نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

گفتوگۆ لەسەر شوناسەکەی ناکەین

لای نەتەوەی کورد، کەرکوک کوردستانییە، ئەوە گفتوگۆی لەسەر ناکرێ، بەڵام بۆ ئەوانەی شوناسیی کوردیی کەرکوک قبووڵ ناکەن، دەکرێ بەڵگەی مێژوویی کوردستانیبوونی کەرکوکیان پیشانبدرێ، بۆ ئەوەی نەڵێن کوردەکان ھەر لە خۆڕا دەڵێن کەرکوک شاری ئێمەیە.

نەسەلماندن ئەگەر بنەمای ھەبێ، قبووڵکراوە، بەس مادام بابەتەکە دەرەنجامی تەعریب و تەبعیسە، بابەتەکە دەگۆڕێ بۆ خواستی داگیرکاری و خۆسەپاندن؛ جا کوا لە مێژوودا ھەبووە؛ کورد خۆی رادەستی ویستی داگیرکاری بکات؟ نەک نەیکردووە، بەڵکو بەھەموو شێوەیەک رەتیشیکردووەتەوە، ئەمە جەسارەتی نەتەوەیەک کەوا سەد ساڵە بە ئاگر و ئاسن لە سەری دەدەن.

مورافەعە گەورەکەی سەرۆک مام جەلال بۆ موساوەمە لەسەر کوردستانیبوونی شوناسی کوردبوونی کەرکوک نەبوو، بەڵکو بۆ کردنەوەی چاوی داخراوی عەرەب و تورکمانە شۆڤێنییەکان بوو؛ ئەوانەی ھەر گوێیان لێ بێت بڵێیت کەرکوک شارێکی کوردستانییە، لە جەڵتە لێدان نزیک دەبنەوە.

قامووسی عوسمانلی کەوا دەسەڵاتەکەی چەندین ساڵ بەناڕەوا، فەرمانڕەواییان لە کەرکوک کرد، ناڵێ کەرکوک لەسەر نەخشەی کوردستان نییە، سەرۆک مام جەلال ئەو راستییەی پێ وتنەوە، کەچی تائێستاش شۆڤێنی ھەیە ھەر خۆی لەئاستی لە گێلی دەدا، جا کورد راستیەکانت پێ دەڵێ و تۆش لەبەرئەوەی رقئەستووری نایسەلمێنی، ئۆباڵی نەزانیت لە ئەستۆی خۆتە و کورد ھیچ خەتایەکی نییە.

زیاتر لەسەر رۆیشتن بۆ سەلماندنی راستییەک لەلایەن خاوەنەکەیەوە، مانای گومانکردنە لەسەر ئەسڵ و فەسڵی راستییەکە، کورد ئەوە نابێ بکات، بەڵکو پێداگری لەسەر وەرگرتنەوەی کەرکوک ئەسڵە؛ ئەمڕۆ یان سبەی دەگەینە مەقسەد، مادام ئێمە خاوەنە ئەسڵییەکەی کەرکوکین، دەستبەرداری نابین، بۆ ئەوەش قوربانیی زۆرمان داوە و دەدەین.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan