ڤینۆس فایەق

ڤینۆس فایەق

ژن کە نەیتوانی ببێتە خاوەنی خۆی

لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کە ژنێک بەدەست پیاوێکەوە دەچەوسێتەوە، ئەگەر باوک و برای نەبێت دەڵێن: “بێخاوەنە”، خۆ ئەگەر باوک و برای هەبێت دەڵێن: “بێخاوەن نییە”. ئەم دوو دەستەواژەیە بەهێندەی سووکایەتی و توندوتیژیەکە ئازاریان هەیە، چونکە بە روونی پێناسەی نەریتە کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و ئەخلاقیەکەی کۆمەڵگە دەکات، ئەو پەروەردەیەی کچ دەکاتە بێدەسەڵات و کۆیلە، و ئەگەر پیاوێک چەوساندیەوە، ئەوا دەسەڵاتی ئەوەی نییە بەروویدا بوەستێتەوە، بەڵکوو دەبێت پیاوێکی تر، باوک یان برا کە “خاوەنین” لە جیاتی ئەو ئەوە بکەن، و رووبەڕووی ئەو پیاوەی تر بنەوە کە بێ رێزی لەگەڵ دەکات. کچ فێر دەکرێ ملکەچ و گوێرایەڵ بێت، فێر ناکرێت خاوەن کەسایەتیەکی پتەو و بەهێز بێت لە رووی پیاوێکی خراپدا بوەستێتەوە و بڵێ “نەء” یان مافی خۆی لێبسەنێت. چونکە ژن کە بێخاوەن بوو دەبێت هەموو شتێک قوبوڵ بکات، کە خاوەنی هەبوو ئەوان دەبێت داکۆکی لێبکەن، نەک خۆی.

 ئەمەیە ژن دەخنکێنێ، وای لێدەکات ئیتر هەناسەی بۆ نەدرێ، کە لەلایەک پیاوێک بێرێزی پێدەکات و توندوتیژی بەرانبەر بەکاردەهێنێت، و لەلایەک خاوەنی خۆی نییە، و دەسەڵاتی نیە داکۆکی لە خۆی بکات، ئیتر کە هیچ چارەسەرێکی نامێنێت، بڕیاری خۆ کوشتن دەدات.

لەو کاتەی کە کوشتن، سووتاندن یان تەنانەت لێدانی ژنێک بە قووڵی رامان دەچڵەکێنێ، کەچی بە پێی راپۆرتێکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە ناونیشانی “خۆپاراستن لە خۆکوشتن پیویستیەکی جیهانیە” گوایا ساڵانە خۆکوشتن لەناو پیاواندا لە وڵاتە دەوڵەمەندەکاندا سێ ئەوەندەی رێژەی خۆکوشتنی ژنانە، هەروەک روونیشی کردۆتەوە، کە زۆربەی جار ژن بیر لە خۆکوشتن دەکاتەوە، یان هەوڵی بۆ دەدات، بەڵام کەمتر جێبەجێی دەکات، لە کاتێکدا پیاوان یەکجار کە بیریان لێکردەوە یەکسەر جێبەجێی دەکەن. ئەمەش بەلای منەوە جێگەی سەرنج بوو، بەو مانایەی کە رەنگە ژن لە پیاو زیاتر ژیاندۆست بێت. یان لایەنی سۆزداریی ژن بەرزتر بێت وەکوو لای پیاو، ئاخر ژن هەتا زۆر زۆر بە دڵی نەگات یان زۆر لە قووڵەوە بریندار نەبێت بیر لە خۆکوشتن ناکاتەوە، ژن هەر بڕیارێکی لەوجۆرە بدات، پێشتر بیری لە دەوروبەریشی کردۆتەوە، نەک تەنها لە خۆی. رەنگە لەمەدا لە پیاو جیاواز بێت، کە بڕیاری خۆکوشتن جێبەجێ دەکات، رەنگە بیری تەنها لە خۆی کردبێتەوە. بە دیوەکەی تریشدا دڵڕەقیی کۆمەڵگەدا لەوەدا چڕ دەبێتەوە کاتێک ژنێک خۆی دەکوژێت دەیان چیرۆکی سەیر و سەمەرەی بۆ دەهۆنرێتەوە، کە ئاماج لێیان ناوزڕاندن و گێڕانەوەی هۆی خۆکوشتن یان کوشتنی لەسەر دەستی پیاوێک بۆ مەسەلەی نامووس. لە کاتێکدا کە پیاوێک خۆی دەکوژێت یان دەکوژرێت هەمیشە وەکوو پاڵەوان باسی لێوە دەکرێ.

یەک لە هۆ هەرە زەق و گەورەکان کە ژن ناچار دەکات کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت، دەستەپاچەیی و داخرانی هەموو دەرگاکانە بەروویدا. دەستەپاچەیی لە ئاست ئەو واقیعە تاڵەی کە تیایدا دەژی و ناتوانێت چاکی بکات، بێهیوایی لەوەی کەسێک، لایەنێک یان قانونێک هەبێت بە جددی پارێزگاری لێ بکات و ژیانی بەرەو گۆڕانێکی ریشەیی بەرێت و کۆتایی بەو موعاناتە بەردەوامە بهێنێت کە تیایدا ژیان دەکات.

هەر بۆ نمونە کە ژنێک مێردەکەی توندوتیژیی بەرانبەر بەکاردەهێنێت پەنا بۆ کەسوکاری دەبات، کە رەنگە لە بنەمادا ئەوانیش هەڵگری هەمان بیرکردنەوە و هەڵسوکەوت بن و توندوتیژیان لەگەڵ بەکارهێنابێت، ئەوانیش لایەنگریی ناکەن و نایپارێزن و رێز بۆ ئینسانیەتی دانانێن، هەڕەشەی لێدەکەن جیانەبێتەوە، کە هیچ چارەسەرێکی بۆ نامێنێتەوە بڕیار دەدات کۆتایی بە ژیانی بهێنێت.

یەکێکی تر لە هۆکان ئەو ژن/کجانەی کە دووچاری هەراسانکردن یان دەستدرێژی دەبنەوە یان لەلایەن پیاوێکەوە فریودەدرێن، ئەمانە لە چاوی کۆمەڵگەیەکی داخراو و دواکەوتوودا تاوانبار و بێناموسن، کەسێک شک نابەن لایەنگیری و پشتگیریان بکات و داکۆکیان لێبکات، خۆشی جورئەتی ئەوە ناکات سکاڵا بکات یان قسە بکات، لە کۆتاییدا بڕیار دەدات کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت. بێدەنگ بوونیان لە مافی پێشێلکراویان یان بێدەنگکردنیان لەوەی داوای مافی ئینسانیی خۆیان بکەن، ئەمەیە کە ژنی لەسەر پەروەردە دەکرێ، بێدەنگبوون و دەنگ بەرز نەکردنەوە، بەبەهانەی ئەوەی ماڵی لێ تێک نەچێت، ئەم پاساوەی وادەکات ژن لەناو ژینگەیەکی تونتیژ و ناتەندروستتدا بژی و منداڵیش هەر لەو ژینگە ناتەندروستەدا پەروەردە بکات. ژنێک کە هەست بە ئەمان نەکات، باش مامەڵە نەکرێ، خۆشەویستی لە دەوروبەریەوە وەرنەگرێ و سەرەڕای ئەوەش توندوتیژی بەرانبەر بەکاربێت، ئەم ژنانە نە باش دەتوانن بیربکەنەوە، نە باش دەتوانن بڕیار بدەن، هەروەها باشیش ناتوانن بیربکەنەوە، ئەمانەش هەموو دەبنە هۆی دروستبوونی خەمۆکی و بیرکردنەوە لە کۆتاییهێنان بە ژیانیان.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan