تەندروستی
هۆكار و چارەسەری ئارەقكردنەوەی دەستەكان
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
ئارەقکردنەوەی دەستەکان بە یەكێك لە شتە زۆر بێزاركەرەكان هەژماردەكرێت، بەتایبەت لەكاتی تەوقەكردن لەگەڵ كەسانی دیكە دەبێتە هۆی شەرمەزاریی بۆ مرۆڤ، زۆرینەی جاریش كاری مامەڵەكردنی رۆژانە بە دەستەكان سەخت و بێزاركەر دەكات، هۆکارەكانی ئارەقكردنەوەی دەستەكان جەستەیی و هەندێكیشیان دەروونییە، دەتوانرێت بە چەندین رێگە چارەسەربكرێت.
هۆكارەكانی ئارەقكردنەوە دەستەكان دەكرێت جەستەیی و هەندێكجاریش دەروونیی بن، كە بۆ هەریەكێكیان چارەسەری تایبەت هەیە.
هۆکارەی جەستەییەكانی ئارەقکردنەوەی دەست
ماریون مۆریس کاربی، پزیشکی پسپۆڕی پێست دەڵێت "زۆر ئارەقکردنەوەی دەستەكان چەند هۆکارێکی هەیە، کە هەندێکیان جەستەیی و هەندێکیشیان دەروونین"، روونیشیکردووەتەوە هۆکارە جەستەییەكان بریتین لە:
-بەرزیی فشاری خوێن
-نەخۆشیەکانی غودەی دەرەقی
-نەخۆشی شەکرە
-نەخۆشییەكانی پەیوەست بە سیستمی بەرگریی جەستە
دەشڵێت هۆکارە دەروونییەکانی زۆر ئارەقکردنەوەی دەستەكان پێكهاتوون لە:
-ترس
-دڵەڕاوکێ
-گرژیی دەروونیی
-تووڕەیی
ئەو پزیشکە ئەڵمانییە ئاماژەی بەوەدا کە دەتوانرێت بە هەندێك رێگەی ئاسان چارەسەری زۆر ئارەقكردنەوەی دەستەكان بكەین، لە چاوپێكەوتنێكیشیدا دوو رێگەی باوی خستووەتەڕوو.
چای سەیج (مەریەمیە)
ماریون مۆریس دەڵێت، یەكەم رێگەی چارەسەری ئارەقكردنەوەی دەستەكان چای مەریەمیەیە، چونکە ئەو چایە زەیتی تێدایە كە كاردەكاتە سەر موولوولە رژێنەكانی تایبەت بە تێیدایە دەردانی ئارەق و ئارەقكردنەوە کەم دەكاتەوە.
پاش كوڵاندنی ئەو چایە بەجێدەهێڵدرێت هەتا سارددەبێتەوە، پاشان دەتوانرێت بكرێتە ناو سپرا (پرژێن)ی بچووک و ناوبەناو بەسەر دەستەکاندا دەڕشێنرێت.
ئەو پزیشكە ئاماژەی بەوەشكردووە، دەرمانی دیكەش هەیە كە بە رێنمایی پزیشك دەكرێت بەكاربهێندرێن و رووبەڕووی زیادەئارەقی دەستەکان ببنەوە، كاریگەرییەكەشیان تەنها ئەوەیە كە دەردانی زیادەڕۆیی لە ڕژێنەکانی ئارەقکردن سنوورداردەکات.
دەرزی بۆتۆکس
پسپۆڕە ئەڵمانییەكەی بواری پێست روونیشیكردووەتەوە، یەكێكی دیكە لە چارەسەرەكان بریتییە لە بەكارهێنانی دەرزی بۆتۆکس، بەكارهێنانی ئەو دەرزییەش پێویستە لەژێر چاودێریی و بە رێنمایی پزیشك بێت كە چارەسەرەکە هەر ٦ مانگ جارێک نوێدەكرێتەوە.
لەگەڵ ئەوانەشدا، ئەگەر زۆر ئارەقکردنەوە بەهۆی هۆکارە دەروونییەکانی وەک فشاری دەروونی بێت، ئەوا دەتوانرێت لە رێگەی ئارامكردنەوەی مێشك و راهێنانەكانی هەناسەدان، یاخود هەر كارێكی بەسوود بۆ دڵ و دەروون رێگریی لێ بكرێت.