کوردستانی

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عیراق زیان بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عیراق زیان بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت
مەودا میدیا- 

دادگای فیدراڵیی عیراق بڕیاری ناردنی پارەی بۆ هەرێمی کوردستان هەڵوەشاندەوە، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش دەڵێت "بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی كاریگه‌ری له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی حکومەتی هه‌رێمی کوردستان و عیراق دەبێت".

ئه‌مڕۆ  چوارشەممە 25ی کانوونی دووەمی 2023 دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق لەبارەی سكاڵایەک لەسەر بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەسەر ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، کە لەلایەن پەرلەمانتار مستەفا سەنەد، پەرلەمانتاری سەربەخۆ و ئەندامی لیژنەی دارایی و محەمەد مەیاحی، پارێزگاری واستەوە تۆمارکرابوون و بڕیاردرا به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و بڕیارانه‌ی كه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ كابینه‌ی رابردوو، هه‌روه‌ها ئه‌م كابینه‌یەش تایبه‌ت به‌ ناردنی شایسته‌ داراییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ریانكردووه‌ ‌به‌ ناده‌ستووری ناوزه‌ندی كردوون .

دارا سێكانیانی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، له ‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ به‌ مه‌ودا میدیای راگه‌یاند "بڕیاره‌كه‌ بڕیاری دادگای فیدراڵییه‌ و بەدڵنیاییه‌وه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و ناوه‌ند و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیش داده‌نێت".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق وتی "ئێستا له‌سه‌روبه‌ندی بودجه‌داین و چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین له‌ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2023ی عیراقدا چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزرێته‌وه،‌ چونكه‌ ئاشكرایه‌ هه‌ردوولا خاڵی هاوبه‌شیان زۆره‌ و به‌بێ یه‌كتری كاره‌كان به‌ڕێوه‌ناچن و په‌یوه‌ندییه‌كانیان ته‌نها بریتی نییه‌ له‌ 200 ملیار دینار".

له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا سێكانیانی هیوای خواست كه‌ هه‌رێم و ناوه‌ند به ‌گفتوگۆ و لێكگه‌یشتن كێشه‌كان چاره‌سه‌ربكه‌ن و رێکكه‌وتنێكی بەهێز واژوو بكرێت.

حکومەتی عیراق لە ساڵی 2022 تەنها سێ مانگ لە کۆی 12 مانگ بڕی 200 ملیاری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، بەڵام ئێستا کێشە بۆ ئەو 400 ملیارەش دروست دەکەن کە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، لە 13ی کانوونی یەکەمی 2022 بڕیاری ناردنی دابوو.

س،ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن