چاوپێكەوتن

"هەموو ئەو کارەسات و دژوارییانە نەیانتوانی ماندوومان بکەن و چۆکمان پێ دابدەن"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"هەموو ئەو کارەسات و دژوارییانە نەیانتوانی ماندوومان بکەن و چۆکمان پێ دابدەن"
مەودا میدیا-

کاتێک گەلێک لە حاڵەتی شۆڕش و بەرەنگاریدا دەبێت، پریشکی شەڕ و نەهامەتی و ئازارەکان، هەموو پنتێکی کۆمەڵگە و ژیانی دەگرێتەوە، لە منداڵێکی ساواوە تا کەسێکی بەساڵاچوو، نێر بێت یان مێ، سیاسی بێت یان کەسێکی ئاسایی، بە جۆرێک لە جۆرەکان لێکەوتەکەی لەسەری دەبێت.
لە چاوپێکەوتنی ئەم جارەماندا مەهاباد شێخ حەمەئەمین دەدوێنین، خاتوونێک لە خێزانێکی کوردپەروەر و شۆڕشگێڕ، کە ئەو خەسڵەتەی وەک ئەمانەتێک لە باوکەوە وەرگرتووە و تا دواهەناسەش سوورە لەسەری و بەوەفایە بۆی.
 
سەرەتا خۆت بناسێنە...
ناوم مەهاباد شێخ حەمەئەمین شێخ عەبدوڵڵا بەرزنجییە. لە ساڵی 1963 لە گوندی هاواری سەر بە پارێزگای هەڵەبجە لەدایک بووم، لە شۆڕشی ئەیلوولدا لە شاخ باوکم بە ناوی کۆماری مەهابادەوە ناوی ناوم.
 
قۆناغەکانی خوێندنت لە کوێ خوێندووە؟
سەرەتا لە خوێندنگەی شاهۆ لە هەڵەبجە چوومەتە بەر خوێندن و یەکی سەرەتاییم لەوێ خوێندووە. ساڵی 1969 بەهۆی نائارامیی هەڵەبجەوە چووینە بەغدا، چونکە ماڵەکەمان تۆپێکی بەر کەوت و زۆربەی جەلالییەکانیش ماڵیان لە بەغدا بوو، ئیتر پۆلی دوو و سێی سەرەتاییم لە دیوانیە و بەغدا خوێندووە. دواتر باوکم بوو بە قائیمقامی کەلار و لە ساڵی 1971 گەڕاینەوە. پاشان بوو بە قائیمقامی چەمچەماڵ و دوو ساڵی سەرەتاییم لەوێ تەواو کرد.
ناوەندیم لە سلێمانی تەواو کردووە، هەرچەندە بەهۆی ئەوەی باوکم چووەوە ناو شۆڕش، ساڵێکی خوێندنی ناوەندیم لەدەست چوو.
لە هەڵەبجە شەشی ئامادەییم خوێند و دواتر هاتینەوە بۆ سلێمانی و باوکم نەفی کرایەوە بۆ باشوور. پاشان لە ساڵی 1982 ئامادەیی پیشەسازیم لە سلێمانی تەواو کرد.
لەبەر ئەوەی لە یەکەمەکان بووم، لە پەیمانگە دامەزرام، بەڵام تەنیا یەک ساڵ مامۆستا بووم.
 
کەواتە بڕوانامەی چیت هەیە، ئامادەیی یان پەیمانگە؟
بڕوانامەی بەکالۆریۆسم هەیە، چونکە دەستم کردەوە بە خوێندن لە زانکۆی سلێمانی و لە ساڵی 2005 – 2006 بڕوانامەی بەکالۆریۆسم لە یاسا و سیاسەتدا بەدەست هێنا.
 
دەمەوێت بەکورتی باسێکی باوکت و چالاکییەکانیم بۆ بکەیت و کاریگەریی لەسەر تۆ تا چەند بوو؟
ئەو یەکەم قوتابخانەی کوردایەتیم بوو، رۆحی شۆڕشگێڕیی فێر کردم. وەک تێکۆشەرێکی کوردپەروەر و خاوەن مێژوویەکی جوان دەمێنێتەوە. ئێمە شوێنکەوتەی بیروباوەڕی کوردایەتی و خۆشەویستیی نیشتمان و خاک بووین، لەسەر رێگەی باوکم دەمێنمەوە و هەر بەو رێگەیەشدا دەڕۆم. من کچی مامۆستا شێخ ئەمین عەبابەیلێم و هەڵەبجەییم. هەمیشە ماڵەکەمان وەک بارەگای حزب وابووە و کۆبوونەوەی گەورەی حزبایەتی تێدا ئەنجام دراوە، بۆ راپەڕاندنی ئیشوکاری حزبایەتی بەکار هێنراوە، بەتایبەت بۆ رێکخستنەکانی ناوشار. باوکم ساڵی 1963 لە وەزگێل لێپرسراوی یەکەم مەفرەزەی سەرەتایی شۆڕشی ئەیلوول بووە، کە ئەوکات رژێمی عیراق بە پێشمەرگەیان وتووە "چەتە". لە ساڵی 1964 لە جیابوونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی، لەگەڵ هەڤاڵ مام جەلال درێژەی بە خەبات و تێکۆشان داوە و لە ساڵی 1968 دەکرێتە قایمقامی شاری هەڵەبجە. خزمەتێکی باشی ناوچەکەی کردووە و زۆر خۆشەویست بووە. ئەو تەنیا بۆ کوردایەتی ژیاوە، نەک بۆ دەسەڵات و دەستکەوتی مادی. هەروەها دڵسۆزانە خزمەتی شۆڕشی نوێی کردووە. لە هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێدا، لە رێکخستنەکانی ناوشاردا رۆڵی گەورەی بینیوە، بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی مادیی بۆ شۆڕش و سەرپەرشتیکردنی رێکخستنەکان. لەسەر بڕیاری بەڕێز مام جەلال و بە ناوی ئەوەوە لە بەغدا و سلێمانی نێردراوەتە دەرەوە و بەنهێنی نامەکانی گەیاندووە و هەمیشە ژیانی لە مەترسیدا بووە. هەروەها ژیانی تاراوگە و ئاوارەییمان زۆر بەخۆمانەوە بینیوە؛ لە خوارووی عیراق و لە ئێران، هەموو ئەمانەش بەهۆی کاری سیاسی و حزبایەتی باوکمەوە بووە. 
باوکم لە دانوستانی ساڵی 1971 دەکرێت بە قایمقامی قەزای کەلار، پاشان لە ساڵی 1972 دەبێتە قایمقامی چەمچەماڵ. لە ساڵی 1974 لە هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش و تێکچوونی مفاوەزاتەکەدا، باوکم قایمقامی چەمچەماڵ بووە، هەموو قەزاکەی بە مومتەلەکاتی حکومەتەوە تەسلیمی شۆڕش کردووە و بردوویەتییە دەرەوە، ئیدی هەموومان بەخێزانی چووینە ناو شۆڕش. ماوەیەک لە سەنگاو ماینەوە و دواتر لەوێوە لە ترسی رژێمی بەعس ئێمەیان بردە شاری هەڵەبجە. پێش بۆردوومانەکەی هەڵەبجە، لەوێ خراینە قوتابخانە و چەند هەفتەیەک دەواممان کرد، بەڵام بەداخەوە، لەلایەن رژێمی بەعسەوە بۆردوومانی هەڵەبجە کرا. ئێمە لەو کاتەدا لە قوتابخانەی شۆڕش دەمانخوێند، لە کاتی وانە خوێندندا دەنگی فڕۆکە دەهات کە بەسەر شارەکەدا تێدەپەڕین. مامۆستاکان بۆ پاراستنی گیانی خوێندکارەکان ئێمەیان لەو قوتابخانەیە گواستەوە و بردیانین بۆ ماڵێک لە بەرانبەر قوتابخانەکەمان، کە ماڵی حاجی خڕە بوو، بردیانینە ناو ژێرزەمینی ئەو ماڵە. خوێندکارەکان زۆر دەترسان، بەڵام من ئیرادەم لەوان باشتر بوو. لەو کاتەدا هەواڵی ماڵی باپیرمان بۆ هات و وتیان خاڵم بریندارە و بەر بۆردوومانەکەی هەڵەبجە کەوتووە، لە ماڵی خۆیان بەهۆی بۆردوومانەکەوە دیوارەکە رووخابوو بەسەریدا و بڕبڕەی پشتی تەواو زەبری پێ کەوتبوو، هەر بۆیە بڕیار درا بەو شەوە هەڵەبجە جێبهێڵین و رووبکەینە هەورامان، چونکە بەهۆی شاخەکانییەوە زۆر پارێزراوتر بوو. هەر بەو شەوە خۆمان کۆکردەوە و چووین بۆ بیارە و لە ماڵ و تەکیەی شێخ حەمە ماینەوە. دواتر چووینە تەوێڵە و لەوێ رۆژانە لەترسی بۆردوومانی رژێم هەموو بەیانیانێک پێش خۆرکەوتن دایکم هەڵیدەستانین و دەچووینە دەرەوەی تەوێڵە بۆ ناو باخ و ئەشکەوتەکان و هەتا ئێوارە دەماینەوە. دواجار ناچار بووین هەر لەو باخانەدا بمێنینەوە.
 
چارەنووسی خوێندنەکەتان بوو بە چی؟
لەناو شۆڕشدا قوتابخانە دانرا، لەسەر بەرد و ناو باخەکانی تەوێڵە تاقیکردنەوەی ئەو ساڵەیان پێ کردین، بەڵام بەداخەوە بۆمان حساب نەکرا. ساڵێکمان فەوتا بەهۆی ئاشبەتاڵی ساڵی 1975ەوە.
 
هەستتان بە چی دەکرد کاتێک ئەو هەواڵەتان ژنەفت؟
 هەرگیز ئەوەم بیر ناچێتەوە کە هەواڵی ئەوەمان پێ گەیشت شۆڕش تەواو ئاشبەتاڵی کردووە. دەبوو بگەڕێینەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی رژێم، هەموو دەستمان کرد بە گریان و بەو شەوە بەرەو تەوێڵە ئێمەیان خستە ناو پاسێکەوە. 
 
ئەى باوکت هەڵوێستی چی بوو؟
باوکی رەحمەتیم بەو ئاشبەتاڵە زۆر دڵگران بوو، بڕیاری دا نەگەڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی رژێم و بەردەوامی بە شۆڕش بدات، لای ئەو ئاشبەتاڵ قبووڵ نەبوو. پارتی بەمەیان زانی و کەوتنە پیلانگێڕان دژی باوکم کە چۆن بتوانن لەناویبەرن، بە شەو خەڵکیان نارد تا شەهیدی بکەن، بەڵام هەر زوو کەسێکی دۆستی باوکم ئاگاداری کردەوە کە ئەو پیلانە هەیە. ئەو دۆستانەی باوکم هەر ئەو شەوە بڕیاریان دا دەربازی بکەن و بیبەن بۆ شوێنێکی پارێزراو و بە شێوەی ئیختیفا مایەوە. 
 
هیچ کاتێک لەلایەن رژێمەوە زیندانی کراوە؟
بەڵێ، لە ژیانی سیاسیدا چەند جارێک لەلایەن رژێمەوە گیرا و دوور دەخرایەوە بۆ تاراوگە و خوارووی عیراق، چەند جارێکیش دەستبەسەر کرا.
 
جگە لە باوکت، وەک خودی خۆت و وەک خێزان کاردانەوەتان چۆن بوو سەبارەت بەو دۆخە؟
سەرەڕای ئەو هەموو سەختی و نەهامەتییە، بەڵام خێزانەکەمان هەستی کوردایەتی زیاتر لە ناخماندا دەچەسپی و بەردەوامیمان دا بە تێکۆشان. من وەک خوێندکارێکی ناوەندی، کاتێک رژێم بڕیاری دا خوێندن بکات بە عەرەبی، ئێمە ژمارەیەک لە مامۆستا و خوێندکار قبوڵمان نەکرد، هەر بۆیە لەو رۆژەی کتێبی عەرەبییان لە قوتابخانە دابەش کرد، رۆڵێکی تایبەتمان بینی؛ هەڵوێستمان نواند و وەک خوێندکار کتێبە عەرەبییەکانمان دڕاند و هەموو خوێندکارانمان هان دا بێنە دەرەوە و بەشداری خۆپیشاندان بکەن. لەو خۆپیشاندانەدا دوو مامۆستای خۆشەویست، خاتوو حەمدیە و خاتوو فەوزیە زۆر هاندەرمان بوون.
 
ئەو کاتەی لە سلێمانی خوێندکاری ئامادەیی بوویت، چالاکییەکانت چی بوون؟
دواتر کە لە سلێمانی خوێندکاری ئامادەیی بووم، هەمیشە بەشدار بووم لە چالاکیی رێکخستن و ناڕەزایەتیدەربڕینەکاندا لە خوێندنگە دژ بە رژێمی بەعس و بەتایبەتی ژووری ئیتحادی تەلەبە، دەمانویست چالاکیی دژ بەوان ئەنجام بدەین، ئەویش بە سووتاندنی ژوورەکەیان و بەیاننامە هەڵواسین و...هتد. 
لە بۆنەی نەورۆزیشدا رۆڵی زۆر باشمان دەبینی بۆ کردنەوەی ئاگری نەورۆز، رژێم هەمیشە لەو بۆنەیەدا رێگری دەکرد. دیارە ئەمانە هەمووی بە بەرنامە کارمان بۆ دەکرد، بەتایبەتی لە شاری سلێمانی کە خۆپیشاندانی زۆر گەورە دەکرا، ئێمەش لەو کاتەدا وەک خوێندکاری ئامادەیی لەو خۆپیشاندانانەدا بەشدار دەبووین و خوێندکارانمان هان دەدا، تا گەیشتە ئەوەی لەلایەن رژێم و ئەمنی سلێمانییەوە بە لیست ناوی سەد خوێندکاریان لا بوو بۆ گرتنیان، من یەکێک بووم لەوانە و لەلایەن بەڕێوەبەری خوێندنگەکەمان، مامۆستا عەبدوڵڵا شێخ، بانگ کرام و ئاگاداری کردمەوە کە ناوم لەو لیستەدا هەیە، بۆیە وتی: "چەند رۆژێک مەیەرەوە بۆ خوێندنگە، بۆ ئەوەی بتوانم بتپارێزم و پێیان بڵێم ئەو چەند رۆژە نەهاتووە بۆ خوێندنگە و نەخۆشە و مۆڵەتی وەرگرتووە". بەم جۆرە ئەو جارەیان دەرباز بووم لە گرتن، بەڵام فەرمانی گرتنم هەبوو. 
 
پێشتر وتت تەنیا یەک ساڵ مامۆستا بوویت، بۆ؟
لەو کاتەدا بەعس بڕیارێکی دەکرد کە ئەوەی مامۆستا بێت دەبێت ئینتیمای بۆ حزبی بەعس هەبێت، بۆیە لە پەروەردە و ئەمنی سلێمانی بانگ کرام بۆ ئیمزاکردن و پێیان وتم ئەگەر نەبم بە بەعسی، ئەوا لە مامۆستایەتی دەردەکرێم. ئەوان دوایین ئاگادارکردنەوەیان داینێ، بەڵام من وەڵامم نەدانەوە، چونکە بە توانای خۆم و بە بێلایەنی دامەزرابووم و بەعسیی نەبووم تاوەکوو ببم بە حزبی، بۆیە داواکارییەکەیانم رەت کردەوە و وتم ئامادەم وازبهێنم لە مامۆستایەتی، بەڵام نابم بە بەعسی. لەبەر ئەوە نووسراوێکم بۆ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە نووسی بۆ وازهێنانم لە مامۆستایەتی. ئەوەبوو چیتر نەمدەتوانی بەو شێوەیە بمێنمەوە، بۆیە بڕیارم دا پەیوەندی بکەم بە شۆڕشەوە و ژیانی پێشمەرگایەتی هەڵبژێرم.
 
لە رێگەی کێوە پەیوەندیت کرد؟
 لە رێگەی خاتوو نەرمین عەبدولڕەحمان، هاوسەری بەڕێز شۆڕش ئیسماعیل، کە برادەرێکی خۆشەویستی سەردەمی خوێندکاریی خۆم بوو. ناوبراو دەیزانی ژیانی پێشمەرگایەتیم پێ خۆشە و شەیدای کوردایەتیم، بۆیە لە رێگەی ئەوەوە پەیوەندیم دروست کرد. چەند جارێک لەگەڵیان دانیشتنم کرد بە مەبەستی پەیوەندیکردنم بە شۆڕشەوە. ئەوەبوو یەکەم جار لە گوندی شارستێنەوە پەیوەندیم دروست کرد، پاشان چوومە گوندی کانی دڕکە و شووکێ لە سنووری مەڵبەندی یەکی سلێمانی لە شارباژێڕ. 
 
ئەو کاتە هاوسەرگیریت کردبوو؟
نەخێر، هەر لەو گوندە (شووکێ) ژیانی هاوسەرگیرم لەگەڵ دکتۆر فایەق گوڵپی پێک هێنا. ئەو لێپرسراوی نەخۆشخانەی شۆڕش بوو. سەرەتا لە ماڵی کاک جەبار فەرمان بووین و ماوەیەک لەوێ ماینەوە، پاشان مەڵبەندی یەکی سلێمانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوازرایەوە بۆ ناوچەی قەرەداخ، ئیتر لە گوندەکانی سێوسێنان و بەلەکجاڕ درێژەمان بە ژیانی پێشمەرگایەتی دا. 
 
لەو کاتەدا ژیانی خێزانیتان چۆن بوو؟
لەو سەردەمە سەختەدا بە تاڵ و سوێرییەوە لەگەڵ دکتۆر فایەق ئەو رۆژگارەمان بەسەربرد؛ من هاوکاری ئەو بووم لە دابینکردنی دەرمان و کتێبی پزیشکی و بەردەستیکردنی، لە کاتی هاتنی نەخۆش و بریندار هاوکاریم دەکرد. زوو زووش دەهاتمەوە ناو شار و ئەو کاروبارانەی لەلایەن حزبەکەم پێم دەسپێردران، ئەنجامم دەدان، بەتایبەتی بۆ هێنانی پێداویستیی دەرمان بۆ نەخۆشخانەکە، دەچووم بۆ لای ئەو دکتۆرە بەڕێزانەی شار، کە دکتۆر فایەق منی بۆ لای ئەوان دەنارد، بەتایبەتی بۆ لای دکتۆر تاهیر هەورامی و دکتۆر نەوزادی منداڵان... ئەوان زۆر پێداویستیی پزیشکی و داودەرمان و کتێبی پزیشکییان پێ دەدام و منیش دەمبردنەوە بۆ نەخۆشخانەی شۆڕش. 
 
تا کەی بەو شێوەیە توانیت هاتوچۆ بکەیت؟ رژێم هەوڵی گرتنتی نەدەدا؟
دواجار لە ساڵی 1982 یان 1983 بوو، لەلایەن رژێمەوە بڕیاری گرتنم بۆ دەرچووەوە، ئەمن و ئیستیخبارات چووبوونە ئەو قوتابخانەیەی وانەم تێدا دەوتەوە، ئینجا چووبوونە سەر ماڵی باوکم بە مەبەستی دەستگیرکردنم. ئیدی نەمتوانی بەنهێنییش بچمەوە شار، چونکە ناوم درابوو بە بازگەکانی حکومەت. بەداخەوە، هەر لەو ساڵەدا ئەمنی سلێمانی باوکمیان گرت و بردیانە ئەمنی کەرکوک. باوکم بە سێ هۆکار فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرابوو، یەکەم: بەوەی باوکم رۆڵی بەڕێز مام جەلال دەگێڕێت لە ناوشاردا و سەرپەرشتی کاری رێکخستن دەکات. دووەم: خۆی ئامادە کردووە بچێتە دەرەوە. سێیەمیش: کچەکەی (واتە من)، هاتووەتەوە و دەبێت رادەستمان بکات. لەبەر ئەوە باوکم بۆ ماوەیەکی زۆر لە زینداندا مایەوە و حوکمی زیندانیی هەمیشەییان بەسەردا سەپاند و لەو گرتووخانەیەشدا دەرمانخواردیان کرد. 
 
چۆن زانیت کە باوکتیان گرتووە؟
من ئاگاداری بەندکردنی باوکم نەبووم لەلایەن بەعسەوە، رۆژێک کاک عومەر فەتاح هات بۆ ماڵمان و وتی: "باوکت گیراوە و ئیتر بۆت نییە بەنهێنییش بچیتەوە بۆ ناو شار".
 
تا کەی لە شاخ و ژیانی پێشمەرگایەتیدا مانەوە؟
بەردەوام بووین لە شۆڕش و درێژەدان بە ژیانی پێشمەرگایەتی تا ئەو کاتەی ئەنفالی دووی قەرەداخ دەستی پێ کرد. ئەو کارەساتەی بووە خاڵی وەرچەرخان لە ژیانی من و هەتا ئێستاش ئازار و ژانەکەی دەمتلێنێتەوە؛ کارەساتێک هەتا مرۆڤ بە چاوی خۆی نەیبینێت، زەحمەتە باوەڕ بکات. ئێمە زۆر بەسەختی رزگارمان بوو، هەتا لێوارەکانی مەرگ چووین و ساتەوەختی مردنمان بینی.
 
کەواتە باسی چیرۆکی خۆتانم بۆ بکە لە سەردەمی شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیاباران...
 ئەم چیرۆکە راستەقینەیە، تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن بەباشی بیگێڕنەوە کە لەناو رووداوەکاندا بوون، ئەوانەی وەکوو من بەدەم ئازاری ویژدان و ناخی برینداریان بۆ گەلەکەیان بینیویانە. نازانم لەکوێوە دەست پێ بکەم، لە ئەنفالەوە، یان کیمیاویباران؟ هەر کاتێک ئەو رۆژگارە ناخۆش و دژوارانەم بیردێتەوە؛ چاوەکانم فرمێسکیان تێ دەچڕژێت و قوڕگم دەگیرێت و ترپەکانی دڵم زیاد دەکەن، ئاخر گێڕانەوەی چیرۆکی لەناوبردنی گەلێک، لەناوبردنی هەزاران هەزار مرۆڤ... لەکوێوە دەست پێ بکەم؛ باسی کام زامی ئەو برینانە بکەم کە ساڕێژ نابن، بەڵام لێرەدا ئەوەی بەسەر ئێمەدا هات، زۆر بەکورتی ئاماژەی بۆ دەکەم: لەدوای کیمیاویبارانکردنی گوندەکانی سێوسێنان و بەلەکجاڕ، لە 27ی شوباتی 1988 ئێمەش لە بەلەکجاڕ  بووین و بەر کەوتین و بریندار بووین، بەڵام بەزوویی لەلایەن دکتۆر فایەقەوە چارەسەری سەرەتاییمان بۆ کرا. ئەو ژەهرە کیمیاوییە کاریگەری زیاتر بوو بۆ سەر چاو و سنگ و پێستمان، کە هەناسەمان دەدا، هەواکە بۆنی سیر و سێوی لێ دەهات. کاتێک کیمیاویبارانەکە کرا، ئێمە بەرەو بەرزایی رۆیشتین، دیارە ئەو رێنماییە لەلایەن دکتۆرە فایەقی هاوسەرمەوە پێمان درا، ئەگەرنا هەموومان، پێشمەرگەکان و خەڵکی گوندەکەش، شەهید دەبووین. 
دوای کیمیاویبارانەکە شاڵاوی ئەنفالی دووی ناوچەی قەرەداخ دەستی پێ کرد، لە شاڵاوی ئەنفالدا زیاتر جاشەکان رۆڵیان هەبوو و پێشڕەویی سوپای عیراقیان دەکرد. لەو کاتەدا کاک جەمیل هەورامی هات بۆ لامان و بە دکتۆر فایەقی وت کە دەبێت مەهاباد و شێنێ لێرە دەرباز بکەیت و بیانێریتەوە بۆ شار، نابێت کەس لێرە بمێنێتەوە، بەتایبەتی ژن و منداڵ. دواتر دکتۆر فایەق رووی کردە من و وتی: "وا باشە بڕۆیتەوە". منیش وتم: "ناڕۆمەوە، بچمەوە بۆ کوێ؟ شوێنم نییە، حکومەت دەمگرێت، باشتر وایە لەگەڵ تۆدا بم، لێرە بمرم نەک بچمەوە ژێر دەستی رژێم"، بەڵام رازیی نەبوو. ئیدی بەو شەوە گوندی بەلەکجاڕمان جێهێشت و تەنیا جلی بەرمان پێ بوو و هیچمان لەگەڵ خۆماندا نەبرد، سەرەنجام گەیشتینە گوندێک تەنیا یەک ماڵی لێ مابوو، لەو ماڵە نان و چای بەیانیمان خوارد و دووبارە کەوتینەوە رێ هەتا گەیشتینە شەقامی قیر، لەوێ تراکتۆرێکمان بینی و داوامان لێ کرد بمانباتە گوندی قازانقایە. بۆ دەمەوئێوارە گەیشتینە گوندی ناوبراو، لەوێ هیچ دەنگوباسێک نەبوو، چووینە ماڵی هەڤاڵ (هاوڕێی کوڕی حاکم کەمال)، بەداخەوە، دواتر ئەنفال کرا. بەڵێ، ئەو شەوە لەو ماڵە ماینەوە. کاک هاوڕێ هاوسەرەکەی چووبوو بۆ شار و ئەم چاوەڕێی دەکرد و زۆر بۆی بەپەرۆش بوو، لەوە دەترسا لە رێگە گیرابێت، چونکە شاڵاوی جەیش و جاش بەرەو ئەو ناوچەیە دەهاتن. بەیانییەکەی بیریان لەوە کردەوە چۆن ژن و منداڵەکان دەرباز بکەن و بۆ شوێنێکیان بنێرن. من لەگەڵ چوار ژنی دیکەی پێشمەرگەدا بووین و هەریەکەشمان منداڵێکمان پێ بوو؛ هاوسەری شەهید شێرکۆ جدی، ناوی کەژاڵ خان بوو، هاوسەری کاک رەسوڵیش ناوی سروە خان بوو، هاوسەری پێشمەرگەیەکی دیکەش بوو، بەداخەوە ناوەکەیم بیرچووەتەوە. لە گوندی قازانقایە هەوڵمان دا تراکتۆرێک پەیدا بکەین بۆ ئەوەی ژن و منداڵەکان ببات، ئەوەبوو تراکتۆرێکمان دەست کەوت عەرەبانەکەی پڕ بوو لە کا و پووش، ئێمەیان لەناو پووشەکەدا شاردەوە بۆ ئەوەی دیار نەبین و جاش و سوپای عیراق نەمانبینن.
 
ئەى دکتۆر فایەق و پێشمەرگەکان چییان کرد؟
دوای بەڕێکردنی ئێمە، دکتۆر فایەق بەنهێنی چووەوە قۆپی و گوندی بەلەکجاڕ. کاک شێرکۆ و کاک رەسوڵیش پێکەوە چوون بۆ دابەشکردنی هاوکاری بۆ پێشمەرگەکان، بەڵام بەداخەوە لە رێگە هەردووکیان بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتن و دواتر شەهید کران. کە ئێمە کەوتینە رێ، وردە وردە بەرەو بەرزایی شاخەکە سەر کەوتین، هەر کە گەیشتینە سەرەوەی شاخەکە، کۆمەڵێک جاشمان لێ دیار کەوتن، لە ئاسمانیشەوە کۆپتەر دەهات و دەچوو. جاشەکان تراکتۆرەکەیان راگرت، ئیدی ئێمە بەتەواوەتی رۆحمان چوو و بەتەمای خۆمان نەماین، کابرای مستەشار بە قسەکردنەکەی دیاربوو زاراوەی لە خەڵکی هەولێر دەچوو. بە دەست کا و پووشەکەی لابرد لەسەرمان و ئێمەی بینی، کە ئاشکرا بووین، هەرچوارمان لەرزمان لێ هات، رووی کردە خاوەن تراکتۆرەکە و وتی: "ئەمانە کێن؟" شۆفێرەکەش وتی: "خەڵکی ئەو گوندەن". بڕوای پێ نەکرد، دەیزانی ئێمە پێشمەرگەین و هاوسەرەکانیشمان پێشمەرگەن. وتی: "دەزانم ئێوە خەڵکی گوند نین". پاش کەمێک بانگی دوو جاشی کرد و وتی: "ئەمانە بخەنە ئەو زیلەوە". کە بردیانینە ناو زیلەکە، لە دڵی خۆمدا وتم مەهاباد ئەمە کۆتاییەکەیە. بەڵام من وەک ژنەکانی دیکە تەواو ورەم بەرنەدابوو، لەناو زیلەکەدا دڵنەوایی ئەوانم دایەوە و وتم: "ئێمەش وەک ئەو خەڵکە، نابێت لە مردن بترسین، چی دەبێت با ببێت". ئەوان بەدەم گریانەوە وتیان: "تەواو! ئەنفال کراین". پێش ئەوەی زیلەکە بڕوات، مستەشارەکە هاتە لامان و وتی: "مەترسن! من دەربازتان دەکەم"، بەڵام ئێمە بڕوامان بەو قسەیە نەکرد، چونکە کەمێک پێشتر بە جاشەکانی وت بیانبەنە ئەو دۆڵە. ئەو رۆژە رۆژێکی مەرگەسات بوو، وتنی "بیانبەنە ئەو دۆڵە"، واتای کوشتنی ئێمەی دەگەیاند. 
ئەم بیرەوەرییانەی من هەرگیز خۆریان لێ ئاوا نابێت، لەناو زیلەکەدا سەیری یەکترمان دەکرد و هەزاران ئومێد و پەژارەمان لە رووخساری یەکتریدا دەخوێندەوە، دڵنیا بووین چەند خولەکێکی دیکەیە و گوللەباران دەکرێین. لەو کاتەدا هەموو شتێک بۆنی خوێن و مەرگی لێ دەهات. چوار ژنی شۆڕشگێڕ، چوار منداڵی بێگوناح... من توند شێنێی کچم بە باوەشمەوە گوشی و تێر بۆنم پێوە کرد وەک ئەوەی ماڵئاوایی لێ بکەم. ئێمە وەک باڵندەیەکی شەکەت و ماندوو لە پشتی زیلەکەوە بەدزییەوە سەیری جاشەکانمان دەکرد داخۆ کەی دەمانبەن بۆ ئەو دۆڵە و دەمانکوژن. دواجار شۆفێرەکە هات و ئۆتۆمبێلەکەی بەرەو خوارەوە لێخوڕی. کە لەوێ دایانبەزاندین، وتمان ئێستا گوللەبارانمان دەکەن. لەوێ ئۆتۆمبێلێکی پیکابی دەبڵی لێ بوو، سواری ئەو ئۆتۆمبێلەیان کردین. نەمانوێرا بڵێین بۆ کوێمان دەبەن! ئێمەیان برد هەتا کۆتا بازگەی حکومەت و ماوەیەک دوور لە بازگەکە ئۆتۆمبێلەکە وەستا و پێیانوتین: "دابەزن! فەرموون بۆ کوێ دەڕۆن بڕۆن". بەڕاستی کە دابەزین بڕوامان نەدەکرد ئەوە ئێمەین رزگارمان بوو. دەمەوئێوارە بوو گەیشتینە شارە جوانەکەی سلێمانی، بەڵام لەو کاتەدا بۆ من بووبووە دۆزەخ. 
 
بۆچی؟
چونکە هەریەکەمان بە لایەکدا رۆیشتین، بەڵام من نەمدەزانی بۆ کوێ بچم، روو بکەمە چ ماڵێک، چونکە نەمدەتوانی بچمە ماڵی باوکم.
 
ئەى چوویتە کوێ؟
 بیرم لە ماڵی پوورم کردەوە، ئەوان منداڵیان نەبوو، وتم ئەوێ بۆ من زۆر باشە. هەتا گەیشتمە ماڵی پوورم زۆر ماندوو و پەشۆکاو بووم. کە گەیشتمە ئەوێ، یەکسەر خەوم لێ کەوت. رۆژی دواتر پوورم وتی: "دەچم هەندێک پێداویستیی ماڵەوە دەکڕم، نابێت دەرگا لە کەس بکەیتەوە". ئەو زۆر دەترسا و لەڕاستیشدا ناحەقی نەبوو، چونکە رۆژگارێک بوو خەڵک لە سێبەری خۆی دەترسا، ئەگەر رژێم بیزانیایە ژنە پێشمەرگەیەک لە ماڵێکدا حەشار دراوە، ئەوا ئەو ماڵەی دەڕووخاند و خاوەنەکەشی دەگرت و لە سێدارەی دەدا. وتم: "خەمت نەبێت". پوورم رۆیشت و منیش بیرم لەوە کردەوە چەند رۆژ بوو جلوبەرگی کچەکەم نەشۆریبوو، زۆر پیس بووبوون، ناچار بووم بیانشۆم و لە بەری بکەمەوە، چونکە جلی دیکەم پێ نەبوو. چوومە سەربان جلەکانم هەڵخست، دوای ئەوەی پوورم هاتەوە، وتی: "مەهاباد تۆ چوویتە دەرەوە؟" وتم: "نەخێر، بەخوا نەچوومەتە دەرەوە". لەبەر ئەوە سوێندم بۆ خوارد، چونکە دەمزانی پوورم زۆر دەترسێت. وتی: "ئێستا سوعاد خانی دراوسێمان وتی ئەوە مەهاباد لەوێیە؟ لە ماڵی ئێوە چی دەکات؟" منیش وتوومە مەهابادی چی، کەس لە ماڵی ئێمە نییە! دواتر پوورم بە رەنگێکی بڕزکاوەوە وتی: "دەبێت ئێستا لێرە بڕۆیت". منیش وتم: "بۆ کوێ بچم؟ شوێنی دیکەم نییە". وتی: "بەڕاستی ماڵم وێران دەبێت، ئێستا دەبێت لێرە بڕۆیت، دەچم تاکسی بانگ دەکەم". منیش زۆر گریام، چونکە هیچ شوێنێک نەبوو بۆی بچم، کەسم شک نەدەبرد جێگەی متمانە بێت. پوورم هاتەوە و ناچاری کردم بڕۆم، بردمیە دەرەوە و سواری تاکسی کردم، لەناو تاکسییەکەدا بیرم لەوە دەکردەوە خوایە بۆ کوێ بچم! شۆفێری تاکسییەکە وتی: "بۆ کوێ دەچیت؟" وتم: "جارێ بڕۆ". ساتەوەختێکی زۆر سەخت بوو، لە لایەک لەوە دەترسام دووبارە شۆفێرەکە بڵێت بۆ کوێ دەچیت؟ لە لایەکیش نەمدەزانی پەنا بۆ کوێ و بۆ چ ماڵێک ببەم. 
 
بڕیارت دا بچیتە کوێ؟
هاوڕێیەکی سەردەمی مامۆستایەتیم بیر کەوتەوە، ئەو جێی متمانە بوو، بەڵام ماڵەکەیانم بەباشی بیر نەمابوو. ئیدی ناچار چووم بۆ ماڵی خاتوو قومریە، کە دەکاتە برازای کاک فریاد رەواندزی. ماوەیەک لەوێ مامەوە. 
 
هیچ هەواڵێکی دکتۆر فایەقت هەبوو؟
لەو کاتەدا هەواڵی شەهیدبوونی دکتۆر فایەقیان پێ گەیاندم، منیش لە پەرۆشییاندا باوەڕم نەدەکرد، وتم: "شتی وا نییە، ئێوە دەڵێن چی؟" ئەوەی هەواڵەکەی هێنا، خوالێخۆشبوو مامی دکتۆر فایەق بوو. مرۆڤ لە کاتی کارەساتباردا بیری شتی رابردووی دەکەوێتەوە، لەو کاتەدا قسەیەکی خوشکە گەورەکەم بیر کەوتەوە کە وتی: "هاوسەرگیری لەگەڵ پێشمەرگە مەکە، دەنا وەک منت لێ دێت". ئەو شووی بە پێشمەرگەیەک کردبوو و شەهید بووبوو، بەڵام من دەمێکبوو باوەڕم بەو قسەیە نەمابوو، شۆڕشکردن و کوردایەتی جۆشیان دابووم. 
 
چۆن زانیت کە هەواڵەکە راست نییە؟
هەوڵم دا لە رێگەی کاک عەزیز، کە پوورزای دکتۆر فایەق بوو، سۆراخی بکەم. ئەویش وتی: "خەمت نەبێت، خۆم ساغی دەکەمەوە". دواتر بیریان لەوە کردەوە چۆن بتوانن من لەوێ دەرباز بکەن، ئەوەبوو دوای چەند رۆژێک دکتۆر فایەق گەیشتبووە ناوچەی شوان و وەڵامی بۆ من نارد بچم بۆ ئەوێ. منیش بۆ بەیانی هەوڵم دا بڕۆم، بەڵام وتیان رێگە گیراوە و کەس ناتوانێت بڕوات، بۆیە مامەوە و چاوەڕێم کرد تا جوابی ترم بۆ بنێرێت. لەو ماوەیەدا پەیوەندییەک دروست بوو و دایکم ئاگادار بوو کە لەناو شارم. ئەم جارە لە رێگەی کۆمەڵەی ئێرانەوە جوابی بۆ ناردم، ئەوەبوو ناسنامەی خۆیان بۆ کردبووین و وەک خێزانی خۆیان من و دایکم و شێنێی کچم بەرەو قەندیل لەگەڵیان رۆیشتین. لەوێ دکتۆر فایەق چاوەڕوانی دەکردین و ئەومان بینییەوە.
 
دەتانویست لەوێوە بچن بەرەو ئێران؟
بەڵێ، شەوێک لەوێ لە بناری قەندیل ماینەوە و بۆ بەیانی بەرەو گوندی شێنێ بە رێ کەوتین، هەتا بگەینە لای قاچاخچییەکان و بمانگەیەننە قاسمەڕەش. لە رێگە گەیشتینە ماڵێک ویستمان لەوێ پشوویەک بدەین و نانێک بخۆین، ژنی ماڵەکە زۆر خراپ بوو، وتی: "ئەمانە کێن؟ ئێمە جێگەی خۆمان نییە جا نۆبەی ئەمانەشمانە". راستییەکەی ئێمە زۆر بە پێ رۆیشتبووین و ماندوو و برسی بووین، داوامان کرد شتێکمان پێ بدەن بیخۆین. پیاوەکە کەسێکی باش بوو، لە ژنەکەی تووڕە بوو، خۆی چای بۆ لێناین و تۆزێک پەنیری پێستەی لەسەر قاپێک بۆ هێناین. یەکەم جارم بوو لەو پەنیرە بخۆم، بە نانی تیرییەوە زۆر خۆش بوو. دواتر ناچار بووین بڕۆین و شوێنێک بدۆزینەوە وڵاخی لێ بێت تا بمانگەیەننە قاسمەڕەش. ماوەیەک بە پێ رۆیشتین، زۆر سارد بوو، بەفر زەوی داپۆشیبوو، پاش کەمێک رۆیشتن گوێبیستی دەنگەدەنگ بووین، کە زیاتر لێیان نزیک بووینەوە؛ بینیمان هەڤاڵانی خۆمانن، ماڵی مەلا ئەحمەدی دسکەرە و مەلا یاسین و دوو ماڵی دیکەش بوون، لەگەڵ ئەواندا رووناک خانیشی لێ بوو. زۆر خۆشحاڵ بووین کە ئەوانمان بینییەوە، ئەوانیش چاوەڕێی قاچاخچییان دەکرد بۆ ئەوەی بڕۆن. قەندیل زۆر سارد بوو، ئێمە نەماندەتوانی بە پێ بڕۆین. ئەوان بەو ئێوارەیە خەریکی چێشتلێنان بوون، ئاگریان کردبووەوە و بە تەنەکەی رۆن برنج و شلەیان لێنابوو. بۆ ئێمە زۆر خۆش بوو، ئەو شەوە دوو بەتانییان داینێ و لەسەر زەوییەکە رامانخستن و بەردمان کرد بە سەرین و لێی خەوتین. دەمەوبەیانی دوو قاچاخچی هاتبوون بەدوای ئەواندا، کاتژمێر 5ی بەیانی بوو، ئێمەیان لە خەو هەڵساند و وتیان خۆتان ئامادە بکەن لەگەڵ ئەم دوو قاچاخچییەدا بڕۆن بۆ قاسمەڕەش. ئەو بەڕێزانە وەک رێزێک نۆرەی خۆیان دا بە ئێمە و وتیان جارێ ئێوە بڕۆن. ماڵئاواییمان لەو هەڤاڵانە کرد و بۆ دەمەوئێوارە گەیشتینە قاسمەڕەش. بەدرێژایی ئەو رێگەیەی پێیدا دەڕۆیشتین، حکومەتی عیراق بەردەوام تۆپبارانی دەکرد، زۆر سەخت و مەترسیدار بوو. کە گەیشتینە قاسمەڕەش، شەو لە ماڵی دکتۆر کەریم و فەوزیە خان ماینەوە، تا ئەو کاتەی وەرەقەمان بۆ بکەن بچین بۆ ئەودیو بۆ ئێران. 
 
هەواڵی ئەوەتان هەبوو کە هەڵەبجە کیمیاویباران کراوە، کە کەسوکاری ئێوەش لەوێ بوون؟
ئێمە هیچ هەواڵی کەسوکاری خۆمان نەبوو لە کیمیابارانەکەی هەڵەبجە. یەکەم جار چووین بۆ شاری سەقز، بۆ ئەوەی هەواڵی کەسوکاری دکتۆر فایەقمان دەست بکەوێت، لەوێ هیچ هەواڵێکمان دەست نەکەوت. دواتر چووین بۆ ئۆردووگای هەڵەبجەییەکان، لەوێش هیچ هەواڵێکمان دەست نەکەوت، ئینجا چووین بۆ پاوە و روومانکردە ماڵی مامۆستا شاهۆ، بۆ شەوەکەی کۆمەڵێک کەس هاتنە ماڵی مامۆستا شاهۆ بۆ ئەوەی هەواڵەکە بە دکتۆر فایەق بڵێن و راستییەکەی بۆ روون بکەنەوە، کە کەسوکارەکەی هیچیان لە ژیاندا نەماون و هەموویان شەهید بوون و بەکۆمەڵ نێژراون.
 
دوای ئەو هەموو ترس و دڵەڕاوکێ و دەربەدەری و ئاوارەییە، هەستتان بە چی دەکرد کاتێک هەواڵێکی وا ناخۆشیان پێ دان؟
ئەمە بەشێکی کەم بوو لە ژیانی رۆژگاری پڕ مەینەتیی ئێمە، بەڵام دەمێک بوو ئەو راستییەمان دەزانی کە شۆڕشکردن قوربانیی دەوێت، کەسانی بەتوانا و خاوەن ئیرادە و لەخۆبردووی دەوێت... هەموو ئەو کارەسات و دژوارییانە نەیانتوانی ماندوومان بکەن و چۆکمان پێ دابدەن، لەدرێژەدان بە شۆڕش نەوەستاین و هەمیشە ئاسۆی روونی گەلەکەمان دەبینی و بۆ ساتێکیش نائومێد و پەشیمان نەبووین، هەر لەو ژیانی ئاوارەیی و سەختییەدا درێژەمان بە چالاکی و خەباتمان دا. 
 
لەو ماوەیەدا لە سەقز یەکێتیی ژنانی کوردستان دامەزرا، تۆ هیچ رۆڵ و چالاکییەکت هەبوو لەو بارەیەوە؟
بەڵێ، کە لە شاری سەقز یەکێتیی ژنانی کوردستان دامەزرا، وەک ئەندامێکی چالاک لەو رێکخراوەدا دەستم بەکارکردن کرد، چونکە باوەڕی تەواوم بە مافی ژنان هەبوو و بۆ هەمیشەش لەسەر ئەو باوەڕە پیرۆزە دەمێنمەوە، بۆیە وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەو رێکخراوە رۆڵی خۆمم تێدا بینی.
یەکێتیی ژنان، لە 14ی تشرینی دووەمی 1989 دامەزرا، یەکەم بەیاننامەی دەربارەی خۆڕێکخستنی ژنان و هاندانیان بۆ ئیشکردن لەو رێکخراوە بوو، هەروەها یەکەم ژمارەی گۆڤاری "تەوار"ی دەکرد و منیش وەک خۆم بە هاوکاریی مادی و مەعنەوی بەشداریم تێدا کرد، مانگانە ئابوونەم دەدا. 
 
جگە لە کارکردن لەو رێکخراوەدا، چالاکیی ترتان هەبوو لەو ماوەیەی لە ئێران بوون؟
دکتۆر فایەق و من هاوکاریی تەندروستی و دەستگیرۆیی زۆر لەو کەسانەمان کرد کە لەو ئۆردووگایانەدا نیشتەجێ کرابوون. هەروەها هۆشیارکردنەوەی ژنان بە مافەکانیان و بەرگریکردن لە خاکی نیشتمان و رۆڵی ژنان لە کوردستان. 
 
پاش راپەڕین و ئازادبوونی بەشێک لە خاکی کوردستانی عیراق، بەردەوام بوون لە کار و چالاکیی سیاسی و حزبی؟
بەڵێ، ئێمە هەتا راپەڕینە مەزنەکەی بەهاری 1991 رۆڵی باشمان بینی و لە راپەڕینیشدا بە هەمان گڕوتینی جاران ماینەوە، هەر بۆیە پاش خەباتی شاخ، لە شاردا جارێکی دیکە دەستمان دایەوە خۆڕێکخستنەوە لەناو حزبەکەمدا لە مەڵبەندی یەکی سلێمانی و یەکێتیی ژنانی کوردستاندا.
 
زیاتر لە چ ئۆرگانێکی حزبدا کارت دەکرد؟
 لە ئەندامی شانەوە بۆ پۆل و کەرت و ئەندام کۆمیتە و ئەندام مەڵبەند و کارگێڕی... بە سەرجەم پلەکانی حزبیدا تێپەڕیوم. بە هەڵبژاردن لە هەموو کۆنگرەکانی (ی. ن. ک)دا ئەندامی کۆنگرە بووم، خۆشم بۆ ئەندامی سەرکردایەتی هەڵبژاردووە، هەموو ئەمانەش لەپێناو خزمەتکردن بە حزبەکەم بووە. لەگەڵ ئەوەش، بۆ ئەوەی بتوانم زیاتر داکۆکی لە مافی ژنان بکەم و دەستی کادیرە ژنەکان بگرم و بەرگریکارێکی سەرسەختی مافەکانی ژنان بم. هەروەها لە یەکێتیی ژنانی کوردستان لە یەکەمین کۆنگرەدا بووم بە ئەندامی سکرتاریەت. هەر لەو پێناوەشدا ئەندامی دامەزرێنەری هێزی پێشمەرگەی ژنان بووم و ماوەی چەند ساڵێک لەسەر بڕیاری بەڕێز مام جەلال کارمان تێدا کردووە و دواتر هەر لە رێگەی ئەو هێزەوە ژنانمان ناردە بواری کاری ترەوە وەک: بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاسایش، هاتوچۆ و شوێنە گشتییەکان. 
لە دوای راپەڕینەوە بۆ ماوەی 23 ساڵ لە مەڵبەندی یەکی رێکخستنی سلێمانیدا کاری رێکخستنم کردووە، ئەوەبوو بە کۆی دەنگی ئەنجومەنی مەڵبەندی سلێمانی و بەڕێز خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، پلەکەم بەرز کرایەوە بۆ ئەندامی مەکتەبی رێکخستن. 
لەسەر ئاستی سلێمانی تاکە ژنێک بووم لەو پلەیەدا و تا ئێستاش نزیکەی 13 ساڵە لەو پلەیەدا ماومەتەوە و شانازییشی پێوە دەکەم، چونکە بە پشتبەستن بە بیروباوەڕەکەم و ئیرادە و خەباتی خۆم ئەمەم بەدەست هێناوە. دیارە حزبایەتیش وەک خوێندن وایە، دەبێت لە سەرەتاییەوە دەست پێ بکرێت و وردە وردە قۆناغەکان ببڕدرێت، بۆ ئەوەی ئەوانەی دواڕۆژ دەبنە کادیری ئەو حزبە، خاوەن ئەزموون بن و بەرژەوەندیی گەلەکەیان و حزبەکەیان بخەنە سەرووی بەرژەوەندیی خۆیانەوە و بەوپەڕی بڕواوە قوربانیی بۆ خۆیان بدەن. 
من لە رێکخستنی خوێندکارانەوە بۆ مامۆستایی و ژیانی شاخ و شۆڕشکردن و پێشمەرگایەتی و...هتد، لە تێکۆشان نەوەستاوم و هەتا ئێستاش چێژ لەوە وەردەگرم کە توانیومە بەپێی توانای خۆم خزمەت بە گەل و نیشتمانەکەم بکەم، بە ویژدانێکی ئاسوودەوە ئەو تەمەنەی ماومە بەسەری ببەم و هیچ کاتێکیش ئەو گیانی کوردایەتییەی باوکم ئێمەی لەسەر پەروەردە کرد، لێی پەشیمان نیم، بەڵکوو زۆریش شانازیی بەوە دەکەم تەمەنی خۆم لەو پێناوەدا بەسەربرد. 
 
دیارە دکتۆر فایەق هەمیشە هەڵوێست و بۆچوونی تایبەتی خۆت هەبووە لە رووی سیاسی و حزبییەوە، ئەوە کۆسپ و گرفتی بۆ تۆ دروست نەکردووە؟
سەرەتا کە هاوسەرگیرم کرد لەگەڵ دکتۆر فایەق، کۆمەڵە بوو، بەڵام زویر بووبوو و لە ماڵی حەمە قەراخی بوو، ماوەیەکیش بووە ئەندامی سەرکردایەتی پارتی گەل، دوای راپەڕینیش گەڕایەوە بۆ ناو یەکێتی و بوو بە ئەندامی پەرلەمان، دواتر لەگەڵ عومەری سەید عەلی تێک چوو و لە یەکێتی دەستی لەکار کێشایەوە و وازی هێنا. 
دەزانم بەهۆی هەڵوێستەکانی ئەوەوە زوڵمی زۆرم لێ کراوە، بەڵام خۆم کەسێکی مەبدەئی بووم و هەرگیز گوێم نەداوەتێ. ئەویش بڕوای بە پرسی ژن هەیە و هیچ کاتێک رێگری لێ نەکردووم.
 
چەند منداڵتان هەیە؟
چوار منداڵ، دوو کچ و دوو کوڕ: شێنێ 1985 لە سێوسێنان، شرام 1990 لە سەقز، لاکۆ 1995 لە سلێمانی، شانیا 1999 لە سلێمانی لەدایک بوون. لەدوای شرام منداڵێکیشم لەبار چوو.
 
جگە لە کاری حزبی لە چ بوارێکی تردا کارت کردووە؟
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە ساڵی 2005، بووم بە ئەندامی پەرلەمانی عیراق، ئەو ساڵە بوو کە بۆ یەکەم جار لە مێژوودا بەڕێز مام جەلال بوو بە یەکەم کورد پۆستی سەرۆککۆماری عیراق وەربگرێت.
 
لە پەرلەمان لە چ لیژنەیەکدا کارت دەکرد؟
لە دوو لیژنەدا کارم کردووە، لیژنەی قوربانیانی جینۆساید و لیژنەی ژنان.
 
لە کۆتاییدا چیت هەیە بیڵێیت؟
بەدرێژایی ژیانم وەک ژنێکی کوردپەروەر و شۆڕشگێڕ بەوپەڕی تواناوە خزمەتم بە گەلەکەم کردووە و لە هەوڵەکانم بەردەوام بووم لەپێناو رزگاریی کوردستان. لە چەندین کۆنگرە و کۆنفرانس و نێردەدا توانیومە وەک ژنێک لە پەرلەمانی بەریتانیا و لە دیاربەکر و ئەڵمانیا و لە دادگەی لاهای (هۆڵندا) و لە پەرلەمانی سویددا رۆڵم هەبێت و بەرگری لە کوردستان بکەم.
لە کۆتاییدا دەڵێم ئێمەی ژنی کورد لە سەردەمی لاویمانەوە توانیومانە خاوەنی بیرکردنەوە و هەست و هێزی خۆمان بین، بە هەڵبژاردنی رێبازی (ی. ن. ک)یش کە باشترین و بەهێزترین رێگە بوو بۆ سەرفرازیی گەلەکەمان، تێ بکۆشین. هیوادارم ئەو مێژووە یان ئەم بیرەوەرییانە ببنە ئەزموون و رێنمایی بۆ نەوەکانی ئایندەمان و وەک بەشدارییەک لە خەباتی سەختی شۆڕشگێڕیی رۆژانی تاڵ و دژواردا بمێننەوە. 
هەرچەندە ئێستا خۆری تەمەنم نیوەی ئاسمانی جێهێشتووە، بەڵام ئامادەم جارێکی دیکەش لەپێناو گەل و خاکی نیشتمان بە هەمان گڕوتینی جاران دەست پێ بکەمەوە و قوربانیی بدەم.
 
*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan