رێژنە محەمەد
کوردستان لە سایەی خەباتی یەکێتییەکی دادپەروەر دا
هەرێمی کوردستان بە قۆناغی سەختی سیاسی، ئابووری و ئەمنیدا تێپەڕ دەبێت، هیچ جێگەی شۆک نییە ئەگەر پێمان وابێت گرفتەکان زوو چارەسەر نەکرێن، ئەوا بێ دوودڵی داهاتوومان دەکەوێتە بەردەم گێژەڵووکەی لەناوچوون یان وێرانکردنێک کە بە ئاسانی لەبەردەمیدا خۆمان رانەگرین.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەکو هێزێکی نیشتمانیی بەرپرسیار بەرانبەر نەتەوە و خاک و چارەنووسەکەی، روونە لە هەموو هێزەکانی دیکە ئەرکی قورسی لەسەر شانە، بۆیە بۆ تێپەڕبوون لەو مەترسییانەی هەیە پێویستی بە کارکردنی شێلگیرانەتر هەیە بۆ ئەوەی کوردستان و نەتەوەکەمان لەو مەترسییانە دەرباز بکات.
دادپەروەری بۆ دڵنیایی کۆمەڵگە لە دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستەدا، یەکێکە لەو فاکتەرانەی دەتوانێت ببێتە هەوێنی تەبایی و دروستکردنی متمانە لەنێوان خەڵک و حزب و دەسەڵاتدا، دەتوانێت ببێتە هۆکاری سازانی سیاسی و ئارامیی کۆمەڵایەتی، بۆیە وەکو بنەمایەکی سەرەکیی هێزێکی سۆسیال دیموکراتی وەکو یەکێتی گرنگە بیکاتە بنەمای کارکردنی رۆژانەی و بەهۆیەوە خەڵک لە دەوری خۆی زیاتر کۆبکاتەوە.
یەکێتی بۆ ئەوەی ببێتە هێزێکی کاریگەر لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستان، پێویستیی بەوە هەیە کار لەسەر بە کردارکردنی دروشمی دادپەروەریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و یەکسانی لە رەخساندنی دەرفەتی کاردا بکاتەوە، ئەوە بنەمایەکی گرنگە بۆ ئەوەی خەڵکی وای ببینن هێشتا هێزێکی سیاسیی هەیە کە داکۆکیکاری مافەکانیانە و دڵینا دەبن لەوەی پارێزەرێک هەیە خەمی وەگرتنەوەی مافەکانیانی لە کۆڵ ناوە.
دەسەڵاتی راستەقینە و هێزی سیاسیی هەڵقولاوی کۆمەڵانی خەڵک، سوورن لەسەر چەسپاندنی دادپەروەری، چونکە ئەوە بنەمایەکی گرنگە بۆ ئەوەی خەڵکی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و وەرگرتنی ئەرک و رەخساندنی دەرفەتی کار و داهاتی تاک، هیوای لەسەر هەڵبچنن، بۆیە بۆ یەکێتیی گرنگە ببێتە هێزی هێنانەکایەی دادپەروەری، لەژێر رۆشنایی بنەمای سیاسەت و جیهانبینیی سەرۆک مام جەلال کە نیو سەدە زیاتر بۆ هێنانەکایەی کۆمەڵگە و دەسەڵاتێکی دادپەروەر لە تێکۆشان بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی بەشێکی زۆری ئامانجەکانی بۆ نەتەوەکەی بەدیهێنا.