ڤینۆس فایەق

ڤینۆس فایەق

بەختەوەریی چییە؟

لەوەتەی ئەم ئادەمیزادە نەفرەتلێکراوە لە بەهەشت وەدەرنراوە و رەوانەی سەر زەوی کراوە، بەدوای شتێکدا وێڵە کە ناوی ناوە «بەختەوەری»، ئەوەشی پێی دەڵێن «بەختەوەری» هێشتا ساغ نەبۆتەوە، لەچیدایە و چۆن وەسفی بکەین و چ پێناسەیەکی بدەینێ.
سەیرترین گوتە لەبارەی «بەختەوەری»ەوە خوێندبێتمەوە ئەوەی گۆستاف فلۆبیری خاوەنی «مادام بۆڤاری»ە کە دەڵێ: «گەمژە و خۆپەرست بیت و تەندروستییەکی باشت هەبێت، سێ شتن پێویستن بۆ بەدەستهێنانی بەختەوەری»، و لەسەر «گەمژەیی» جەخت دەکاتەوە و دەڵێ «بەبێ گەمژەیی هیچ شتێک نییە». فلۆبیر کە بە نووسەرێکی بابەتی «ئۆبجێکتیڤ» ئەژمار دەکرێ وای بۆ دەچم ئەو کاتە ئەو قسەیەی کردبێ کە بەدەست نەخۆشیی دەروونییەوە گرفتار بووە، دەنا بە ئەستەم بەختەوەری –ئەگەر هەبێت- بە گەمژەییەوە بۆم گرێدەدرێ. لەبەرئەوەی گەمژەکان بە لۆژیکی گەمژەکان دەتوانن لە چەمکێکی وەکو «بەختەوەری» بدوێن و پێناسەی بکەن –ئەگەر پێناسە بکرێ-. چونکە ئەسلەن پێناسەی گەمژەیی نەکردووە تا بتوانین ئەو دوو چەمکە پێکەوە گرێبدەین.

بەڵام باسەکەی من لێرەدا لەسەر ئاستی تاک نییە، بەهێندی ئەوەندەی دەمەوێ لەسەر ئاستی کۆمەڵ وردی بکەمەوە. چونکە تاکێکی «بەختەوەر» نەک شتێک لە ژیانی بەکۆمەڵی کۆمەڵگەیەک، بەڵکو ناو خێزانەکەشی ناگۆڕێت. بەڵام کە کۆمەڵگەیەک یەک ئاماژەی «بەختەوەری»ی تیادا بینرایەوە، بەجۆرێک لە جۆرەکان لە ژیانی خەڵکەکەدا رەنگ دەداتەوە.

بە پێی راپۆرتی بەختەوەریی جیهانی کە ساڵانە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەی دەکات، پێوەرەکانی «بەختەوەری» بۆ ئەوەی وڵاتێک لە ریزبەندی وڵاتە بەختەوەرەکاندا پۆلین بکرێ دەستنیشانکردووە، لەوانە: کوالێتی سیاسەتی بەڕێوەبردنی وڵاتەکە. گرنگیشە بۆ ئەوەی ئاستی بەختەوەری لە هەر وڵاتێکدا بپێوی، دەبێت بەر لەوە ئاستی «بەدبەختی» و هۆکارەکانی و کاریگەری سیاسەتی بەڕێوەبردن لەسەر ئەو پرسە دەستنیشان بکەیت.

لە پێوەرەکانی تری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەستنیشانکردنی ئاستی بەختەوەریی وڵاتان، بریتین لە: ئاستی مامناوەندی تەمەنی تاک، قەبارەی چاودێریی کۆمەڵایەتی، هەمەجۆریی هەلەکانی ژیان لە هەموو بوارەکاندا کە بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە بەردەستن، نزمیی ئاستی گەندەڵی، کەمبوونەوەی حاڵەتەکانی نایەکسانی نێوان هاووڵاتیان لە هەموو بوارێکدا لەسەر هەموو ئاستەکان و ئاستی دادپەروەری، هەروەها بڕی داهاتی تاک لە کۆی ئەو داهاتەی دەوڵەت بەرانبەر بەرهەمهێنان، وەبەرهێنان دەستیدەکەوێت.

جا بۆ ئەوانەی بەدوای ئەوەی پێی دەڵێن «بەختەوەری»دا وێڵن، نە ئەو بڕە پارەیەیە کە لە گیرفانتدایە و ئەو موڵکانەش نییە کە بە ناوتەوەن، تەنانەت هیچی ئەو رووکەشە نییە کە پێی دەردەکەویت و ئەو ئۆتۆمبیلەی کە دەیهاژووی…هتد.. بەڵکو «بەختەوەری» بە باوەڕی من یەکێک لەو چەمکە خەمڵێنراوانەیە کە بەشێوەیەکی بەکۆمەڵ نەبێت بەرجەستە نابێت، و بەرجەستە بوونیشی مەسەلەیەکی رێژەییە. چونکە وەک دەڵێن: هەبوونی پارە بەبێ تەندروستیی باش بەختەوەرت ناکات، هەروەک پێچەوانەکەشی راستە. بەڵام ئەمانە هەموو وردەکارین لەسەر ئاستی تاک. چونکە «بەختەوەری»ش وەکو «ئازادی» کە پێشتر بە تابلۆیەکم شوبهاندبوو، پەزڵێکە، دەبێت هەموو پارچەکانی پێکەوە بنێی بۆ ئەوەی دیمەنەکە تەواو بێت و ئەوەی پێی دەڵێن «بەختەوەری» تیایدا بدۆزیتەوە.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan