نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

ئێمەش خاوەنی عەلی مەردانین

شەڕی ساغکردنەوەی چارەنووسی ناسنامەی کەرکوک، تەنھا لە رێگەی سیاسەتەوە ناکرێ، بەڵکو ئێمەی کورد لەو شەڕەدا دەتوانین پەنا بۆ عەلی مەردانیش ببەین؛ ئەو ھونەرمەندەی ھونەرمەندانی دیکەی فارس و عەرەبیش لێی دەپاڕانەوە فێری ئاواز و مەقاماتیان بکە، ئێ خۆ کردی و بووە خاوەن شانازیی بۆ کوردستان و کوردانی کەرکوک.

عەلی مەردان بۆ سەلماندنی ناسنامەی کوردستانیبوونی کەرکوک بەڵگەیەکی باشە، کاتێک ئەوان بە فیشەک دەیانویست کەرکوک دەستەمۆ بکەن، عەلی مەردان بە مەقاماتی کوردی وەڵامی دەدانەوە، ئەی ئەوە خەباتی زێڕین و کوردایەتی نییە لەبری پڕکردنی مێشکی ھاوشارییەکانت، تۆ بێیت رۆحیان تژی بکەی لە ئاوازی کوردی و مەقامی کوردانە، لەبری کوشتوبڕ، تۆ بێیت گوێچکەیان سیخناخ بکەی لە بەیت و وشەی کوردی، لەبری ناچارکردن بە گوێگرتن لە ناڵە و فیغان، تۆ بتوانی گۆرانی پێکەوەژیانیان بۆ بڵێی.

نازم غەزالی، کاتێک عەلی مەردان لە رادیۆی کوردی بەغدا دەبێ، لێی دەپاڕێتەوە فێری مەقام وتنی بکات، فێری دەکات، بەڵام نەمانبینی بۆ مێژوو سوپاسێکی بکات، لە رادیۆی کوردیی تارانیش بەھەمان شێوە، ئەمە دەرخەری ئەوەیە؛ کورد ھونەرەکەیشی خستووەتە خزمەتی پێکەوەژیانەوە، بانگی شەڕ و نەتەوەچێتی نەکردووە، بەڵکو ئاوازی بۆ لێبووردەیی و پێکەوەژیان چڕیوە.

ئێمە داوای کەرکوک ناکەینەوە، بەڵکو ھی خۆمانە و وەریدەگرینەوە، زۆری ھێزمان نییە و مێژوو فشار دەخاتە سەر نەیارەکانمان، چەند بکوژبن، ئێمە ھەر ئاشتیمان دەوێ، سروود و مەقامی ئازادی و پێکەوەژیان دەچڕین،  ئەوان عەلی حەسەن مەجیدیان بۆ کوشتنی کورد ناردە کەرکوک، ئێمەش لەگەڵ خەباتی ئازادیخوازی، ھونەرمان کردە نموونەی پێکەوەژیان، چی کووچە و کۆڵانێکی کەرکوک ھەیە پڕ نەبێ لە ئاوازی کوردانەی عەلی، لەسەر شوکر خەیاتیش قسە دەکەم.