راپۆرت

لیوا شێركۆ، شێرێك لە بۆسەی دوژمندا

مەودا میدیا - سلێمانی |


لیوا شێركۆ، شێرێك لە بۆسەی دوژمندا
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ نۆ ساڵ بەسەر تێپەڕ بوونی لیوا شێركۆ فاتیح شوانی دا تێدەپەڕێت، لە رێكەوتی 30ی تشرینی دووەمی 2016 لە رووبەڕوو بوونەوەی چەكدارە تیرۆرستەكانی داعش لە كاتی گرتنەوەی ناوچەی تەلوەردی سەر بە شاری كەركووك شەهید كرا.

شێركۆ شوانی شێركۆ فاتیح نامیق كەریم شوانی، ساڵی 1969 لە خێزانێكی پێشمەرگە لە ناحیەی ماوەت لەدایكبووە. ساڵی 1974 چووەتە بەر خوێندن و قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە ماوەت خوێندووە. ساڵی 1979 فاتیح شوانی باوكی دەبێتە پێشمەرگە و دواتر دەستگیردەكرێت. شێركۆ لە منداڵیدا ساڵێك لە گرتووخانەی گەورەی سلێمانی دەبێت. لە 1981 بەر لێبووردنی گشتیی دەكەون و دوای ئازادبوونیان دەڕۆنە ناو شارە ئازادكراوەكانی كوردستان، ساڵی 1984 پەیوەندی دەكات بە رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و 1987 دەبێت بە پێشمەرگە.

لە ساڵی 1991 شەهید شێركۆ و چەند پێشمەرگەیەكی تر لە دەربەندی بازیان بە هەڵە دەكەونە بۆسەیەكی لیوای گاردی كۆماری و دەستگیردەكرێن، دواتر رەوانەی كەركووك و پاشان دەنێردرێنە بەغدا و لەوێ فرمانی لەسێدارەدانیان بۆ دەردەچێت، بەڵام دوای ماوەیەك لەگەڵ كۆمەڵێك دیلی عیراقی دیل بە دیلیان پێ دەكرێت و ئازاد دەبن، دوای ئازادبوونیشی دەگەڕێتەوە و دەبێتە فەرماندەی بەتالیۆنی 13 هێزی شوان لە كەركووك.

دوای یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە، شەهید شێركۆ دەبێتە فەرماندەی لیوای كەركوك و پاشان دەڕواتە لەشكری بازیان و لەگەڵ ئەنوەر دۆڵانی هاوكار دەبێت، ساڵی 1996 خەڵاتی قارەمانێتیی پێ دەبەخشرێت و دواتر دەكرێت  بە بەرپرسی مەشق و پشكنین لە فەرماندەیی كەركووك، پاشان دەڕواتە خولی قەڵاچوالان و بەسەركەوتوویی خولەكە بەكۆتا دەگەیەنێت.

ساڵی 2003 بەشداری جەنگی دژی گروپی ئەنسارولئیسلام دەكات، هەر لەو ساڵەدا بەشداری ئازادكردنی شاری كەركوكی كردووە و لەوێ لە ناوچەی ریاز بە سەختی بریندار دەبێت و چاوێكی لەدەست دەدات و دوو پورزای شەهید دەبن.

ساڵی 2006 دەكرێت بە فەرماندەی لیوای 10 ی كەركووك، ساڵی 2009 بە هۆی كار و چالاكییەكانییەوە لەلایەن مام جەلالەوە كە ئەوكات سەرۆک كۆماری عیراق بوو خەڵات دەكرێت، ساڵی 2010 دەكرێتە فەرماندەی لیوای یەك و ئەندامی لیژنەی ئاسایشی كەركوك.

شەڕی داعش و بەرگری و شەهید بوون
رۆژی 17ی  تەمووزی 2014 و دوای هاتنی داعش بۆ سەر كەركوك، لە تەلوەرد بریندار دەكرێت و پاسەوانێكی شەهید دەبێت و چەند پاسەوانێكیشی بریندار دەبن.
 
شەهیدبوون
 كاتێك داعش تەلوەردی داگیركرد لەو ماوەیەشدا هەریەك لە جێدار هاشم بنەیی و عەتا محەمەد مەحمود و كەمالی حاجی ئاغا شەهید دەبن، شێركۆ شوانی و فەرماندەكانی ئەو میحوەرە هەست بە مەترسیی زیاتری داعش دەكەن و پلانەكە بە جۆرێك دادەنرێت تا ئازادكردنی تەلوەرد ناگەڕێنەوە لە هێرشە گەورەكەی رۆژئاوای كەركوك لە 30ی کانوونی دووەمی 2015 شێركۆ شوانی لەگەڵ ژمارەیەك فەرماندە و پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەوانیش نەشئەت جەمیل بنەیی، دانا عەباس بنەیی، مەریوان عەبدوڕەحمان بنەیی و كاوە محەمەد تۆفیق) شەهید دەكرێن.

گ.ع

Qaiwan
Qaiwan