چاوپێكەوتن

خاتوو مریەم: سەختترین وێستگەی ژیانم، کاتی شەڕی دابان هەلاج بوو

مەودا میدیا - سلێمانی |


خاتوو مریەم: سەختترین وێستگەی ژیانم، کاتی شەڕی دابان هەلاج بوو
مەودا میدیا-

ئاگری شەڕ و شۆڕش لە هەر شوێنێک هەبێت، پریشکی ئەو ئاگرە هەموو کایەکانی ژیان دەگرێتەوە، نێر بێت یان مێ، منداڵ بێت یان گەنج و پیر، تەنانەت ئاژەڵ و ژینگە بەگشتی، بەجۆرێک لە جۆرەکان دەبنە بەرکەوتە و قوربانیی، ژیان بارگاوی دەبێت بە توندوتیژی و خەم و مەرگەسات. کات و ناکات نامێنێت، شایی دەبێتە شین و بۆنە و خۆشییەکان بە چرکەیەک دەگۆڕێن بۆ گریان و حەسرەت.
لە چاوپێکەوتنی ئەم جارەماندا، خاتوونێک دەدوێنین؛ تاڵییەکان خوێنشیرینتر و سەختییەکان دڵاواتریان کردووە...
 
خۆت بناسێنە؟
ناوم مریەم حەمەعەلی تۆفیقە، لە ساڵی 1967 لە گوندی سیتەک لەدایک بووم.
 
سەرەتا باسی خێزانەکەتم بۆ بکە...
بنەماڵەیەکی ناسراو بووین لە سیتەکدا، باری ئابووریمان زۆر باش بوو. بەداخەوە دایکم ئەوەندە نەبینیوە، چونکە هێشتا منداڵ بووم کە کۆچی دوایی کردووە، بەڵام لەگەڵ باوکم پەیوەندیم زۆر خۆش بوو، وەک دوو هاوڕێ وا بووین، قوربانیی بە ژیانی خۆی دا لەبەر ئەوەی من نەکەومە ژێر دەستی کەس، هەر من لەسەر ماڵ بووم، بۆیە ژنی نەهێنایەوە.
 
تا چەندت خوێندووە و بڕوانامەی چیت هەیە؟
تەنیا دوو مانگ خوێندم، نەیانهێشت بخوێنم، لەبەر ئەوەی ئەوڕەحمانی برام کە بە ئەوڕەحمان سیتەکی ناسراو بوو، پێشمەرگە بوو لە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئێمەش هەموو کاتێک لە هێزەکانی حکومەت دەترساین بدەن بەسەرماندا.
 
کەواتە ژیانی لاویت چۆن دەگوزەراند و بەچییەوە سەرقاڵ بوویت؟
وەک هەر کچێکی تری گوندنشین، کاری ناوماڵ و کشتوکاڵ و یارمەتیدانی باوکم، واتە خەریکی ئیشوکاری ماڵ بووم.
 
زوو هاوسەرگیریت کرد؟
بەڵێ، تەمەنم 17 ساڵ بوو کە هاتنە خوازبێنیم.
 
ئەوە چۆن بوو؟
یەکەم جار لە رێگەی شێخ دارای حەفیدەوە هاتبوونە لای باوکم و داوایان کردبووم، بەڵام باوکم بەئاسانی رازیی نەبوو، هەر بۆیە چەند جارێک شێخ دارا دەهات و دەچوو، دواجار لەگەڵ مامم قسەی کردبوو، مامم هات پێی وتم، وتم ئەگەر ئێوە رازیی بن، من هیچ قسەیەکم نییە، بەڵام هەر نەگەیشتنە ئەنجام تا جەنابی مام جەلال تێگەیەنرا، چونکە پێشتر بەڵێنی بە سەڵاح دابوو، کە هەر کاتێک ویستی ژن بهێنێت، جەنابیان دەچن بۆ خوازبێنی بۆی. لەسەر بەڵێنی خۆی، بەڕێزیان هاتن بۆ سیتەک بۆ خوازبێنیم لە باوکم و براکانم و مامم، هەموویان لەبەر خاتری بەڕێز مام جەلال رازیی بوون، منیش وتم باشە مادام هەمووتان رازین. 
 
ئەمە ساڵی چەند بوو؟
لە مانگی ئازاری ساڵی 1984دا بوو.
 
تۆ کاک سەڵاحت دەناسی؟
نەخێر، من پێشتر نەمبینیبوو، وتیان پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و بە سەڵاح چاوشین ناسراوە، بەڵام ئەو هاتووەتە سیتەک بۆ ماڵمان، منی بینیوە و بەدڵی بووم.
 
مام جەلال هیچی بە تۆ وت لە بارەی هاوسەرگیرییەکەوە؟
بەڵێ، جەنابی مام جەلال ئەو شەوە بانگی کردم و پرسیاری لێ کردم کە چیم دەوێت. منیش وتم: "مامە گیان هیچم ناوێت"، بەڵام بەڕێزیان چی پێویست بوو لەو کاتەدا خستیە ئەستۆی خۆی، ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەشمان لە شارۆچکەی دوکان بوو.
 
باسی ئاهەنگەکەم بۆ بکە...
 بەداخەوە ئاهەنگەکەم تێک چوو.
 
بۆ؟
لە هەموو هاتوچۆ و خوازبێنییەکەدا "بەڕەحمەت بێت" شەهید سەید کەریم بەشدار بوو، هەر لەو شەوەی دیاریمان کردبوو بۆ ئاهەنگگێڕان، سەید کەریم لە رێگەی سەیتەرەکەی تاسڵوجە شەهید کرا، هەر بۆیە ئاهەنگەکە بوو بە گریان. دوای ئەوە هەموو هێزی پێشمەرگە بە سەڵاحیشەوە چوون بەرەوپیری تەرمەکەی شەهید سەید کەریم، زۆر بەداخەوە بۆ ئەو پیاوە قارەمانە. 
 
دوای ئەوە چیتان کرد؟
پاش هەفتەیەک هاتینە سلێمانی بۆ ماڵی خوشکی سەڵاح (گوڵشاد) لە گەڕەکی عەقاری، هەر لەوێ مانگی هەنگوینیمان بەسەر برد، چونکە ئەو کاتە تازە مفاوەزات لەگەڵ حکومەتی عیراقیدا دەستی پێ کردبوو و لە گفتوگۆدا بوون بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.
 
ماوەی چەند توانیتان لە سلێمانی بمێننەوە؟
نزیکە سێ مانگی هاوین لەوێ ژیاین، دوایی هێزی پێشمەرگە روویانکردە سوورداش.
 
ئەو کاتە کاک سەڵاح چی دەکرد؟
 ئەو کاتە سەڵاح کاروباری جەنابی مام جەلالی بەڕێ دەکرد وەکوو یاریدەدەری بەڕێزیان.
 
یەکەم جار کە چوونە دەرەوە و ماڵت پێکەوە نا، لە کوێ بوو؟
یەکەم شوێنمان لە قزلەر بوو، ماڵەکەمان خێمە و کەپر بوو، کەمتر لە ساڵێک لەوێ ماینەوە، دوای ئەوە چووینە پیرکە، کە دەکەوێتە خوار قزلەرەوە و لەوێشەوە بەرەو مێرگەپان رۆیشتین. ماڵەکانمان کەپر و خێمە بوون، هیچ پێداویستییەکی سەرەتاییمان نەبوو، تەنانەت لە ژیانێکی ئاساییش زۆر کەمتر بوو.
 
زۆر لەوێ مانەوە؟
نەخێر، پاش ماوەیەک دیسان چووینەوە قزلەر، ئەو کاتە سکم بە هەڵۆ هەبوو، کە بەڕاستی (هەڵۆ)یە. دەبوو بۆ لەدایکبوونەکەی بگەڕێمەوە بۆ سلێمانی، لەو کاتەدا شەڕی دابان هەلاج دەستی پێ کردبوو، کە یەکەم شەڕی گەورە بوو دوای تێکچوونی مفاوەزاتی یەکێتی و حکومەتی عیراق. ناچار بووم کە بە ترسولەرزێکی زۆرەوە بەناو ئەو هەموو بۆردوومان و شەڕ و هێرشەی سوپای عیراقیدا بگەڕێمەوە، بە حاڵێکی زۆر خراپ و مەترسیدار گەیاندیانمە سلێمانی.
 
لە کوێ منداڵەت لەدایک بوو؟
لە ماڵی نەجات خان، خێزانی حسێنی شیرین، بۆ ئەوەی بەسەلامەتی منداڵەکە لەدایک ببێت، بەڵام بەداخەوە، هەواڵمان لێ درابوو کە ژنی سەڵاح چاوشین دەگەڕێتەوە بۆ منداڵبوون بۆ ماڵی ئەوان. من بەو دۆخە خراپەوە، هەر ئەو شەوە هێزێکی ئەمنەسوورەکە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکە و هەموویان گیران و پێچرانەوە و بران بۆ ئەمنی سلێمانی.
 
ئەی تۆ بۆ نەگیرایت؟
لەبەر ئەوەی نەجاتی دشم وتی خزممانە، مێردەکەی لە سەربازییە و دۆخی مادییان زۆر خراپە، بۆیە هێناومەتە ئێرە بۆ ئەوەی ئاگامان لێی بێت. هەر ئەوەندەی ئەوان برانە ناو مسەلەحەکەوە، من و دوو منداڵی دیکەی لێ بوو (هەژان و حەمەشوان)، تاکسییان بۆ هێناین و رۆیشتین. لە رێگە لەناو مسەلەحەکەدا هەواڵدەرەکە دەڵێت "کوا مریەم؟" ئەفسەرەکە دەڵێت "مریەم کێیە؟" ئەویش دەڵێت "ژنی سەڵاح چاوشین"، یەکسەر پێچ دەکەنەوە بەرەو ماڵی نەجات خان، کە دەبینن کەسی لێ نەماوە، هەموو ماڵەکە دەدەنە بەر دەستڕێژی گوللە. ئێمە هێشتا زۆر دوورنەکەوتبووینەوە، تەنانەت گوێم لە خڕەی کەوتنەخوارەوەی شووشەی ماڵەکە بوو.
 
چوونە کوێ؟
لەگەڵ خەسووم چووینە ماڵی دشێکی ترم (مەلیحە خان) لە بەختیاری، لەوێش دوو رۆژ ماینەوە. لەو کاتەدا سەڵاح هەواڵی پێ دەگات کە هەواڵمان لێ دراوە، یەکسەر دەنێرێت بەدوامدا.
 
بردیانیتەوە دەرەوە؟
بەڵێ، بردیانین بۆ گوندی کانی بەردینە، ئەو کاتە هەڵۆی کوڕم تەمەنی دوو هەفتە بوو، دواتر لە کانی بەردینەوە چووینەوە بۆ قزلەر.
 
سەختترین وێستگەی ژیانت لە یادەوەریتدا چ کاتێکە؟
سەختترین وێستگەی ژیانم، کاتی شەڕی دابان هەلاج بوو، کە بە داستانی دابان هەلاج ناسراوە، چونکە زۆر مەترسیدار بوو، هێزی دوژمن زۆر زۆر بوون. دۆخی تەندروستیی منیش زۆر خراپ بوو، هێشتا تەقەڵەکانی نەشتەرگەریی منداڵبوونەکەم دەرنەهێنرابوون، لە قزلەر پێشمەرگەیەک کە کاری برینپێچیی دەکرد، بەبێ هیچ پێداویستییەکی پزیشکی کە تەنیا چەند چەقۆ و بەکرەودەرزییەکی پێ بوو لەگەڵ کەمێک ئیسپرتۆ، هات تەقەڵەکانی بۆ دەرهێنام. 
دوای دەرهێنانی تەقەڵەکان بەچەند رۆژێک، ماڵمان دا بەکۆڵماندا بەرەو سەرگەڵوو، کە سەرگەڵوو بە بۆردوومانی فڕۆکە و  هاوەن بەناوبانگ بوو، لە سەرگەڵوو لەو دۆخە خراپەدا ژیانمان بەسەر دەبرد. زۆربەی شەوەکان لە ماڵەکانمان دەچووینە دەرەوەی سەرگەڵوو و لەپاڵ شاخەکاندا خەومان لێ دەکەوت تا دنیا رووناک دەبووەوە.
هەر لەوێ هەڵۆی کوڕم زۆر بەخراپی نەخۆش کەوت، سەڵاح و کاک شەوکەت کە بینییان زۆر نەخۆشە و دایکی سەڵاحیش لەگەڵمان بوو و نەگەڕابووەوە، بە هەلیان زانی کە هەڵۆ بدەن بە خەسووم و بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، ئەوەش دیسان یەکێکە لە ناخۆشترین وێستگەکانی ژیانم، کە لە باوەشیان دەرهێنام و رەوانەی سلێمانییان کرد. ئیتر هەڵۆم نەبینییەوە تا بوو بە پێنج مانگ، چونکە دۆخی ئەمنیی ناوشار زۆر خراپ بوو، بە کەڵکی ئەوە نەدەهات بگەڕێمەوە.
 
تا کەی لە سەرگەڵوو مانەوە؟
لە ساڵی 1985 چووینە هەڵەدن، چونکە سەڵاح بوو بە ئەندامی مەکتەبی عەسکەریی یەکێتی و بارەگاکەیان لە هەڵەدن بوو، دیسان ماڵمان لە کەپر و خێمەدا دامەزراندەوە. لە هەڵەدن بووین کە شەڕی قەیوان ماوەت دەستی پێ کرد، کە بەڕاستی شەڕێکی زۆر سەخت و مەترسیدار بوو.
پاش کەمتر لە ساڵێک، جەنابی مام جەلال سەڵاحی دوورخستەوە، ئیتر هەر لەوێوە بەرەو یاخسەمەر رۆیشتین و چووینە خانوویەکی گوندەکەوە.
 
تۆ کەی توانیت بگەڕێیتەوە سلێمانی بۆ بینینی هەڵۆی کوڕت؟
لەدوای جێگیربوونمان لە یاخسەمەر، من گەڕامەوە بۆ سلێمانی بۆ بینینی هەڵۆ، بەڵام مامەوە تا ئەوەبوو پرۆسەی ئەنفال و هێرشی بەرفراوانی سوپای عیراقی بۆ سەر گوندەکانی کوردستان دەستی پێ کرد، ئیتر رێگە گیرا و نەگەڕامەوە یاخسەمەر.
 
دوای ئەوە چیت کرد، هەر لە سلێمانی مایتەوە؟
پاشان لە 20ی نیسانی 1988 رۆیشتم بەرەو ئێران. پێش رۆیشتنم بۆ ئێران، بۆ ئەوەی نەگیرێم، مامەڵەی تەڵاقم لە سەڵاح دروست کرد کە گوایە من لە سەڵاح جیابوومەتەوە بۆ ئەوەی بەسەلامەتی بگەمە ئێران.
 
لەگەڵ کێ و چۆن رۆیشتیت بۆ ئێران؟
لەگەڵ نەرمین خانی هاوڕێم کە هاوسەری کاک شۆڕش ئیسماعیلە، بە سواری وڵاخ بەرەو ئێران کەوتینە رێ. سەرەتا لە رێگەی برادەرانی خۆمانەوە گەیاندیانینە ناو بەسەستێن و بردیانینە ماڵی کاک مینە شێخە، کە ماڵێکی زۆر باش بوون، پاشان چووینە ماڵی خاڵە سەید مەجید تاکوو (بەرگە)یان بۆ کردین بۆ ئەوەی بچینە ناو ئێران لە رێگەی مام (ئەتەمەوە) کە بە (ئەتەمی سەید مەجید) ناسراوە.. دواتر بەرەو سوورەدێیان بردین و پاشانیش چووینە سەقز، لەوێ بە سەڵاح شاد بوومەوە. 
 
تا کەی لە ئێران مانەوە؟
تا راپەڕینە مەزنەکەی بەهاری 1991.
 
لەوێ بارودۆخ و بژێویتان چۆن بوو؟
 پاش 10 مانگ، لە سەقز هەژیر لەدایک بوو، لەسەر داوای هێرۆ خان ناوم نا "هەژیر"، کە ناوی رۆژنامەنووسێکی تەلەڤزیۆنی (BBC)ی بوو و دۆستی کورد بوو. لەوێ باری ئابووریمان زۆر خراپ بوو، چونکە باری ئابووریی یەکێتیی خراپ بوو و نەیدەتوانی یارمەتییەکی باشی کادیرەکانی بدات، ئیتر ئێمەش لە کوێمان بوو.
 
دوای راپەڕین گەڕانەوە، کاتێک گەڕانەوە چیتان کرد؟
بەڵێ، یەکسەر نێردراین بۆ قەڵاچوالان بۆ یارمەتیی جەنابی مام جەلال و بەڕێکردنی کاروبارەکانی بەڕێزیان و سەرلەنوێ دامەزراندنەوە و رێکخستنی هەموو ئۆرگانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. سەڵاح چەند مانگێک لەو ئەرکە بەردەوام بوو و دیسان دوورخرایەوە. پاش ماوەیەک نێردرایە دەزگای زانیاری، دوای چەند مانگێک لەوێش جەنابی مام جەلالیان لێ تووڕە کرد، ئیتر دووری خستەوە و بۆ ماوەیەکی کەمیش کرا بە بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی.
 
دواوتەت چییە؟
لە کۆتاییدا سوپاستان دەکەم بۆ ئەم دیدارە و بەسەرکردنەوەی ژنە پێشمەرگە و ئەو ژنانەی لە کایەکانی ژیاندا چالاک بوون و خزمەتیان کردووە، هەروەها هیوادارم کورد لە هەر شوێنێک بێت بە سەربەستی شاد بێت و بە مافە رەواکانمان بگەین.


*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) بە هاوکاریی (چیمەن عەبدولرەحمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خانزاد خاتوون؛ تەوارێکی حوکمڕان

لەلایەن زوڵفان غەریب



News

غاز وەکو مۆرانەی عیراق

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە