نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

سیستمی کۆتا و پرسی ژنان

کۆتا (Quota)، شێوازێکی یاساییە، داڕێژراوە بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی چەند کورسییەکی کار بەپێی رێژەیەک، یاخود چەند ئەندامێک لەناو ئەنجومەنەکان و دەزگاکان لەپێناو بەرژەوەندی توێژێک، بەرەیەک، یاخود لایەنێک... بۆ نموونە؛ ژن، کەمەنەتەوەکان و تایفە ئایینییەکان، یاخود دانیشتوانی ناوچەیەکی دیاریکراو. بۆ مەبەستی دابەشکردنی کورسیی نوێنەرایەتی بەسەر پێکهاتەکانی کۆمەڵگەدا دانراوە، بەتایبەتیش لە سیستمی حوکمڕانیی دیموکراسیدا ئەو شێوازە جێبەجێ دەکرێت؛ وەک رێگەیەکی ئەرێنی بۆ چاککردنی ئەو هەڵانەی کە لە دابەشبوونی دەسەڵاتەکاندا بەسەر کۆمەڵدا سەپێنراون.

کۆتا بۆ ژنان، ئەو رێژە کەمەیە بۆ ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکان دانراون، شێوازەکانی بەپێی سیستمە جیاوازەکانی هەڵبژاردن جیاوازن، بەڵام بەگشتی زامن و دڵنیابوونێکە بۆ ئەو توێژە کە بێبەشن لە ژیانی سیاسی و کار. 
کاتێک کۆتا وەک سیستم داڕێژرا، وەک شێوازێکی کارپێکراوی قۆناغی و کاتیی، لە روانگەی یەکسانبوون و دادپەروەرییەوە بنیات نرا، هەروەها بەمەبەستی رێگریکردن لە بەردەوامبوونی نایەکسانی و جیاکاریی، کە توێژ و لایەنێک لە مێژوودا رووبەڕووی بوونەتەوە.

کۆتا بە هەموو جۆرەکانییەوە (نەتەوەیی، ژن، ئایینی، ناوچەیی) بۆ جێبەجێکردنی سێ هەنگاو بەکار دێت:
1- کۆتای دەستووری: واتا سیستمەکە دەبێتە مادەیەکی دەستووری، رێژەیەک لە کورسییەکانی دەسەڵاتی یاسایی بۆ ژن یاخود ئەوانی تر دادەنرێت، ئەگەر نەشبێت، دەبێت دەستوور چاک بکرێت و دابنرێت، یاخود وەک پەراوێز بخرێتە سەری.
2- کۆتا لە یاسای هەڵبژاردن: لەو حاڵەتەدا مادەیەکی بۆ دادەڕێژرێت.
3- کۆتا لە یاسای حزبە سیاسییەکان: حزبە سیاسییەکان لە پەیڕەوی ناوخۆییاندا رێژەیەک بۆ ژن لە ناوەندەکانی بڕیاردانیاندا دادەنێن، هەروەها لە کاتی هەڵبژاردندا رەچاوی ئەو رێژە دەستوورییە دەکەن بۆ کاندیدەکانیان بەپێی شێوازی هەڵبژاردن.
مەبەست لە کۆتای ژنان، پتەوکردنی یەکسانیی نێوان هەردوو رەگەزە، کە لەو رێگەیەوە ماف بە ژنان دەدرێت بۆ بەشداریکردن لە سیاسەت، حوکمڕانی و دەسەڵاتدا بۆ پتەوکردنی باوەڕی کۆمەڵگە بە تواناکانی ژنان و بەکارهێنانی تواناکان بۆ خزمەتکردنی گەل. لە لایەکی ترەوە، ژنان زیاتر باوەڕیان بە خۆیان و تواناکانیان لا پەیدا دەبێت، هەروەها جەماوەریش زیاتر رادێن لە بوونی ژن لە ناوەندەکانی بڕیار و بەشداریکردنیان لە داڕشتنی سیاسەتی وڵات و ئیدارەدانی دامودەزگاکانی دەوڵەتدا، کە دەبنە هۆکار بۆ گۆڕانکاری لە تێڕوانینی گشتیی کۆمەڵگە و جێبەجێکردنی یەکسانی و دادپەروەری بەشێوەیەکی کرداری. لە لایەکی تریشەوە، هۆکارێکە بۆ دروستبوونی کێبڕکێ لە نێوان ژنان خۆیاندا و هانیان دەدات بەشدار بن لە دامودەزگاکانی حزبە سیاسییەکان، یاخود رێکخراوە ناحکومییەکاندا تا ببنە چالاکوان لە بوارە جیاوازەکاندا بەمەبەستی بەدەستهێنانی باوەڕی گەل و گەیاندنیان بە پلە و پایەی ناوەندەکانی بڕیار.
سیستمی کۆتا، زیاتر لە دوای رێککەوتنی سیداو لە ساڵی 1979 گشتاندنی بەخۆوە بینی، ئەو دەوڵەتانەی واژوویان لەسەر ئەو بەڵێننامەیە کردووە؛ دەبێت پابەند بن بە جێبەجێکردنی بڕگەکانییەوە، هەروەها ئەو لایەنانەی کە پرۆتۆکۆڵە ئارەزوومەندانەکانیان واژوو کردووە، بەهەمان شێوە مەبەستیان پابەندبوونە. بۆ مەبەستی بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بەڵێننامەکە، لیژنەیەک لە رێککەوتنی سیداو هەیە ساڵانە داوای راپۆرت لە وڵاتە بەشداربووەکان دەکەن.
سیستمی کۆتا، زۆر جار دەکەوێتە بەر تانە و رەخنە، بەشێکی زۆری رەخنەکان لە دەوری مەترسییەکانن لەسەر ناسنامەی سیاسی و ئاستی پێشکەوتوویی دەوڵەتەکان، هەندێک لایەن بۆچوونیان وایە کە رەنگە سیستمی کۆتا ئەنجامێکی پێچەوانەی هەبێت و جیاکاری زیاتر لە نێوان رەگەزەکان دروست بکات و دوور بکەوێتەوە لە دادپەروەری، کە پاراستنی ئەمە بەتایبەتی ئەرکی سەرەکی وڵاتە دیموکراتخوازەکانە.
لایەنێکیش تریش هەن پێیان وایە ئەو لایەنانەی کۆتا دەیانگرێتەوە، خۆیان بە قوربانیی مێژوو دەزانن و بەهۆی کۆتاوە هەستی بەزەیی بەخۆداهاتنەوەیان لا زیاتر دەبێت، وەک ئەوە وایە خێریان پێ بکەن و بە چاوی بەزەییەوە سەیری کەیسەکانیان بکەن، نەک بە چاوی یەکسانی و دادپەروەری، ئەو جۆرە هەستەش تواناکانیان لاواز دەکات.

یەکێکی تر لە بۆچوونەکان، ئەوەیە کە دەڵێن: ئەگەری ئەوەی هەیە ئەو سیستمە رێژەییە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ پەیڕەو بکرێت، لە کاتێکدا خۆی سیستمێکی کاتی و قۆناغییە.
هەندێک لە رەخنەگرەکانیش پێیان وایە کە ئەو سیستمە رۆڵی تاک کەم دەکاتەوە و ویستی ئەندامبوون لە گرووپ و کۆمەڵەدا لەبری تاک بڵاو دەبێتەوە، واتا؛ ئەگەر کەسێک سەر بە گرووپ و کۆمەڵەیەک نەبێت؛ ئەوا دەرفەتی بۆ ناڕەخسێت بگاتە ناوەندی بڕیار، یاخود کورسییەک بەدەستبهێنێت، بەو هۆیەوە رۆڵی تاک کەم دەبێتەوە و پێشبڕکێ لە نێوان تاکەکان لاواز دەبێت. 
بە شێوەیەکی گشتی، لای رەخنەگران، سیستمی کۆتا، سیاسەتی جیاکاریی ئەرێنییە لەبری بەدەستهێنانی یەکسانی، دەبێتە هۆکار بۆ دروستبوونی جیاکاری. ئەمە جگە لەوەی هەندێکیان لەو باوەڕەدان کە رەنگە کەسانێک هەبن زۆر لەوانەی بەهۆی کۆتاوە دەگەنە دەسەڵات بەتواناتر بن بۆ بەڕێوەبردن و کاری سیاسی، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو دەرفەتەیان لەبەردەستدا نییە، ناتوانن بەو ئامانجە بگەن. ئەوەش دژی رەخساندنی هەلی یەکسانە لەبەردەم تاکەکانی کۆمەڵگە. 
لە کۆتاییدا سیستمی کۆتا بۆ قۆناغێکی مێژوویی کەم و دیاریکراو، کارێکی ئەرێنییە، بەڵام گەر درێژە بکێشێت، رەنگە دەرەنجامەکانی بەپێچەوانەوە بشکێتەوە.
  
* ئەم وتارە، یەکێکە لە زنجیرەیەک وتار کە نووسەر لەبارەی (مێگەرایی)یەوە دەینووسێت.
 
خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan