راپۆرت

ئەو بەرپرسە ئێرانییە کێبوو کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بە ئامانج گیرا؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەو بەرپرسە ئێرانییە کێبوو کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بە ئامانج گیرا؟
مەودا میدیا- 

ئێواره‌ی رۆژی شه‌ممه‌ رێكه‌وتی 20 ی کانوونی دووەمی 2024 له‌ هێرشێكیی سوپای ئیسرائیلدا بۆ سەر سوپای پاسداران پێنج ئه‌فسه‌ری پله‌ باڵای ئەو سوپایە  له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ له‌ سوریا كوژران، له‌م هێرشه‌دا ئێران  زیانێکی  گه‌وره‌ی به‌ركه‌وت، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رپرسێكی گرنگ‌ و پله‌ باڵای فه‌یله‌قی قودسی سه‌ر به‌ سوپای پاسداران له‌نێو كوژراوه‌كاندایه‌، به‌پێی  زانیارییەکان  یه‌كێك له‌و ئه‌فسه‌رانه‌ى  کە لە ناو كوژراوەکاندا هەن کەسێکە کە  ناسراوه‌ به‌ حاجی سادق كه‌ ناوی ته‌واوی یوسف ئومێد زاده‌یه‌ و له‌دایكبووی شاری تارانه‌، ناوبراو به‌ حاجی سادق له‌نێو سوپای پاسدراندا ناسراوه‌، به‌رپرسی هه‌واڵگری فه‌یله‌قی قودسی ئێران بووه‌.

حاجی سادق و جێگره‌كه‌ی و سێ ئه‌فسه‌ری دیكه‌ى فه‌یله‌قی قودسی ئێران و پێنج كه‌سی دیكه‌ى سه‌ربازی سه‌ر به‌ سوپای سوریا له‌و هێرشه‌دا كوژران كه‌ لە لایەن ئیسرائیلەوە  ئه‌نجامدرابوو، هێرشه‌كه‌ له‌ كاتێكدا بوو‌ ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ ئێرانیانه‌ له‌گه‌ڵ هاوتا سورییه‌كانیان له‌ گه‌ڕه‌كی له‌ئه‌لمه‌زه‌ى  دیمه‌شقی پایته‌ختی سوریا سه‌رقاڵی كۆبوونه‌وه‌ بوون، گه‌ڕه‌كی ئه‌لمه‌زه‌ تایبه‌ته‌ به‌ باره‌گای نوێنه‌رایه‌تی دیبلۆماسی ئه‌و وڵاتانه‌ى له‌ سوریا نوێنه‌ریان هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت ئێران و رووسیا، ئه‌و گه‌ره‌كه‌ هاوشێوه‌ى ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدایه‌ و هاوڵاتی ئاسایی بۆی نیه‌ سه‌ردانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ بكات و گه‌ڕه‌كه‌كه‌ له‌ژێر چاودێری و پاسه‌وانییه‌كی تووند دایه‌.

حاجی سادق، به‌یه‌كێك له ‌كه‌سه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانی ناو فه‌یله‌قی قودس هه‌ژمار ده‌كرێت و به‌رپرس بووه‌ له‌ هه‌موو كاروباره‌كانی هه‌واڵگری فه‌یله‌قه‌كه‌ ونزیكه‌ى (14) ساڵه‌ له‌ سوریا لە ئەرک و بەرپرسیارێتیدا بووە، به‌  کەسێکی نزیك لە قاسم سوله‌یمانی و ره‌زا موسه‌وی دادە‌نرێت كه‌ له‌مانگی رابردوودا ئه‌ویش له‌ لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌  له‌ سوریا كوژرا، هاوكات باوه‌رپێكراوی عه‌لی خامنه‌یی رابه‌ری شۆرشی ئیسلامی كۆماری ئیسلامی  ئێران و جه‌نه‌رالأ قائانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس بووه‌.

حاجی سادق، به‌رپرسی یه‌كه‌م بووه‌ له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشانه‌ی له‌لایه‌ن گروپه‌كانی نزیك له‌ ئێرانه‌وه‌ له‌ سوریا و عیراق ده‌كرێنه‌ سه‌ر بنكه‌كانی سوپای ئه‌مەریكا، سه‌رپه‌رشتی مه‌شق‌ و راهێنانەکانی كردووه‌ تایبەت بە ئه‌ندامانی ئه‌و گروپانه‌ له‌باره‌ی چۆنێتی به‌كارهێنانی درۆن و مووشه‌كه‌وه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ ببێته‌ ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌مەریكا و ئیسرائیل.

ناوبراو به‌شێكی زۆری ته‌مه‌نی به‌ ده‌ست به‌سه‌ركراوی به‌سه‌ربردووه‌، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌تای ئاڵۆزیه‌كانی سوریاوه‌ له‌لایه‌ن به‌ره‌ی نوسره‌وه‌ به‌ دیل گیراوه‌و ماوه‌یكی زۆر ده‌ستبه‌سه‌ر بووه‌، دواتر به‌پێی رێكه‌وتنێكی هاوبه‌شی نێوان ئێران و سوریا و رووسیا و جه‌بهه‌ی نوسره‌ له‌چوار چێوه‌ی ئالوگۆڕكردنی دیل و ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كاندا ئازاد كراوه‌. 

دوای كوشتنی له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ هه‌ر زوو كۆماری ئیسلامی ئێران له‌سه‌ر ئاستی باڵا هاته‌ده‌نگ و سه‌رۆك كۆماری ئێران له‌و باره‌یه‌وه‌ قسه‌ی كرد و دانی نا به‌وه‌ی له‌لایه‌نی ئیسرائیله‌وه‌ هێرشه‌كه‌ ئه‌نجامدراوه‌، سه‌رۆك كۆماری ئێران ئه‌مەریكاشی تاوانبار كرد به‌وه‌ی ده‌ستی له‌و كاره‌دا هه‌یه‌ و به‌ڵێنی دا كه‌  ئەم هێرشە بێ وەڵام نابێت‌، دوای تێپه‌ڕبوونی كه‌متر له‌ چه‌ند كاتژمێرێك له‌ هێرشه‌كه‌ گروپه‌كانی نزیك له‌ ئێران له‌ عیراق به‌ (15) درۆن و مووشه‌ك بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌لئه‌سه‌دیان له‌ رۆژئاوای عیراق بۆردوومانكرد، كه‌ وا ده‌ردە‌كه‌وێت ئه‌و هێرشه‌ یه‌كێك بێت له‌كاردانه‌وه‌كانی ئێران به‌رانبه‌ر تیرۆركردنی ئه‌فسه‌ره‌كانی له‌ سوریا كه‌ ئێران به‌ راوێژكاریانی سوپای پاسداران له‌ سوریا ناویان ده‌بات، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی ئه‌وان به‌فه‌رمی و له‌سه‌ر داوای حكومه‌تی سوریا له‌وێ بوون.

م.ف
Qaiwan
Qaiwan