نێرگز قادر

نێرگز قادر

پەیامەکەی سەرۆکی حکومەت پەیامێکی تەواو حزبی و لاوازبوو

سەرۆکی حکومەت لە سەرەتای قسەکانیدا زۆر بە لاوازی و شەرمەوە دەستی بۆ خاڵی سەرەتای بابەتەکەی برد کە گوایا ئەو زۆر ھەست بە بەرپرسیارێتیی بەرانبەر بە میللەت دەکات، چونکە ئەو وتەنی سوێندی خواردووە کە دەبێت وابێت، بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەو سوێندەی هێندە لەلا گرنگ بووایە، نەیدەھێشت ھەڵەبجە وا پشتگوێ بخرێت و کەلار و گەرمیان و چەمچەماڵ وا بێ ناز بکەون.
سەرۆکێک ئەگەر باوەڕی بە خودای خۆی ھەبێت، نابێت لە ھیچ بترسێت و ئەرکی سەر ئەستۆیەتی خزمەتی میللەتەکەی بکات، ئەو کات خودا و خەڵکیشی لەگەڵدا دەبێت، بەڵام ببوورە من بە سەرۆکی خۆمت نازانم، چونکە گەر سەرۆک بوویتایە وەک چۆن ریکلامت بۆ ھەناری ھەڵەبجە کرد، بەوجۆرەش کێشەکانی شارەکەت دەبینی و چارەسەرت دەکردن.
ئاخر سەرۆک چۆن دەبێت لەماوەی ئەو ھەموو ساڵەی حکومڕانی سەردانێکی هیچ یەکێک لەو شار و قەزایانە نەکات؟، بێزەحمەت ئەرێ پرسیارێک: تائێستا چەند جار ھاتوویتە سلێمانی و چەند جاریش خەمی چەمچەماڵ و گەرمیانت لەکۆڵناوە و ھاتیت لەگەڵیاندا باسی کێشەکانیان بکەیت و بە راستی سەرۆکی ئەوانیش بیت و هاوشێوەی دهۆک و هەولێر و زاخۆ و بلە و بارزان خەمخۆر و چارەسەرکاری گرفتەکانی ئەم مەملەکەتەی ئەمدیو بیت؟.
ئاخر جەنابی سەرۆک خۆ قاچت خەنەی پێوە نییە، ئەگەر من سەرۆک بم لەسەر کورسییەک دانانیشم، بەڵکو ھەر رۆژە و لەشار و قەزایەک دەبم و خەمەکانیان لە کۆڵ و لە دڵ دەنێم و دەبمە دکتۆر و چارەسەرکاریان، خۆ کەس رێگر نییە بۆ ئەم کارانەت و هەر خۆتان لە گۆڕەپانەکەن!
بەڵێ ئێمە باسی داھاتی سلێمانی دەکەین، دەی ئاخر لەوە شەفافتر چیت دەوێت کە رۆژانە بوودجەی سلێمانیی دەخرێتە بەردەست و بەرچاوی خەڵکی پارێزگاکە و هەموو کوردستانیش؟!
جەنابت باسی پارەی بەغدا ده كەیت كه گوایا بەیەكسانی دابەشدەكرێت، ببووره سلێمانیی تەنها پێدانی مووچەی بەس نییە، بەڵکو سەدان و ھەزاران پرۆژەی لەبوواری جیاجیادا پێویستە.
باسی تاوانبارکردنی کوڕانی دژە تیرۆر دەکەیت لەدۆسیەی ھاوکار جاف، ئاخر ئەگەر تۆ سەرۆکێکی یەکسان بوویتایە داڵدەی ئەژی ئەمینت نەدەدا و عەبدوڵڵای کوێخا موبارەکیشت رادەستی دادگا دەكرد، من لێرەوە شۆك بووم کاتێک جەنابت زۆر بە نەفەسێکی حزبییانەوە باسی ئەو خاڵه دەكەیت.
لەپەیامەکەشتدا بە روونی دەرکەوت پارتی بەبێ یەکێتی ناتوانێت ھیچ ھەنگاوێک بنێت، ئەوەتا پەرلەمان و حکومەت و ژیان و بازاڕ و دۆخەکە بەبێ یەکێتی کێشەی تێکەوتووە، ئەو شتانەش کە ئەمڕۆ باستان کردن، ھەموو رۆژ گوێمان لێدەبێت.
هەرچەندە من چاوەڕوان بووم دوای ئەو ھەموو بێدەنگییە پەیامێکی زۆر گرنگ و یەکلاکەرەوەت بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکان هەبێت وەک سەرۆکی ڕاستەقینەی حکومەت، نەک بەو نەفەسە حزبی و تاکلایەنەوە خەریکی تۆمەتبارکردن و تۆمەتبەخشینەوە بیت، بەداخەوە پەیامەکەت لەئاست چاوەڕوانیی ئێمەدا نەبوو، تەمەننای باشترمان لێدەکردیت کە جەنابت هەم نەتزانی و هەم نەتتوانی و ئێمەش نەمانبیست!
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan