ڤینۆس فایەق

ڤینۆس فایەق

"حەقیقەت"ی پارچەپارچەکراو لە رۆژنامەوانیدا

"حەقیقەت" پێوەری کاری رۆژنامەوانییە کە دەزگا رۆژنامەوانییەکان دەبێت پابەندی بن. لەگەڵ ئەوەشدا چەندین ئاراستەی فکری هەیە کە هەر یەکە جیاواز لەوی تر لە چەمکی حەقیقەت دەڕوانێت. لای هەندێکیان پەیوەستە بە خودی ئەو واقیعەوە کە هەواڵەکەی لەبارەوە دەهۆنرێتەوە، لای بەشێکیشیان پەیوەستە بە جۆری خیتابی رۆژنامەوانییەکەوە کە لەسەر رووداوەکە دروستدەبێت. لە هەردووکیشیاندا راستگۆیی مەرجە بۆ کاری رۆژنامەوانی بەشێوەیەکی پیشەیی و دوور لە لایەنگیری، چونکە رۆژنامەنووس لە کاری رۆژنامەوانیدا نابێت نە لایەنێک رازی بکات، نە چاوەڕوانییەکانی وەرگر لە رووداوێکی دیاریکراو لەبەرچاو بگرێ. بۆیە لێرەوە وتنی حەقیقەت بە رەهایی پێویستی بە ویست و بوێری هەیە. 

لە هەموو دنیادا دەزگای رۆژنامەوانی بە مانا فراوانەکەی کۆپیکراوی سیستەمی سیاسیی بەڕێوەبەرە، بۆ نموونە ئەگەر گەندەڵ بێت، ئەویش گەندەڵە، لیبرالی یان دینی بێت ئەویش بەهەمان شێوە، بەڵام بەشێوەیەکی مەنهەجی رۆژنامەوان لە ژێر ناونیشانی رۆژنامەوانیدا تێکهەڵکێشی تۆڕێکی ئاڵۆسکاو لە درۆکردن وبەلاڕێ بردندا دەبێت. 

لە کاری رۆژنامەوانیدا شتێک هەیە پێی دەڵێن «ئەخلاقی رۆژنامەوانی» کە ئەمیش سەنگی مەحەک نییە بۆ دەستنیشانکردنی «راستی» بەشێوەیەکی رەها، چونکە ئەو رۆژنامەوانەی وادەزانێت «راستی» دۆزیوەتەوە و دەیگەیەنێتە خوێنەر، مەحکومە بە باکگراوندێکی ئایدیۆلۆجی و حزبی و تەنانەت باکگراوندی پەروەردەیی. 

جا هەموو حکومەتەکان و چوارچێوە سیاسییەکان لە دەستوورەکانیاندا باسیان لە ئازادیی بیروڕا کردووە، ئازادیی گوێزانەوەی هەواڵ و زانیاری و مافی دەستگەیشتن بە سەرچاوەکانی زانیاری، بەڵام باسیان لە شێوازی هۆنینەوەی هەواڵ و زانیارییەکان نەکردووە، بۆیە دەبینیت رۆژانە هەواڵەکان بە دەیانجۆر لە گێڕانەوە دەکەونە بەر چاوی خوێنەر. 

یەکێک لە هەرە گرنگترین پایەکانی پیشەی رۆژنامەوانی ئەخلاقە، سیستەمە سیاسییەکان لە دنیادا سیاسەتی رۆژنامەوانیی تایبەت بە خۆیان دادەڕێژن بەوجۆرەی لەگەڵ ئامانج و بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا بگونجێت، ئیتر ئەگەر دەوڵەت دەست تێکەڵ بکات یان نا، جۆری رۆشنبیرییە کۆمەڵایەتییەکە و ئاستەکەی ئەو پرەنسیپە یەکلادەکاتەوە ئەگەر بۆ نموونە لیبرالی، سۆسیالیستی یان ئایینی یان هەر ئاراستەیەکی تری هەبێت. ئەگەرچی ئەخلاقی رۆژنامەوانی شتێکە پەیوەندیی بە جۆری سیاسەتی دەوڵەت و ستایلی ژیانی کۆمەڵگەوە نییە، بەڵام ئەو ئەخلاقی پیشەییەیە کە دەبێت راستگۆیی بە کاری رۆژنامەوانی ببەخشێت.

ئەو حەقیقەتەی ئەرکی رۆژنامەوانە وەکو خۆی بیگوێزێتەوە جێگەی مشتومڕە و هەرگیز ناگەیتە چوارچێوەیەکی یاسایی و مەعریفی حەقیقەتەکەی پێ بپێویت. خۆ ئەگەر دەسەڵاتێک هۆشیاریی ئەوەی نەبێت کە کرۆکی رۆژنامەوان گواستنەوەی حەقیقەتە بە یەک پارچە نەک لەت لەتکراو، کە تێنەگات وتنی حەقیقەت لە هەواڵێکدا مانای دژ وەستانەوە نییە بەرانبەر بە دەسەڵاتێک، رۆژانە هەر ئەو دەسەڵاتە کە بانگەشەی پێشکەوتوویی و لیبرالیەت و دیموکراسی دەکات، زیندانەکانی بە رۆژنامەنووسەکان پڕ دەبنەوە. ئیتر زۆربەیجار وەرگر ناچار دەبێت پارچەکانی حەقیقەتی هەواڵێک لێرە و لەوێ بە رێگە ناڕەسمییەکان بدۆزێتەوە و لەیەکی بدات بۆ ئەوەی ئەو حەقیقەتەی دەستکەوێت کە لە دەزگاکانی رۆژنامەوانییەوە دەستیناکەوێت. 

ئیشی رۆژنامەوان کە هەمووی لە ئەرشیفدا هەڵدەگیرێ، لە ئیشی مێژونووس کەمتر نییە، دەبێت هێزە دەسەڵاتدارەکان لێگەڕێن رۆژنامەنووسان بە راستگۆیی کاری رۆژنامەوانی بکەن بۆ ئەوەی میراتییەکی شەرەفمەندانە بۆ نەوەکانی دوای خۆیان جێهێڵن.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan