راپۆرت
مەودا میدیا هۆكاری ئامادەنەبوونی بەرپرسە حكومییەكانی سلێمانی له كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەن ئاشكرا دەكات
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
هەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجام بدات بەڵام كۆبوونەوەكە نەكرا، مەودا میدیا هۆكاری بەشدارینەكردنی بەرپرسە حكومییەكانی سلێمانی لەو كۆبوونەوەیە ئاشكرا دەكات.
كاسترۆ مەعروف، سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانی نیشتمانی له ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "بڕیاربوو ئەمڕۆ لەسەر پرسی نەخۆشی كۆرۆنا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ئامادەبوونی یەكە ئیداریەكانی پارێزگای سلێمانی و هەردوو بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و هەڵەبجە بكرێت".
ئەوەشی خستەڕوو "كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی هەر یەكە لە هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، ئازاد تەوفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، سەلاح كوێخا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین، سەباح نەسرەدین، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای سلێمانی و ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەدەچوو بەڵام تەنیا دوو لەو بەرپرسانە ئامادەبوون بچنە كۆبوونەوەكە ".
لە بارەی ئامادەبوونی پارێزگاری سلێمانی و یەكە ئیدارییەكان و بەڕێوەبەرە گشتییەكان ئەو ئەندامە وتی "نازانین بۆ بڕیاری بەشدارنەبونیان داوە بەڵام بە ئاگاداری ئەنجومەن بووە".
بەپێی زانیارییەكان ئەگەر ئەو كۆبوونەوەیە بكرایە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ئامادەبوونی ئەو بەرپرسانەی سنورەكە بڕیاریان لەسەر راگرتنی دەوامى فەرمانبەرانی پارێزگای سلێمانی دەدا.
پێدەچێت ئامادەبوونی ئەو بەرپرسانەی پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بوبێت بەوپێیەی كە لە كۆبوونەوەی هەفتەی پێشوو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری راگرتنی دەوامی لە تەواوی خوێندنگاكانی سنوری پارێزگای سلێمانیدا.
هۆكارێكی تریش ئەوەیە هەر یەكە لە پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە و یەكە ئیداریییەكانی راپەڕین و گەرمیان نەیانویستووە بچنە ژێر باری ئەو بڕیارەی كە دەوام لە سنوری پارێزگای سلێمانی رابگیرێت.
هەروەها ئازاد ئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانید رایگەیاند "هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی مەرجی داناوە بۆ ئەنجومەن بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكە، بەڵام ئەنجومەن لە بەرژەوەندی هاولاتیان و لە دۆخێكی لەو شێوەیە هیچ مەرجێك قەبوڵ ناكات".
وتیشی " بەنیازبووین لەو كۆبوونەوەیەدا دەوامی فەرمانبەران لە تەواوی سنوری پارێزگای سلێمانی رابگرین، بەڵام هیچكام لە پارێزگارەكان و یەكە ئیدارییەكان ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبوون".