تەکنەلۆژیا

مۆبایل، بەڵای سەردەم لەسەر تەندروستی گەورە و بچوک

مەودا میدیا - سلێمانی |


مۆبایل، بەڵای سەردەم لەسەر تەندروستی گەورە و بچوک
مەەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەکارهێنانی مۆبایل زیاتر لە پەیوەندییەکەی ئاسایی تێنەدەپەڕی، بەڵام لەئێستادا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا مۆبایلی زیرەک هاتووەتە ناو بازاڕی کێبڕکێ و خەڵک زیاتر و زۆرتر بۆ کاروباری رۆژانە بەکاری دەهێنێت.

هەر تاکێکی کۆمەڵگە رۆژانە نزیکەی 221  جار مۆبایلەکەی هەڵدەگرێت و کاری پێدەکات، بەربڵاوبوونی تیشکەکانی ئەم ئامێرە بچووکە لەناو خەڵک و ژینگەدا پەیوەندی راستەوخۆی لە گەڵ تەندروستی مرۆڤدا هەیە.

بەپێی تویژینەوەکان قسەکردن بە مۆبایل و هەڵگرتنی زیانی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ هەیە و بەهۆی بەکارهێنانی زۆرەوە زیانەکان تا بێت زیاتر دەبن، کاریگەرییە خراپەکان زۆرن و لە یەکەم ساتی بەکارهێنانی مۆبایل دەستپێدەکات و بە درێژەیی تەمەن خۆیان لەجەستە و دەرووندا دەردەخەن.

ئەمانەش بەشێکن لە زیانەکان:

1- چاو کە گرنگترین ئەندامی جەستەیە بە بەردەوامی راستەخۆ پەیوەندی بە مۆبایلەوە هەیە و کاریگەری خراپ لەسەر چاوەکان لەدوای خۆی بەجێدەهێڵێت، رووناکییەکەی دەتوانێت زیان بە تۆڕی چاو بگەیەنێت، لە دوای ئەنجامدانی راپرسییەک لە نێوان 2 هەزار کەس لە ئەمریکا دەرکەوتووە لە %55 ی ئەو کەسانەی مۆبایل بەکاردەهێنن تۆڕی چاوەکانیان زیانی پێگەشتووە.

2- ناڕێکی لە خەودا، بەپێی راپرسییەک لە ساڵی 2013 ئەنجامدراوە هاتووە، لە %63 ی ئەو کەسانەی مۆبایلی زیرەک بەکاردەهێنن تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 29 ساڵدایە و مۆبایلەکانیان لە لای سەریان دادەنێن لەکاتی خەودا.

3- ئازاری جومگەکان و بڕبڕەی پشت و مل و سەر، لە وتارێکدا کە لە رۆژنامەی واشنتن پۆست چاپکراوە هاتووە، کاتێک کە سەرقاڵی خوێندنەوەی بابەتیکی بە مۆبایل، ئەگەر سەرمان خوار بێت ئەوا بە کێشی زیاتر لە 5  کیلۆگرام لەسەر سەرمان دروستدەبێت، ئەگەر زۆر زیاتر سەرمان خوار بکەینەوە ئەوا زیاتر لە 27  کیلۆگرام کێش لەسەر سەرمان دروست دەبێت.

4- دروستبوونی شێرپەنجەی مێشک یەکێک لە هۆکارەکانی بۆ بەکارهێنانی زۆری مۆبایل دەگەڕێتەوە، بەتایبەت ئەو کاتەی کە مۆبایلکە لە سەر سەرمان نزیک دەکەینەوە، شەپۆلەکانی ئەم بەکارهێنانە زیان بە خانەکانی مێشک دەگەیەنێت، بە تایبەت بۆ منداڵان.

5- مۆبایل و شەپۆلەکانی کاریگەریان لە سەر ژنانی دووگیان و کۆرپەلە هەیە، لە هەندێک حاڵەتدا لەبارچوونی کۆرپەلەکە بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

6- هەندێکجار مرۆڤ تووشی خەمۆکی دەکات، زۆربەکارهێنانی مۆبایل بەردەوام سەیرکردنی هۆکارە بۆ خەمۆکی، بە وتەی زانایان بەکارهێنانی زۆری مۆبایل کاریگەری لەسەر گۆڕینی هەڵسوکەت و جووڵەی مرۆڤ هەیە و ناتوانێت کۆنترۆڵی خۆی بکەن.

7- کاریگەری خراپی لەسەر پەیوەندی سێکسی بە تایبەت نەخستنەوەی وەچە لەpیاودا هەیە، ئەو پیاوانەی مۆبایلەکانیان لەناو گیرفانیان دادەنێن بەروارد بەو پیاوانەی کە مۆبایلەکانیان لە شوێنێکی دیکە دادەنێن لە %15 سپێرم کەمتر دروستدەکەن.

8 - کەمکردنەوەی توانای بیستن، کاتێک بە دەنگێکی بەرز گوێ لە مۆسیقا دەگرین، یان بە بەردەوامی بە تەلەفۆن قسە دەکەین، ئەمە وا دەکات هەستی بیستنمان کەمبێتەوە و تووشی نەخۆشییەکانی گوێ بین.

10- کاریگەری مۆبایل لە سەر منداڵان وا دەکات پەیوەندی نێوان منداڵ و خێزان کاڵتربێتەوە، سروشتی منداڵەکە دەگۆڕێت، کێشی منداڵەکە زیاد دەکات، چونکە ناجوڵێت و بەردەوام سەرقاڵی مۆبایلەکەیەتی، دەبێتە هۆی دروستبوونی ترس و بێخەویی لەمنداڵەکەدا.

کەواتە چی بکەین کە بە کەمترین زیان لە بەکارهێنانی مۆبایل دەرچین؟
1- کەمتر قسەکردن پێی لەکاتی پەیوەندییەکان.
2- بەکارهێنانی هیتفۆنی کێبڵدار.
3- رەچاوکردنی دووری و نزیکی نێوان خۆمان و مۆبایلەکانمان.
4- بەکارهێنانی مۆبایل لە دەرەوە ماڵ.
5- دوورخستنەوەی مۆبایل لەخۆمان لەکاتی خەودا.

س.ر
Qaiwan
Qaiwan