کوردستانی
بەنداوی دەربەندیخان سەرڕیژ دەبێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بەهۆی ئەو رێژە زۆرەی بارانبارین كە ئەمساڵ ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە، چاوەڕێ دەكرێت لە ماوەی نزیكەی هەفتەیەكدا بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژ ببێت.
سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە مەودا میدیای راگەیاند، ئەمساڵ رێژەیەكی زۆری ئاو هاتووەتە ناو بەنداوەكەوە و چاوەڕێ دەكرێت لە ماوەی نزیكەی هەفتەیەكدا بەنداوەكە بەتەواویی سەرڕێژ ببێت و رەنگە زووتر لەو وادەیەش بێت.
وتیشی، بەنداوی دەربەندیخان سێ ملیار مەتر چوارگۆشە ئاو دەگرێت و لە ئێستاشدا تەنها 84 سانتیمەتری ماوە بۆئەوەی بە تەواویی پڕ ببێت و سەرڕێژ ببێت.
ئاماژەی بۆئەوەشكرد، ئەمساڵ ئاستی ئاوی بەنداوەكە بە بەراورد بە ساڵی رابردوو تا ئەم كاتە 10 مەتر زیادی كردووە و چاوەڕێش دەكرێت تا كاتی سەرڕێژبوون بگاتە 11 مەتر.
باسی لەوەشكرد، لە ماوەی رابردوودا هەموو كێشەكانی بەنداوەكە چارەسەركراون و ئێستا هیچ مەترسییەك لەسەر بەنداوەكە نییە، ستافەكەشیان بەردەوام چاودێریی چڕی بەنداوەكە دەكەن.
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، ئەوەشی وەبیرهێناینەوە كە بەنداوەكە دواینجار لە ساڵی 2019 سەرڕێژ بووە.