گرێبەست دامەزراوە، ئەو ئاماژەی بەوە دا دوو ساڵ بەسەر ئەوەدا تێپەڕیوە کە دەبوو بکرێتە فەرمانبەری هەمیشەیی.

ئەو مامۆستایە بە مەوداپرێسی راگەیاند "ئەم بڕیارە تازەی پەرلەمان و حکومەت جێی دڵخۆشییە، هیوادارین ڕاستگۆ بن و بەڵێنەکەیان بەرنە سەر و ئەوانەی مافی خۆیانە بکرێن بە هەمیشەیی".

فەرمانبەرانی گرێبەست بە پێی رێنمایی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ وەزارەت و دامەزراوەکان دەرکرا، کە وادەی دامەزراندنی هەمیشەیی ڕادەگیرا، وەزارەت و دامەزراوەکان بە نووسراو ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی داراییان لە پێویستیی فەرمانبەر و مامۆستا دەکردەوە کە پێویستیان بوو، حکومەتیش بە شێوەی گرێبەست نەک هەمیشەیی دایدەمەزراندن.

شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە مەودا پرێسی راگەیاند "حکومەت لەو دوو هەفتەیەدا کە پەرلەمان بۆی دانا بە پەرلەمانی وت کە لەسەر ئەو پرسە مۆڵەتی پێ بدات و دواتر وەڵامتان دەدەینەوە، بەڵام حکومەت وادەی ئەو مۆڵەتەی پێویستییەتی بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە دیاری نەکردووە".

وتیشی "ئەوەی حکومەت دەیڵێت نابێت بەو جۆرە بێت، گومانی تێدایە پرسەکە چونکە مۆڵەت بۆ چەند و بۆ کەی، ئینجا حکومەت دەڵێت جارێ با لەگەڵ بەغدا ڕێک بکەوین و هەندێ لەم قسەوباسانە دەکەن، پرسەکە دەبێت یەکلایی بکرێتەوە و وەک پەرلەمانتار و پەرلەمانیش لە فشارداین تا ئەنجوومەنی وەزیران وەڵام بداتەوە فەرمانەکە دەر بکات".

شێرکۆ جەودەت ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە وەک پەرلەمان تا حکومەت وەڵام نەداتەوە هیچمان پێ ناکرێت، چونکە بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان هەر یاسایەک ڕەهەندی دارایی هەبێت دەبێت ڕەزامەندیی حکومەتی لەسەر بێت و ئەو بڕیارەش ڕەهەندی دارایی هەیە".

سەرەتای پێشنیاری بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست وا بوو کە ڕاستەوخۆ دابمەزرێن و خزمەتیان بۆ حساب نەکرێت و ئەو پارەیەشی کە مانگانە پێویستی بوو پێنج بۆ حەوت ملیار دینار بوو، بەڵام دواتر پەرلەمان وتی دەبێت ئەو ماوەیەی کە بە گرێبەست فەرمانبەر بوون بۆیان بە خزمەت حساب بکرێت و ئەوەش بڕی پارەکەی بۆ حەوت تا دە ملیار دینار لە مانگێکدا بەرز کردەوە.

زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، بە مەوداپرێسی راگەیاند "ئەو مۆڵەتەی بۆ حکومەت داندرابوو بۆ بڕیار لەسەر هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست حکومەت پڕۆژەکەی بۆ نەناردووینەتەوە، بەڵام پێشتر حکومەت وتبووی کە هیچ بارگرانییەک لەسەریان درووست نابێت لە ڕووی داراییەوە، بۆیە کە ئێستا حکومەت وەڵامی نەداوەتەوە ئێمە سەرقاڵی ئەوەین پڕۆژەکە لە لیژنەی یاساییەوە گفتوگۆی لەسەر بکرێت و بیجوڵێنینەوە".

لای خۆشیەوە کاوە عەبدولقادر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان پێی وایە دوای ئەوەی کە وادەی حکومەت بۆ وەڵامدانەوە تێپەڕی و وەڵامی نەبوو ئێستا پڕۆژەکە لای لیژنەی یاساییە کە پێشتر پێی درابوو دەبێت ئەو لیژنەیە راپۆرتی خۆی بنووسێت و بڕیار لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە بدرێت و حکومەت ئیلزام بە جێبەجێکردنی بدات، چونکە پێشتر وتوویەتی رەزامەندم.

ئەو پەرلەمانتارە بە مەوداپرێسی وت "ئەوە ئەرکی لیژنەی یاساییە و ئەگەر ڕاپۆرت لەسەر پڕۆژەیاساکە نەنووسێت ئەوە نایاسایی کردووە".


Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ژنان لە شوێنی کاردا

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

شەهید لەیلا قاسم؛ بووكی كوردستان

لەلایەن زوڵفان غەریب


News

نەسرین قاسملۆ؛ تەوارێکی کوردپەروەر

لەلایەن زوڵفان غەریب