راپۆرت

مووشەكی تۆروس چییە؟ ئایا ئۆكۆانیا بەدەستی دەهێنێت؟ بۆچی رووسیا لێی تۆقیوە؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


مووشەكی تۆروس چییە؟ ئایا ئۆكۆانیا بەدەستی دەهێنێت؟  بۆچی رووسیا لێی تۆقیوە؟

مەودا میدیا-
لە ماوەی دەستپێكردنی هێرشەكانی رووسیا بۆ سەر ئۆكرانیا، ئەمریكا و ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەوروپا بە نهێنی بێت یان بە ئاشكرا لە رووی سەربازیی و لۆجستییەوە پشتگیریی خۆیان بۆ ئۆكرانیا دووپات كردووەتەوەو هاوكارییان كردووە كە دیارترینیان جگە لە ئەمریكا، ئەڵمانیا و بەریتانیا و فەرەنسا بوون. 

ئەو وڵاتە ئەوروپییانە هەرچەندە هەندێ جار بە ئاشكرا و بە راشكاویی دان بە هاوكارییەكانیان بۆ ئۆكرانیا نانێن، بەڵام تائێستا چەندین جار هاوكاریی سەربازییان پێشكەش بەو وڵاتە كردووە. 

ئێستاش ماوەیەكە مشتومڕەكان گەرم و جیدین لەبارەی پێدانی مووشەكی تۆروسی ئەڵمانی بە هێزەكانی ئۆكرانیا و لە بەرامبەریشدا رووسیا تۆقیوە و هەڕەشەی كاولكاریی دەكات ئەگەر بێت و ئەو مووشەكە لەلایەن ئەڵمانیاوە بدرێتە ئۆكرانیا. 

ترسی رووسیا لە بەدەستهێنانی مووشەكی تۆروس لەلایەن ئۆكرانیاوە زۆر جدییە و ناحەقیشی نییە، رووسیا لەوە تێگەیشتووە كە بوونی ئەو مووشەكە لای ئۆكرانیا بەواتای ئەوە دێت كە رووسیا تووشی پاشەكشەی گەورە دێت لەبەرامبەر هێزەكانی ئەو وڵاتە، چونكە رووسیا باش دەزانێت كە تۆروس چییە و توانا و هێزی كاولكاریی چەندە! 

بەپێی وتەی ئۆلاف شۆلز راوێژكاری ئەڵمانیا، هیشتا وڵاتەكەی رەزامەندی دەرنەبریوە لە پێدانی مووشەكی تۆروس بە ئۆكرانیا، چونكە هەرچەندە هەندێك لە بەرپرسانی ئەڵمانیا و نوێنەری حزبەكان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا پشتگیری لە بیرۆكەی دابینكردنی ئەو مووشەكە بۆ ئۆكرانیا دەكەن و بە تاكە دەرفەتی دەزانن بۆ ڕاگرتنی پێشڕەوییەكانی ڕووسیا، بەڵام لەبەرامبەریشدا هەندێكیان دژی ئەو بیرۆكەیەن، چونكە پێیان وایە ناردنی ئەو مووشەكە بۆ كیێڤ وڵاتەكەیان پەلكێشی جەنگ دەكات و ترسی جدییان هەیە لە كاردانەوەی رووسیا. 

با بزانین مووشەكی تۆروس چییە و تواناكانی چین؟ 
تۆروس مووشەكێكی ئەڵمانی-سویدییە، لە ساڵی 1995 بۆ 2005  لەلایەن كۆمپانیای تۆروس سیستەم جی ئێم بی ئێچ ەوە دیزاین كراوە و بۆ یەكەمجاریش ئەڵمانیا لە ساڵی 2006 نمایشی كرد و لەو كاتەوە بەكاردەهێنریت. 

تۆروس توانای پێكانی ئامانجەكەی بە وردییەكی زۆر بەرز هەیە، چونكە هەڵگری سیستەمی رێنیشاندەر و رێنماییە.
خێرایی موشەكەكە نزیكە لە خیرایی دەنگەوە، چونكە ئەتوانێت بەخێرایی 1،170 كم لە سەعاتێكدا تا دووری 500 كیلۆمەتر ببڕێت بە بەرزی تەنها 35 مەتر لە زەوییەوە، واتا دووری نێوان سلێمانی بۆ نەجەف، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت كە ئەگەر ئۆكرانیا ببێتە خاوەنی ئەو مووشەكە ئەوا دەتوانێت راستەوخۆ ئامانجەكانی لە ناو مۆسكۆدا بپێكێت، چونكە دووری نێوان ئۆكرانیا و مۆسكۆ بەنزیكەیی 500 كیلۆمەترە، هەر ئەوەشە كە رووسیای تۆقاندووە.

كێشی مووشەكەكە 1400 كیلۆگرامە لەكاتێكدا كە توانای هەڵگرتنی كڵاوەی جەنگیی بە كێشی 4،800 كیلۆگرام هەیە، درێژییەكەی 5.1 مەتر و پانییەكەشی یەك مەترە و بە بزێنەری تۆربۆڤان كاردەكات و لە ئاسمانەوە هەڵدەدرێت و توانای هەڵگرتنی كڵاوەی ئەتۆمیشی هەیە، جگە لەوەش بەشێوەیەك دیزاین كراوە كە دەتوانرێت لە زەویشەوە هەڵبدرێت بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەكی ئاراستەكراوی دوژمن. 

هەروەها میكانیزمی ئەلیكترۆنی بەرپەرچدانەوە و بەرگریكردنی لە خۆی هەیە و توانای بڕینی بەربەستە كۆنكرێتییە ئەستوور و رەق و قووڵەكان و گەیشتنی بە ئامانجە نێژراوەكانی ژێر زەوی  هەیە، هەروەها كاتێك نزیك دەبێتەوە لە ئامانجەكەی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز دەبێتەوە بۆ ئاسمان و دواتریش بەخێراییەكی لەڕادەبەدەر دادەبەزێتەوە بۆ زەوی و بە ئامانجەكەیدا دەكێشێت. 

لەهەمووی سەیرتر ئەوەیە كە تۆروس پێش كێشانی بە ئامانجەكەیدا و پێش تەقینەوەی كڵاوە جەنگییە سەرەكییەكەی، كڵاوەیەكی تری بارگاویی بە كێشی 400 كیلۆگرام لەپێش خۆیەوە دەنێرێت و دەدات لە ئامانجەكە، ئەمەش وادەكات هەم كونێكی گەورە لە دیواری ئامانجەكەدا دروست بكات بۆ ئاسانیی چونەژوورەوەی مووشەكە سەرەكییەكە و هەمیش لەرێگەی هەستەوەرەكانەوە راستەوخۆ توانای بەرگریی دیواری ئامانجەكە دەستنیشان دەكات. 

جگە لە هەموو ئەوانەش كامێرایەكی بە روونی و كوالێتییەكی بەرزی سێ‌ رەهەندیی پێوەیە كە دەتوانێت زۆر بە وردیی و بەروونی ئامانجەكانی دەستنیشان بكات. 

ئەم مووشەكە تۆقێنەرە دەتوانێت سیستەمی بەرگریی ئاسمانی دوژمن ببڕێت بەجۆرێك كە ناتوانرێت ببینرێت یان لە لایەن سیستەمی بەرگرییەوە ئاشكرا بكرێت. 

 نرخی یەك دانە لە مووشەكی تۆروس لە ئێستادا  950 هەزار یۆرۆیە و لە ئێستاشدا بە تەنها ئەڵمانیا، كۆریای باشور و ئیسپانیا خاوەنی ئەم مووشەكەن.
 ئەرسەلان پەرۆش
 
  

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

چینی ئۆزۆن

لەلایەن نەرمین عوسمان



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان