تەندروستی
10 خواردن دەبنە هۆی دابەزاندنی فشاری خوێن بە شێوەیەكی سروشتی
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
سیستمی خواردن و ئەو ژەمانەی لە ژیانی رۆژانەماندا دەیانخۆین كاریگەرییان بەرچاوە لەسەر فشاری خوێن، راپۆرتێكی پزیشكیی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانیش لەوبارەیەوە زانیاریی زیاتری لەسەر بنەمای توێژینەوەیەك خستووەتەڕوو.
بەپێی راپۆرتەكە كە ماڵپەڕی NOCA بڵاویكردووەتەوە، 10 جۆری خواردن ئەگەر بخرێتە ژەمەخواردنەكانی رۆژانە، دەبێتە هۆی دابەزینی فشاری خوێن بە شێوەیەكی سروشتی و جەستەش تەندروستدەكەن، كە بریتین لە؛
1.ماست
ماستی سروشتی و شیرین نەكراو، یاخود تێكەڵ بە میوە و چەرەسات لە ژەمی بەیانیاندا بەهۆی رێژەی زۆری كالسیۆم و پۆتاسیۆم تێێدا، دەبێتە هۆی رێكخستنی فشاری خوێن لە جەستەدا.
2.شلیك و توو
دەوڵەمەندن بە ئینسوسیانین كە تێكەڵەیەكی دژەئۆكسیدە و هاوكارە لە دابەزاندنی فشاری بەرزی خوێن.
3.چەوەندەر
رێژەیەكی زۆر لە نیتریك ئەسیدی تێدایە و ئەو مادەیە بەپێی توێژینەوەكان فشاری خوێن دادەكشێنێت.
4.پەتاتەی شیرین
دەوڵەمەندە بە ماگنیسیۆم و پۆتاسیۆم و ریشاڵ، بەدەر لەوەی تامێكی خۆشی هەیە ئاسانكارە لە دابەزینی فشاری خوێن.
5.ئەو سەوزانەی شێوەی گەڵایان هەیە
وەك سپێناخ، كەلەرم و هاوشێوەیەكانیان، لە سەرجەم توێژینەوە زانستییەكاندا دەركەوتووە بەسوودن بۆ دابەزینی فشاری خوێن.
6.ماسی
لە جۆری سەلەمۆن و ماكریل، هاوكاری جەستە دەبن بۆ دابەزاندنی فشاری خوێن بەهۆی ئەوەی رێژەیەكی پێویست ئۆمێگا-3یان تێدایە و تەندروستە بۆ دڵ، بەدەرلەوەی ماسی ڤیتامین دی تێدایە كە سەرچاوەیەكی خۆراكیی گرنگە بۆ رێكخستنی فشاری خوێن.
7.دانەوێڵە
شۆفان و دانەوێڵە جۆرێك لە ریشاڵیان تێدایە پێی دەوترێت بێتاگڵوكان. كە فشاری خوێنی زۆر و كەم رێكدەخات.
8.فستق
یەكێك لە توێژینەوەكان دەریخستووە لەكاتی تووڕەبووندا خواردنی فستق ئاستی فشاری خوێن دادەبەزێنێت بەمەرجێك سوێرنەكرابێت.
9.مۆز
تەنها یەك مۆز رێژەیەكی زۆر پۆتاسیۆمیی تێدایە كە بڕەكەی هاوتایە بە 422 میلیگرام، خواردنی ئەو میوەیە دەبێتە هۆی دابەزینی فشاری خوێن.
10. كیوی
بە خواردنی سێ كیوی لە رۆژێكدا، دەكرێت بە ئاستێكی بەرچاو ببێتە هۆی دابەزینی ئاستی بەرزی فشاری خوێن.
ژ.ع