کوردستانی
بە تۆمەتی دزیکردن 13 کەس لە چەمچەماڵ دەستگیرکران
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا -
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی رایدەگەیەنێت سێ باندی دزیکردنمان دەستگیرکردووە لە سنووری قەزای چەمچەماڵ کە 13 کەسن و ئۆتۆمبێل و پارە و زێڕ و مۆبایلیان دزیوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی ئایاری2023 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند "لە پێناو پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتییان و رێگریکردن لە کاری نایاسایی، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوه و بە مادەکانی ( 443, 444,446 ) سیانزە کەسیان بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیرکردووە".
باسی لەوەشکردووە "تۆمەتباران لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی دەورووبەری هەستاون بە دزیکردن لە ماڵان و دوکان و شوێنە گشتییەکان، هەروەها وەرگرتنی سەرانە لە هاوڵاتییان، سەرجەم ئەو کەلوپەل و ئامێرانەی دزیویانە پێکهاتوون لە (ئۆتۆمۆبێل، زێر، پارە، مۆبایل)".
ئاسایش ئەوەشی خستووەتەڕوو " تۆمەتباران دانیشتووی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی خواروو و ناوڕاستی عیراقن، لە ئێستادا راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە".
ر.ع
ر.ع
بیروڕا



