ڤینۆس فایەق

ڤینۆس فایەق

ئەی ئەگەر فرەپیاوی هەبووایە؟

هەرچەندە ساڵی نوێ چەند رۆژێکی ماوە، دەبوو شتێک لەوبارەوە بنووسم، بەڵام چەند بیرمکردەوە، بڕوام نەبوو لەبارەی شتێکەوە بنووسم کە هیچ هەستێکی جیاوازم پێ نابەخشێت، چونکە لای من هەموو رۆژەکان وەکو یەکن و هەموو رۆژێک سەری ساڵێکی نوێیە، هیچ رۆژێکیش کە شتێکی جیاوازی تیادا روونەدات بۆ من ئاساییە، بەڵام هەر لە بۆنەی ئەم سەری ساڵەدا و بۆ خاتری ژنێکی هاوڕێم کە لە کوردستانە، ئەمجارەش هەر باسی ژن دەکەم، باسی فرەژنی و فرەپیاوی دەکەم، نەمویست باسی هەستی ئەو ژنە بکەم کە ژنی بەسەر دێت، یان باسی ئەو ژنە بکەم کە بەسەر ژن شوو دەکات، باسی ئەو پیاوەش نەکەم کە پیاوی بەسەردێت، یان باسی ئەو پیاوە بکەم کە بەسەر پیاوێکی تر زەماوەند دەکات، بەڵام باسەکە هەر رژایەوە کۆشی ئەو ژنەی کە ژنی بەسەر هاتووە. 

پیاوێک لە خەویدا ژنەکەی شوو بە پیاوێکی تر دەکات و دەیباتەوە ماڵەوە، کە ئەو دیمەنە دەبینێت لە داخدا خەریکە دڵی دەوەستێت، خوا بەوە رەحم دەکات خەبەری دەبێتەوە، دەبینێت ژنەکەی لە پاڵیدا خەوتووە و چ لە گۆڕێ نییە، ئارەقەی نێوچاوانی دەسڕێ و لێی دەخەوێتەوە. 

ساڵێکیشیان ژنێکی دراوسێمان لە دیوارەکەی نێوانمانەوە بانگی کردم داوای سەلکێ پیازم لێ بکات، بۆی باسکرم کە لە خەویدا ژنی بەسەر هاتبوو، خەریک بووە دڵی بوەستێ، وەختێ خەبەری دەبێتەوە دەبینێ مێردەکەی لە پاڵیدا خەوتوە ئاه بە دڵیدا دێت و ئارەقەی ناوچەوانی دەسڕێ و لێی دەخەوێتەوە، بەڵام تووڕەیی و خەمی ئەو پیاوەی لە خەونیدا پیاوی بەسەر هاتبوو زۆر قورستر بوو، کەچی هێندەی نەبرد ژنی بەسەر ژنەکەی هێنا، ئەو ژنەش کە لە خەوییدا ژنی بەسەر هاتبوو بۆ خاتری وەچەی کوڕ هەر ژنی بەسەر هات. 

ئێستا من نازانم بۆچی ئەم باسەم کردەوە، بەرەو ساڵێکی نوێ دوا هەنگاوەکان دەنێین. دوێنێ ژنێکی هاوڕێم کە ژنی بەسەر هاتووە، لە کوردستانەوە تەلەفۆنی بۆ کردم، بۆی باسکردم کە مێردەکەی تکتی فڕۆکەی بۆ خۆی و ژنە تازەکەی بڕیوە شەوی سەری ساڵ لە ئیستانبوڵ بەسەر بەرن. بەدەم قسەکردنەوە دەگریا، بۆ ئەوەنا بچێت بۆ ئیستانبوڵ، بەڵکو بۆ ئەو هەستە تاڵەی مێردەکەی چوار شەوی هەفتە لە باوەشی ژنێکی تردا رۆژ دەکاتەوە، بۆ ئەوەی ئەو بۆنە خۆشە لەگەڵ ژنێکی تردا بەسەر دەبات، ئەمیش لەبەر دابونەریتی خێزانەکەیان وتی وتی و قسەوقسەڵۆک بەتەنها ناکرێ بەشداری لە هیچ ئاهەنگێکی ئەو بۆنەیەدا بکات.

"ئای خودایە ئەم زوڵمە قبووڵ نەکەیت"، ئەمە ئاخر قسەی ژنەکە بوو و پێش ئەوەی تەلەفۆنەکە داخاتەوە وتی تۆ داکۆکیکاری لە ماف و مرۆڤبوونی ژن، بۆچی لەمبارەوە نانووسیت؟ ئەگەر چی زمان و قەڵەم و سەری پەنجەکانمان بە تایپکردن سوا ئەمەندەمان لەمبارەیەوە نووسی، بەڵام پەیمانم پێدا بینووسم، هەرچەندە رووبەری ئەم گۆشەیە رێگە بە زیادڕەوی نادات لەو بارەوە، بەڵام ئەگەر فرەپیاوی هەبووایە، ژن تکت بۆ پیاوی دووەمی بکڕێت شەوی سەری ساڵ لە ئیستانبوڵ بەسەر بەرن، پیاوی یەکەمی بەدیار منداڵەکانییەوە بەجێبهێڵێت، داخوا دەبێت هەست بەچی بکات؟

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan