تەندروستی

باشترین چارەسەری تالاسیمیا چییە؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


باشترین چارەسەری تالاسیمیا چییە؟
مەودا میدیا-


ساڵانە لە جیهاندا، بەهۆی تووشبوونیان بە نەخۆشیی تالاسیمیا كە لە خوێندایە و نەخۆشییەكی بۆماوەییە، ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتوانی زەوی گیانیان لەدەستدەدەن، ئەوانەش كە لە ژیاندا دەمێننەوە زۆرینەیان بەهۆی گرانیی بەهای چارەسەرەكان دەناڵێنن و بەپێی داتای جیهانیی "لە ئەگەری ئەنجامدانی چارەسەری پێویست، دەكرێت ژمارەیەكی زۆر لە تووشوبووان بەو نەخۆشییە چارەسەر بكرێن".

سەبارەت بە نەخۆشییەكە
تالاسیمیا نەخۆشییەكی خوێنە و زگماكییە، واتە نەخۆش هەر لەگەڵ لەدایكبوونی توشبووە، بریتییە لە ناتەواویی دروستبوونی (هیمۆگلۆبین) ئەو پرۆتینەی لە خڕۆكە سوورەكانی خوێندا بەرپرسە لە هەڵگرتنی ئۆكسیجین لە سییەكان بۆ ئەندامەكانی ناو جەستە و هێنانەوەی دوانئۆكسیدی كاربۆن لە ئەندامەكانی جەستە بۆ سییەكان بەمەبەستی كردنەدەرەوەی لە لەش.

ئەو نەخۆشییە چەند جۆرێكی هەیە و (بیتا تالاسيمیا) باوترینی جۆرەكانە كە بریتییە لە كەمبوونەوەی یان دروستنەبوونی زنجیرەپرۆتینەكانی بیتای هیمۆگلۆبین، تالاسیمیای بچووك  كە تێیدا كەمخوێنییەكی سووك واتە ئاستی هیمۆگلۆبین لە خوێندا كەمێك نزمە هەر وەك كەمخوێنیی بەهۆی كەمیی كانزای ئاسن، بۆ تووشبووی تالاسیمیای بچووك پێویست بە هیچ چارەسەرێك ناكات.

تالاسیمیای گەورە جۆری سێیەمە و بە نەخۆشییەكی توند لەقەڵەمدەدرێت، كەمخوێنیی گەورەترین نیشانەی تالاسیمیایە، كەمخوێنییەكی سەخت كە ئەگەری تووشبوون بە چەندین نەخۆشی دیكە زیاتردەكات وەك هەموو جۆری هەوكردنەكان و لاوازبوونی سیستمی بەرگریی جەستە.


چارەسەر چییە؟

تالاسیمیا بە هەریەك لە رێگەكانی گواستنەوەی خوێن، دەنكی فۆلیك ئەسید، دەرزیی دیسفیرال بۆ رێگرتن لە كۆبوونەوەی كانزای ئاسن لە جەستەدا چارەسەر دەكرێت، چارەسەری سەرەكیی و یەكجارییش بۆ نەخۆشییەكە بریتییە لە گواستنەوەی مۆخی ئێسك Bone Marrow Transplantation كە پێویستە لە بەخشەرێكی گونجاو وەربگیرێت.

رێژەی چاكبوونەوە بە گواستنەوەی مۆخی ئێسك دەگاتە نزیكەی 89% كە نەخۆشی چی دی پێویستی بە گواستنەوەی خوێن نابێت، بەم چارەسەرە، نەخۆش بۆ ماوەی 40-45 رۆژ لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە، تاكە گرفتیش لەبەردەم زۆر ئەنجامنەدانی ئەو چارەسەرە بۆ تووشبووانی تالاسیمیا تەنها گرانیی نرخەكەیەتی.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan