خەڵەف   غەفور

خەڵەف غەفور

بوومەلەرزەیەکی دیکە بۆ ئەردۆغان

یەکەم
هێشتا داروپەردووی بوومەلەرزەکەی کەهرەمان مەڕەش لانەبراون، بوومەلەرزەیەکی گەورەتر لە کۆشکەکەی ئەردۆغانی دا، راستە گوڕەکەی بە پێوەری رێختەر شەشە، بەڵام بە پێوەری سیاسی ئەگەر قوربانیی گیانیشی نەبێت، ئەوە دەبێتە هۆی تێکدانی سایکۆلۆژیەتی سەرۆک ئەردۆغان.

دووەم
ئەگەر رۆژ، ژمارە و ساڵی شووم هەبێت، ئەوا دەتوانین بەم شێوەیە خشتەیەک بۆ سەرۆک رەجەب تەیب ئەردۆغان رێکبخەین:

2023 هێشتا لەسەرەتادایە و زیاتر لە بیست ساڵی رابردوو رووداوی ناوخۆشی بۆ تورکیا و ئەردۆغان تێدا بووە.

رۆژی دووشەممە ٦ی شوباتی ٢٠٢٣ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٨ لە کەهرەمان مەڕەش روویدا.

رۆژی دووشەممە ٦ی ئازاری ٢٠٢٣، پارتەکانی مێزی شەش کورسیی رێککەوتن لەسەر دیاریکردنی کەمال کڵیچدار ئۆغڵو وەکو بەربژێری هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا.

لێرەدا رۆژی دووشەمە، ژمارە (٦) و (٢٠٢٣) بۆ ئەردۆغان شووم بوون، کارەساتی سروشتی و رووداوی سیاسی گەورە تیایاندا روویدا، دوو نییە ببێتە کۆتایی ژیانی سیاسی وی.

سێیەم
بەربەستی قورسی بەردەم مێزی شەش کورسی لابرا، لەسەر یازدە خاڵیش کە زۆرینەیان پەیوەندییان بە سیستمی سیاسی و داهاتووی پرۆسەی حوکمڕانییەوە هەیە رێککەوتن، دەیانەوێت ریسی ٢٠ ساڵەی ئەردۆغان بکەنەوە بە خوری، نزیکە بتوانن ئەوەش بکەن.

مێزی شەش کورسی خاوەن جیهانبینی سیاسیی دوور لەیەکترن، ئەوە خاڵی لاوازیانە، ئەگەرچی بەتەواوەتی رێککەوتوون، بەڵام میراڵ ئاکشنەر، کە خۆی تەمای هەبوو بیکەنە بەربژێر هاوبەش، بەدوودڵییەوە لەسەر کەمال کڵیچدار ئۆغڵو رازی بووە. لەگەڵ ئەوەشدا خاڵی هەرە بەهێزیان دژایەتیی ئەردۆغان و سیاسەتە خراپ و قۆرخکاریەکەیەتی کە بووەتە هۆی روودانی کارەساتی زۆر لە تورکیا بەتایبەت لە کەرتی ئابووریدا.

چوارەم
پارتی داد و گەشەپیدان- ئەکەپە کەوا ئەردۆغان سەرۆکێتی، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا زۆر جیابوونەوە بە تاک و کۆ تیایدا روویانداوە، سێ نموونەی بەرچاو هەن (عەبدوڵڵا گویل، سەرۆک کۆماری پێشووی تورکیا، ئەحمەد داود ئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی ئەکەپە و سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا، عەلی باباجان، وەزیری پێشووتری وەزارەتەکانی دەرەوە و دارایی تورکیا و یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەکەپە).

ئەحمەد داود ئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندەیە، عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دێڤایە، هەردووکیان ئەندامی مێزی شەش کورسین، لە رەنگ و دەنگی ئەردۆغان و ئەکەپە دەبەن، هەروەها خاڵی لاوازی ئەردۆغان دەزانن، نهینی زۆریان لایە، ئەحمەد داود ئۆغڵو هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی هەندێک دۆسیەی گەندەڵیی ئەردۆغان دەکات.

میراڵ ئاکشنەر، سەرۆکی ئی پارتییە، لە پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی- مەهەپە جیابووەتەوە کە دەوڵەت باخچەلی سەرۆکایەتی دەکات، بەپێی راپرسییەکان رێژەی دەنگەکانی لە مەهەپە زیاترە و جگە لە جەهەپە لە هەموو پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن بەهێزترە.

تەمەل کارامۆڵڵا ئۆغڵو، سەرۆکی پارتی سەعادەتە، دەتوانین وەکو یەکێک لە میراتگرانی نەجمەدین ئەربەکان سەیری بکەین، دەنگدەری تایبەت بە خۆیان هەیە.

گولتەکین ئویساڵ، سەرۆکی پارتی دیموکراتە، ئەمەیان کاریگەریی کەمترە.

پێنجەم
هیچ راپرسییەک لە بەرژەوەندیی هاوپەیمانیی جمهوری ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی نییە، بارودۆخی سیاسی، ئابووری، هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیش لە بەرژەوەندیی ئەردۆغان نییە، بوومەلەرزەکەی کەرەمان مەڕەش هێندەی دیکە فشارەکانی سەر ئەردۆغانی زیاترکرد، بەتایبەت دەرکەوت گەندەڵییەکی زۆر لە کەرتی خانووبەرە و ئاوەدانکردنەوەی تورکیادا هەیە. 

یەکێک لەو شتانەی ئەردۆغان گرەوی لەسەر دەکرد، رێکنەکەوتنی مێزی شەش کورسی بوو، رۆژی دووشەممەی رابردوو ئەو گرەوەشی دۆڕاند، دوای بوومەلەرزە سروشتییەکە ئەمە بوومەلەرزەیەکی سیاسیی بوو بۆ ئەردۆغان و ئاسەوارەکەیشی زۆر قورس دەبێت.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan