ڤینۆس فایەق

ڤینۆس فایەق

دزینی ئیبداع

"هونەرمەندە خراپەکان بەرهەمی ئەوانی تر کۆپی دەکەن، بەڵام هونەرمەندە باشەکان دەیدزن".
 پابلۆ نیرۆدا

بەوەدا کە پۆلینی کردوون، پابلۆ نیرۆداش لەوەناچێت لەوە تێگەیشتبێت، کە مانای دزی تەنها دزییە و هیچی تر، تەنانەت کۆپیکردنیش دزینێکی دەمامکدارە. ئیتر دز تەنها ئەو کەسە نییە دەستدەکات بە گیرفاندا و شتێکت لێدەدزێت، تەنها ئەوە نییە دەرگای ماڵەکەت دەشکێنێ و دەچێتە ژوورەوە و کەلوپەلت لێ دەدزێت. هەندێکجار کەسێک لەژێر پێناسەیەکی تردا  دزی دەکات. بۆ نموونە دزینی بیرۆکە، دزینی بەرهەمی زانستی و ئەدەبی...تاد..

ئەمجۆرە دزانە دەمامکی ئەدەبی و هونەرییان کردووەتە سەر، لە رووکەشدا کەسێکی جوانپۆشی قسەزان دەبینیت، بەڵام لە ناوەوە دزێکی لێهاتوو خۆی حەشار داوە، لە هەموو چرکەیەکدا بۆی هەیە لە میانەی وتوێژێکدا لەگەڵی تەواوی بیرۆکەکانت بدزێت و رۆژی دوایی جوانترین وتار یان شاکارێکی ئەدەبیی پێ بهۆنێتەوە و دووریش نییە بە خۆتی بدات پیاچوونەوە و هەڵەچنی بۆ بکەی! جا ئەوەی ئازار دەبەخشێت ئەوەیە ناتوانیت بیسەلمێنیت کە تۆ خاوەنی بیرۆکەی ئەو بەرهەمەی. ئەمجۆرە کەسانە توانایەکی لەبن نەهاتوویان هەیە لە دەرخکردندا، هەرچییەک لە دەمت دێتە دەرەوە لە مێشکیاندا تۆماردەبێت، بەڵام بە دیوەکەی تریدا ئەوەی ناوی داهێنان بێت نیانە، توانای بەرهەمهێنانی دەقێکیان نییە بەبێ ئەوەی بیرۆکە یان سەرەداوەکەیان لە یەکێکی تر نەدزیبێت.

لەبارەی ئەم بابەتەم زۆر نەبیستبوو تا بەسەرم هات، ساڵی 2006 وتارێكم بە ناونیشانی (بیردۆزی پیاوێک داکۆکی لە مافی ژنان دەکات) لە یەکێک لە رۆژنامە عەرەبیەکاندا بڵاوکردەوە، دواتر زۆرێک لە ماڵپەڕی تر جارێکی تر بڵاویانکردەوە، ساڵی 2009 بە رێکەوت بۆ وتارەکە لەسەر ئینتەرنێت گەڕام، تەواوی وتارەکەم بە هەمان ناونیشانەوە بە ناوی نووسەرێکی سعودییەوە لە رۆژنامەیەکی سعودیدا بە ناوی (المدینه‌) بینییەوە، پەیوەندیم پێیانەوە کرد، داوایانکرد روونکردنەوە بنووسم، لەگەڵ ناردنی وتارەکە بەناوی خۆمەوە کە لە شوێنی تر پێشتر واتا بە بەرواری پێش بەرواری بڵاوبوونەوە وتارەکە بە ناوی کابراکەی ترەوە، ئەوجا وتارەکەیان لە سایتەکەیان لابرد. پاشان وتارێکم بە ناونیشانی (دزینی وتارەکان، ئەخلاقێکی تەکنەلۆژی، یان تیرۆرێکی ئەخلاقیی رۆشنبیری) نووسی و بڵاومکردەوە.

هاوتەریب لەگەڵ ونبوونی عورف و رێساکانی نووسینی رەسەن، دیاردەی دزینی فکریش پەرەی سەندووە، کێشەکەش ئەوەیە لە رووی قانونییەوە، ئەمجۆرە دزییە بەشێوەیەکی ئاشکرا دەقێکی قانونیی لەسەر نییە، چ وەک تاوانێکی جینائی یان مەدەنی. لێرەو لەوێ شتێک هەیە بە ناوی پاراستنی مافی نووسەر، بەڵام ئەوەش لە توانایدا نییە رێگری لەو تاوانە بکات، چونکە نووسەر کە رۆژانە لەسەر فەیسبووک بیرۆکەکانی پێش بڵاوبوونەوەیان بڵاودەکاتەوە، بوار بەوانی تر دەدات بیرۆکەکان بدزن و پاشان هیچ دادگایەک فایلێک بۆ ئەم تاوانە ناکاتەوە. هەر بەهۆی سەرهەڵدانی دۆخی جیهانگیری و پەرەسەندنی تەکنەلۆژیاوە، پڕۆسەی دزیی فکری بۆ چەندین جۆری تر پەرەی سەندووە. بۆ نموونە کەسێک وتەیەکت لە کتێبێکت بڵاودەکاتەوە بەبێ ئەوەی ناوت بەرێت، کۆمێنت و دەسخۆشی بۆ دەچێت ئەویش زۆر ئاسایی وەڵام دەداتەوە. ئیتر لە وڵاتێکدا کە قانونی پاراستنی بەرهەمی فکری و داهێنان نەبوو، دیاردەی دزینی ئەدەبی و هونەری، ئەدەبی و زانستی بەشێوەیەکی ترسناک تەشەنەدەکات.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan