کوردستانی
کێشەی خۆڵ و خاشاک و ئاوی تانجەرۆ چارەسەر دهکرێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مهودا میدیا-
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران بە یاوەری نزار محەمەد سەعید ئامێدی، وەزیری ژینگەی عیراق و وەفدێکی رێکخراوی خۆراکی جیهانی (WFP) بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خۆڵ و خاشاکی سلێمانی و پاککردنەوەی ئاوی تانجەرۆ، سەردانی ناوچەی تانجەڕۆیان کرد.
دوای سەردانە مەیدانییەکە کە رۆژی شەمە ( 1ی حوزەیرانی 2024) بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرایەتیی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانی ئەنجامدرا، لە کۆبوونەوەیەکدا باسی مەترسییەکانی کەڵەکەبوونی خۆڵ و خاشاک و پیسبوونی ئاوی تانجەرۆ و دەربەندیخان بۆ سەر ژینگە و تەندروستیی هاوڵاتییان کرا و گفتوگۆش کرا لەسەر چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەکە.
جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا داوایکرد لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی عیراق و رێکخراوی WFP پلانێکی زانستی بۆ چارەسەرکردنی خێرا و دوورمەودا ئامادە بکەن و ئامادەیی حکومەتی هەرێمیشی دەربڕی بۆ کاری هاوبەش لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا نزار محەمەد سەعید ئامێدی، وەزیری ژینگەی عیراق، ئامادەیی وەزارەتەکەی دەربڕی بۆ کاری پێکەوەیی لەگەڵ حکومەتی هەرێم و رێکخراوی WFP و سەرپەرشتی کردنی چارەسەرکردنی کێشەکە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانی و وەزارەتی ژینگەی عیراق و رێکخراوی WFP و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە درا بۆ ئامادەکردنی پلان و دواتریش جێبەجێکردنی پلانەکە.
پ ح ع