کوردستانی
هاتوچۆی راپەڕین مژدەیەك دەداتە شۆفێران
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بەپێی بڕیارێكی نوێی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ لەمەودوا ئەو شۆفێرانەی ئۆتۆمبێلەكانیان هەڵگری تابلۆی هەولێر و دهۆكن لە سنوری ئیدارەی راپەڕین دەتوانن مامەڵەی گواستنەوەی خاوەندارێتی و فەحسی بەڕاد لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی راپەڕین ئەنجامبدەن.
عەلی عەبدوڵڵا، وتەبێژی هاتوچۆی راپەڕین بە مەودا میدیای راگەیاند، بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆ كە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان كراوە بۆ لەمەودوا شۆفێرانی دانیشتووی سنوری ئیدارەی راپەڕین كە ئۆتۆمبێلەكانیان هەڵگری تابلۆی هەولێر و دهۆكن دەتوانن مامەڵەی گواستنەوەی خاوەندارێتی و فەحسی بەڕاد لە سنورەكەی خۆیان ئەنجامبدەن و دواتر لە هاتوچۆی ئەو پارێزگایانە مامەڵەكانیان تەواو بكەن.
وتیشی، دوای ئەنجامدانی ئەو مامەڵانە پێویست ناكات بۆ تەواوكردنیان شۆفێران ئۆتۆمبێلەكانیان لەگەڵ خۆیان ببەن، بەڵكو دەتوانن ئۆتۆمبێلەكانیان نەبەن و مامەڵەكانیشیان بۆ تەواو دەكرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بڕیارەكە ئەو ئۆتۆمبێلانە ناگرێتەوە كە ژمارە كاتین، بەڵكو تەنها ئۆتۆمبێلی تۆماركراو دەگرێتەوە.
باسی لەوەشكرد، دوای تەواوكردنی ئەو مامەڵانە لەلایەن شۆفێرانەوە، بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بە نوسراوی رەسمیی لە رێگەی ئیمێلەوە ئاراستەی هاتوچۆی پارێزگاكەی دەكات و شۆفێرانیش بۆ تەواوكردنی دەتوانن خۆیان بچنە هاتوچۆی ئەو پارێزگایانە.
ئ پ