ڤینۆس فایەق

ڤینۆس فایەق

ئەو دنیایەی بە خیتاب و شیعر دەیگۆڕین

ئێمە ناخوازین دنیا بگۆڕین، دەخوازین کۆمەڵگەیەک هوشیار بکەینەوە، هەربۆیە دەبێت لەوە تێبگەین جۆری جلوبەرگ ئاماژە نییە بۆ ئەوەی ئێمە هوشیارین یان نا. جلوبەرگ یەکێکە لەو شتانەی ئاستی هوشیاریمان بەجۆرێک لە جۆرەکان پێناسە دەکات. 

ئەو کوڕانەی وەکو دڕندە لە هوانە پەلاماری کچەکەیان دا، بە خۆڕایی ئەوەیان نەکرد، ئەوان لە ژینگەیەکی هێندە تەندروستدا پەروەردە نەکراون ئاسایی بێت لەلایان کچێک بە تەنورەیەکی کورتی لەسەروو ئەژنۆوە ببینن و کۆنترۆڵی هۆرمۆنەکانی جەستەیان بکەن و بەو شێوەیە تێی بەرنەبن، ئیتر لەوێدا کوڕەکان تاوانبار نین، هەروەها کچەکەش. ئەگەرچی باوەڕم وایە ئەگەر کچەکە لانیکەمی هوشیاریی هەبووایە هەرگیز بەو جلانەوە نەدەچووە شوێنێکی لەو جۆرەوە، چونکە نە شوێنەکە شوێنێکی تەندروستە و نە جلوبەرگەکە شیاوی جێگەیەکی لەوجۆرەیە.

دکتۆر ئەحمەد خالید تۆفیق دەڵێ «چووم بۆ کۆڕێک، کچێک بلوزێکی لەبەردا بوو نیوەی سینگی دیار بوو، لەگەڵ پانتۆڵێکدا گەر رەنگاو رەنگ نەبووایە نەمدەزانی هیچی لەبەردایە، وەکو هیندییە سوورەکان دنیایەک ئارایشتی لەخۆی هەڵسووبوو، بەشێوەیەکی هیستریایی و بە تووڕەییەوە قسەی دەکرد «پیاو سوورە لەسەر ئەوەی ژن خوانێکی بەچێژی سەر جێگەیە».

سەیری ئامادەبووانم کرد، سوێند دەخۆم ئەو نمایشە ناوازەیە وای لێکردن لەو کاتەدا بیر لەسەر جێگە بکەنەوە و بەدڵیشیان بوو. باشە، دەبێت پیاوان هیچ هۆرمۆنیان نەبێت بۆ ئەوەی تۆ لێیان رازی بیت؟ ئەی تۆ بۆ ئەم شوێنە بۆچی بەو شێوەیە خۆت گۆڕیوە؟ یان هەر جۆرێک لە تاقیکردنەوەیە بۆ ئەوەی بزانیت پیاوی ئەشکەوتن یان نا؟ خۆت وەکو مێینە پیشان دا، نەک وەک ئەقڵ، ئیتر لۆمەی کەس مەکە کە بەو شێوەیە مامەڵەت لەگەڵ دەکات. ئەزموون فێری کردم کە ئەمجۆرە لە ژنە ئەدیبەکان کە لە سێکس زیاتر بیر لە هیچی تر ناکەنەوە، هەمیشە رێکەوتی پیاوانێکی هێندە زیرەک دەکەن کە لە توانایاندایە خۆیان بە تێگەیشتوو ئاستبەرز و جیاواز لە کاهینەکانی خێڵ پیشان بدەن، هەتا مەرامی خۆیان دەستدەکەوێت. دوای ئەوەش وازی لێدەهێنن، چونکە هیستریایی و تاقەتبەرە، و ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ناو بازنەی تووڕەیی و نەفرەت لە پیاوان و زیاتر دەنووسێت».

ئێمە بەردەوام بە رەگەزی بەرانبەردا دێینەخوارەوە و لەوە دوورتر ناڕوانین. ئەو سیستمە پەروەردەیەی کە شکستیهێناوە کوڕێکی هوشیار پەروەردە بکات، بەهەمان شێوە نشوستی هێناوە کچێکی هوشیار پەروەردە بکات، بە دنیابینییەکی ئینسانی و ئەقڵانییەوە ماف و ئەرکەکانی خۆی بناسێت.  

بێگومان بەسەرهاتی کچەکەی هوانە یەک نموونەیە، رۆژانە هەراسانکردن و ته‌نگ‌ پێهه‌ڵچنین بە کچان روودەدات. هوشیاریش شتێک نییە بە رەچەتەیەک لە دەرمانخانە وەریگرین، یان دەنکێ ڤیتامین بێت رۆژانە وەریگرین بۆ ئەوەی دونیا بە وتار و خیتاب و شیعر بگۆڕین، بەڵکو هوشیاری پڕۆسەیەکی درێژخایەنە، دەبێت بە هەموو وێستگەکانیدا بڕۆین هەتا دەگەینە ئەو ئاستەی کە جلێکی رووتی ژنێک کە نیشانەی پێشکەوتوویی نییە، لەبەردەم پیاوانێکدا کە قۆناخی دواکەوتووییان تێپەڕاندبێت و توانای کۆنترۆڵکردنی هۆرمۆنی نێرایەتییان هەبێت و هەزار و یەک گرێی سایکۆلۆژیان نەبێت، شتێکی ئاسایی بێت. جلوبەرگی فاشینیستەکان و چالاکوانەکانی سۆشیال میدیا و هەندێ لە ژنە هونەرمەندەکان هیچ پەیوەندییەکی بە ئاستی هوشیاریی کۆمەڵگەوە نییە، ئەوان لە کەوکەبێک و ئەمان لە کەوکەبێتکی تر.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan