ڤینۆس فایەق

ڤینۆس فایەق

گەشتەکانم بۆ ئەمەریکا

یەکەم: گوزەر بە نیویۆرکدا
4ی مایسی 2005 کە بۆ یەکەمجار لە فڕۆکەخانەی نیویۆرکی ئەمەریکی دابەزیم، هیچ بیرۆکەیەکی ئەوتۆم لەبارەی ئەو وڵاتەوە نەبوو، جگەلە هەندێ زانیاری لەسەری خوێندبوومەوە یان لە فیلمە ئەمەریکییەکانەوە بینیبووم. قسەیەکی ئەفسەرە رەشپێستەکەی فڕۆکەخانەم هێشتا لەبیرە: «هەموو کەس کە پێی خستە سەر خاکی ئەمەریکا بە دانیشتوانی ئەمریکا هەژمار دەکرێ». ئیتر نازانم ئەوە بیرکردنەوەی خۆی بوو یان لەبەرئەوەی بڕێکی زۆری لە نیگەرانی و سەرسوڕمانی لەسەر دەموچاوم بینی بۆیە وای پێگوتم، یان هەر بەڕاستی لەبەرئەوەی دانیشتوانەکەی خاکی ئەمەریکا تێکەڵەیەکی بەریتانی و ئەوروپی و زۆر رەگەزی ترە و دانیشتوانە ئەسڵییەکەی دوای گەیشتنی کریستۆفەر کۆلۆمبس و کۆچکردنی ئەوروپیەکان بۆ ئەوێ و بڵاوبوونەوەی پەتا و درمە بکوژەکان هەموو گیان لەدەست دەدەن، بە واتای ئەوەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە تێکەڵە و کۆچەرن زیاتر لەوەی ئەسڵی بن. 

جا بۆ شانسی من بەهۆی هەندێ رێکاری یاساییەوە درەنگ کەوتم و فڕۆکەی دووەم کە دەبوو بمبات بۆ کەنساس سیتی لە ویلایەتی کەنساس بەجێیهێشتم. ئەو چرکەیە هەموو فڕۆکەخانەکە کە هێندەی شارۆچکەیەک گەورەبوو بە دەوری سەرمدا دەخولایەوە، خۆمم وەکو دەنکێ لم دەهاتە بەرچاو، لە وڵاتێکدا لە کیشوەرێکی تەواو جیاواز لەوەی لێوەی هاتبووم. خانمە کارمەندەکەی دەروازەی هەڵفڕینی فڕۆکەکە گوتی: تۆ لە کوێ بووی ئەو هەمووە بە بڵندگۆکە بانگمان کردیت، دە خولەکە فڕۆکەکە بەرزبۆتەوە. ئینجا گوتی: «یەکەمین گەشت بۆ کەنساس دوای ئەم گەشتە سبەی کاتژمێر نۆی بەیانییە»، ئیتر بۆ شانسی من هۆتێلەکانی فڕۆکەخانە هەموو پڕبوون، ناچاربووم لە دەرەوە بۆ هۆتێل بگەڕێم ئەو شەوەی تیا بەسەر بەرم.  

بە شپرزەییەکەوە داوام لە کارمەندی ئاسایشی ناو فڕۆکەخانەکە کرد یارمەتیم بدات بۆ دۆزینەوەی هۆتێلێکی نزیک فڕۆکەخانە، لەسەر پارچە لاپەڕەیەک ناونیشانێکی بۆ نووسیم هەر لەناو فڕۆکەخانەکەدا، بڕۆم لەوێ هۆتێلم دەستدەکەوێت. ئەوجا لێی تێگەیشتم کە ئۆتۆمبیلی بچووک هەیە دەتوانم سواری بم بۆ ئەوەی بمبات بۆ ئەدرێسەکە لەناو فڕۆکەخانەکەدا. 

کە ئۆتۆمبیلە خنجیلانەکە لەبەردەم دەرگایەکدا دایبەزاندم، هەستمکرد نیوەی رێگەم بەرەو هۆتێلەکە بڕیوە. کە دەرگاکەم کردەوە، شوێنەکە هەر بە هۆڵێکی گەورەی پەیوەندیکردنە ئاسمانی و ئەلەکترۆنییەکان دەچوو، هەریەکە و لەبەر شاشەیەکدا وەستابوو و ئیشێکی خۆی دەکرد. چوومە بەردەم شاشەیەک کە نەمدەزانی لە کوێوە دەستپێبکەم، پەنجەیەکم لێدا هەموو هەڵبژاردەکان هاتنە خوارەوە. پەنجەم بە ناوی هۆتێلێکدا ناو دەسکی تەلەفۆنەکەی تەنیشتیم نا بە گوێمەوە کابرایەک قسەی دەکرد، گوتی بڕۆ بەر دەرگای هۆڵەکە کە دەڕوانێتە سەر شەقامەکە، ئۆتۆمبیلێک لەوێ چاوەڕێتە، هێندەی گەیشتمە بەردەم دەرگاکە، ئۆتۆمبیلەکە وەستا و کابرایەکی شیک زۆر بە هێمنی دەرگای دواوەی ئۆتۆمبیلەکەی بۆ کردمەوە. ئەوەی لە دڵما مایەوە دەرفەت نەبوو بەناو ئەو شارەدا بگەڕێم، چونکە سەفەرکردن تەنها تکتی فڕۆکەکە و بازاڕکردن و سەردانی رێستۆرانتەکان نییە، بەڵکو شارەزابوونی کولتووری ژیانی میللەتێکی ترە. بەڵام گەشتەکانم بۆ ئەمەریکا کاتژمێر 11:45 دەقیقەی ئەو رۆژە لە فڕۆکەخانەی کەنساس ستییەوە دەستیپێکرد.

ک. ر.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan