کوردستانی
بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێکى بڵاوکردەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مهودا میدیا-
لە یادی 36 ساڵەی شاڵاوى ئەنفالدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژهى بهوهكردووه، میللەتی کورد لە رابردوودا ھەموو جۆرەکانی ئازار و نەھامەتیی چەشتووە، ناکرێت ئەو مێژووە نادیدە بگیرێت و بە بەرژەوەندیی تەسکی حزبی و کەسییەوە درێژە بە سیاسەت بدەین و بەھا و ئامانجە باڵاکان بکەینە قوربانیی ململانێیەکی ناڕەوا و ناپێویست.
دەقی پەیامەکەی بافڵ جهلال تاڵهبانى:
ئەمڕۆ بە دڵتەنگییەکی قووڵەوە یادی 36 ساڵەی ئەنفال و جینۆسایدی گەلەکەمان دەکەینەوە، سەری رێزمان بۆ رۆحی پاکی شەھیدان دادەنەوێنین و سڵاوی ورە و خۆڕاگری بۆ کەسوکارە سەربەرزەکانیان دەنێرین.
ئەنفال تاوانێکی لەیادنەکراو و برینێکی قووڵە بە دڵی نیشتمانەوە، مەرامێک بوو بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی میللەتێک کە بانگی ئازادیی دەدا و خەونی بە سەرفرازییەوە دەبینی. ھاوکات پەندێکی مێژووییشە تاوەکو لەو راستییە تێبگەین جیاوازییەکانمان چەند زۆربن، کوردبوونمان پێش ھەمووشتێکە و چارەنووس و مانەوەمان بەندە بە یەکڕیزی و یەکگرتووییمانەوە.
میللەتی کورد لە رابردوودا ھەموو جۆرەکانی ئازار و نەھامەتیی چەشتووە، ناکرێت ئەو مێژووە نادیدە بگیرێت و بە بەرژەوەندیی تەسکی حزبی و کەسییەوە درێژە بە سیاسەت بدەین و بەھا و ئامانجە باڵاکان بکەینە قوربانیی ململانێیەکی ناڕەوا و ناپێویست. بۆیە ھیوادارم ھەموومان کوردانە و بەرپرسیارانە کاربکەین و میللەتە ستەمدیدەکەمان بەرەو سەقامگیری و خۆشگوزەرانی ئاڕاستەبکەین، میللەتێک کە ھەموومان قەرزاری گیانفیدایی و قوربانیدانیانین.
دروود بۆ رۆحی شەھیدان و سەربەرزی و سەرفرازیی بۆ کەسوکاری خۆڕاگریان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان