ڤینۆس فایەق

ڤینۆس فایەق

هێندەی ریقنەکەی بەر سەرمان دەکەوێت

«خورافاتەکان دەبێت وەکو خورافات بناسێنرێن، ئەفسانەکان وەکو ئەفسانە و موعجیزەکان وەکو موعجیزە. باسکردنی خورافاتەکان بەو مانایەی کە حەقیقەتن شتێکی ترسناکە، چونکە ئەقڵی منداڵ وەردیگرێ و باوەڕی پێدەکات، و بە ئازار و رەنگە بە کارەسات بتوانێت رزگاری بێت لێیان». –هیپاشیا-

هیچ یەکەم رۆژێکی جەژن ئاگری تەباخمان بۆ چێشت لێنان دانەدەگیرسان، گوایە کەسێکمان لێ دەمرێ، بە رێکەوت لە دوو جەژندا دوو کەسی خێزانی باوکم گیانیان لەدستداوە. دەیانگوت ئەمە پشتاوپشت بۆ کوڕەکان دەگوێزرێتەوە، کچەکان چونکە پشت نین کە چوونە ماڵی هاوسەرەکانیانەوە، دەتوانن یەکەم رۆژی جەژن چێشت لێبنێن، چونکە خەرجییەکە مێردەکەی دەیکات. ئێستاشی لەگەڵ بێت لێکدانەوەم بۆ ئەم مەسەلەیە نەدۆزییەوە.

نیانیش کە ئاوێنەکەی لەدەست بەربۆوە و بوو بە هەزار پارچەوە، نیگاری خوشکی نوقڵانەی بۆ لێدا: «تۆ ئیتر شوو ناکەی». نیان بووە بە چل ساڵ کە پرسیاری شووکردنی لێدەکرێت، دەڵێت «پازە ساڵان بووم ئاوێنەکە لەدەستم بەربۆوە و شکا». باوەڕی قووڵی بەو خورافەیە هێناوە، گەر ئاوێنەکەی نەشکاندایە گرێی بەختی دەکرایەوە و ئێستا لە ماڵ و حاڵی خۆیدا دەبوو. جا کە ناوکی کوڕەکەم وشکی کرد و لێبۆوە، فڕێم دایە زبڵدانەکەوە، نەرمینی دراوسێمان بەرانبەرم دانیشتبوو، گوتی «کوڕەکەت لە داهاتوودا دەبێت بە خۆڵڕێژ». ئەو ژنە بە دەموچاویدا دیاربوو کە لە باوەڕێکی قووڵەوە ئەو قسەیە دەکات.

گوتووشیانە «شەممە کار و شەممە بار، شەممە بووکی تیا ناکرێ سوار». واتا گەر رۆژی شەممە بووکیان گواستبێتەوە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵی باوکی. رەنگە وا رێکەوتبێت بووک لەو رۆژەدا گواسترابێتەوە و دوای ئەوەی کێشەیەک روویدابێت و گەڕابێتەوە ماڵی باوکی. گرفتەکەش لەوەدایە، کەسانێک لە دەستەپاچەییان لە ئاست کێشەیەکی گەورەدا پەنا بۆ شتێکی باوەڕپێنەکراو دەبەن، هەمیشە بوێری ئەوە ناکەن باوەڕ بە پێچەوانەکەی بکەن. لە جیاتی ئەوەی لە ئەسڵی کێشەکە بکۆڵنەوە، بەستوویانەتەوە بەوەی گەر لە رۆژی شەممەدا نەگواسترابێتەوە بۆ ماڵی مێردەکەی ئاوای بەسەر نەدەهات.

لای روسەکان و تەنانەت ئێمەش کە ریقنەی چۆلەکە بەر سەرمان کەوتبێت گوتوویانە پارەت بەسەردا دەبارێ و دەوڵەمەند دەبیت، رەنگە بۆ ئەوە بووبێت رێگری لە تووڕەبوونی ئەو کەسە بکەن کە ریقنەکە بەسەریدا کەوتووە، یان بە رێکەوت دوای ئەوەی ریقنەکەی بەر کەوتووە بڕێک پارەی لە ئیشێکەوە دەستکەوتوە.

هیچ خورافەیەک بنەمایەکی ئەقڵانی و زانستیی نییە جگە لە دەستەپاچەیی ئادەمیزاد لە ئاست کێشە و گرفتەکانیدا یان شکنەبردنی هیچ لێکدانەوەیەک بۆ دووبارەبوونەوەی رووداوێک لە شوێنێکدا، دوو کاتی جیاواز یان بە شێوەیەکی دیاریکراو. زۆربەی کاتیش پەسەندکردنی خورافاتەکان بنەمایەکی دینییان تێدا دەبینرێتەوە.

هیچ ئادەمیزادێک توانای بەکارهێنانی هەموو توانا ئەقڵییەکانی نییە، ئەوەش ئەوە ناگەیەنێت کەس نییە لە 10%ی زیاتری تواناکانی مێشکی بەکاربهێنێت، جا زۆر کەس باوەڕ بەمە ناکات و تەسلیمبوون بە خورافەکە ئاسانترە. ئەوانەی کە بە توندی داکۆکی لێدەکەن و شەڕی بۆ دەکەن، کارەساتن. چونکە هیچ خورافەیەک هێندەی ئەو ریقنەیەی بەر سەرمان دەکەوێت بنەمایەکی زانستیی نییە.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan