
دێرین جەمال
ژنی کورد لە مێژووی دوێنێ و لە ژیانی ئەمڕۆدا
لەدوای پرۆسەی ئازادیی و گۆڕانکارییەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردەواریی بەرەو ژیانێکی مۆدێرن، گۆڕینێک تەنیا لە جلوبەرگ و رازاندنەوەی ناوکۆشکەکان، نەوەک گۆڕینێک لە ناخەکاندا بە عەقڵێتی سەردەم روویدا و هەندێ لەو دابونەریتانەی کە نەگەتیڤانە کار دەکاتە سەر کەسایەتیی مرۆڤەکان برەو دەسێنن، یەکێک لەو دابونەریتە ناشارستانییە بوونی پیاوسالارییە کە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە ژن وەک کۆیلەیەک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت بۆ تێرکردنی خواست و ئارەزووەکانی پیاو، لێرەوە کێشەکە بە پلەی یەکەم دەگەڕێنمەوە بۆ کۆمەڵگەی کوردیی کە دەبێت ژن وەک کەسێکی لاواز تەماشابکرێت بە وشەیەک کە بەزەعیفە ناوزەد بکرێت .
هەرچەندە ژن بەپێچەوانەی ئەو دەستەواژەیەوە هەمیشە بریتی بووە لە رەمزی فیداکاریی و پەروەردەکردنی خودی پیاوانی دواڕۆژ، هەمیشە وەک سیمبولێک ژنی کورد توانیوێتی هاوشانی پیاو لە کۆڕ و خەبات و مێژووی کورد دەربکەوێت و دەرکەوتووە، نموونەیش زۆرە وەک (مەستورەی کوردستانی، قەدەم خێر، حەپسەخانی نەقیب و لەیلا قاسم) و چەندینی دیکە لە هەموو بوارێکدا جێگە دەستیان دیاربووە. کۆمەڵگەی کوردی سەرەڕای بوونی هەموو ئەو سانسۆر و ئاستەنگانەی لەبەردەم ژنی کوردا دایناوە هەر لە قەتیسکردن و سەرقاڵکردنی بە کاروباری ماڵ و بەکارهێنانی هەندێ دەستەواژەی هەڵە بەناوی شەرەف و ئەخلاقییەتەوە، توانیوێتی چەندین ئەستێرەی درەوشاوەی ئەم رەگەزە لە ئاسمانی پڕ بەهای ئەدەب و فەرهەنگی نەتەوایەتی بەدرەوشاوەیی بهێڵێتەوە جا چ لە مێژووی دوێنێمان و لە ژیانی ئەمڕۆمان و لە سبەینێی ئاواتەکانماندا.
ئەمانەی سەرەوە کە ئاماژەی پێکرا هەندێ لەو هۆکارانەیە کە کاری کردووەتە سەر دواکەوتنی رەوتی خەباتی ژنان و لە هەمان کاتدا زاڵبوون بەسەر زۆرانبازیی ئەو کولتوورە دواکەوتووانە، بەڵام بە پلەی دووەم ئاستەنگی نوێ لە ژیانی ئەمڕۆماندا لە سایەی ئەو هەموو ئازادی و هەوڵدانە بۆ مۆدێرنەکردنی بوونی ژن وەک تاکێکی کاریگەر و نیوەی کۆمەڵ تەنانەت ئەو سەنتەرانەی بۆ داخوازییەکانی ژنان کراونەتەوە نەیان توانیوە تا ئاستێکی پێویست کێشەی ژن چارەسەربکەن، وەک لای هەموومان ئاشکرایە پێش پرۆسەی ئازادیی کچانی کۆمەڵگەی ئێمە زۆریان فشاری کەسوکاریان لەسەربوو، خێزانەکان دەبوون بە بەربەستێک لەبەردەمیاندا بۆ تەواونەکردنی قۆناغەکانی خوێندن کە ئەمەیان لە قۆناغەکانی ناوەندی و دواناوەندیی زیاتر هەستی پێدەکرا، ئەم بەربەستانەیان دەگەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە ئەو گەنجە لە قۆناغی پێگەیشتندایە و خانەکانی مێشکی باش گەورە نەبوون و توانای زاڵبوونی بەسەر خۆیدا زۆر کەمە و ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ بەدواداچوونی حەز و ئارەزووەکانی ناخی، ئیتر بیریان لەوە نەکردووەتەوە سایکۆلۆژیای ئەو کەسە لە ئاستێکی بەرزدایە یان نزم یا چ کارەساتێک بۆ داهاتووی دروستدەکات.
ئەوەی دەمەوێت لەسەری بدوێم لێرەوە دەستپێدەکات ئەو گەنجە گەورە بووە هەر لە سەرەتای لاوێتیدا چووەتە ناو پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە و پاش چەند ساڵێک یەک دوو منداڵی بووە، ئەوەندە لە ناوماڵدا دەمێنێتەوە بێزار دەبێت، تازە کارەکانی ئەو قاپ شوشتن و جل شۆردن و لێپرسراوێتیی پیاو و منداڵەکانییەتی، ئەم بەرنامەیە وەک بەرنامەی کاتژمێر هەموو رۆژێک لە ژیانیدا دووبارە دەبێتەوە تا ئەو رادەی کاردەکاتە سەر باری دەروونی، لەبەرئەوەی هیچ رێگەچارەیەکی نییە هەر بەزوویی وازی لە خوێندن پێهێنراوە و ئێستاش هیچ بڕوانامەیەکی لەبەر دەستدا نییە تابتوانێت لە فەرمانگەیەکدا کاربکات، تا ئەمیش هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ پیاودا نەبێت و بتوانێت کەمێک لە بژێویی ژیان دابینبکات، بەڵام لەگەڵ نەبوونی بڕوانامەدا هەست بە کەمی لە جەستەی خۆیدا دەکات گەرچی لەڕاستیدا نابینا نییە، بەڵام وەک کەسێکی نابینا خۆی دەبینێت، هەندێ لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان لەمەوە سەرهەڵدەدات، چونکە زۆر کات لەبەر نەبوونی مادە و پارە بۆ باش بەڕێوەبردنی ژیانیان هەندێک لە ژنان لەگەڵ هاوسەرەکانیاندا شەڕ دەکەوێتە نێوانیان، لەم کاتەدا ژن هێندە باری دەروونی هیلاکە زۆرجار رووداوی جیابوونەوە یان خۆسوتاندن یان خۆژەهراویکردن بە دەرمان بە چارەسەرێک دەزانێت تا کۆتایی بێت بە ئاڵۆزییەکانی ژیانی، لە هەمان کاتیشدا تێکچوونی باری خێزانییان.
ئەگەرچی لەدوای پرۆسەی ئازادییەوە چەندین وەزیر و بەرپرسی حکومەتمان هەیە ژنن و کار بۆ ژنان دەکەن، بەڵام نەیانتوانیوە کێشەی ژن کۆتایی پێ بهێنن لە رێگەی کردنەوەی چەند کارگەیەکەوە کەوا کاربەدەستەکانی ژن بن، تابتوانن بەبێ بڕوانامە لەو کارگەیەدا کاربکەن و هەست بە بوونی خۆیان بکەن کە هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ پیاودا نییە و ئەو کێشە مادییەیشیان لەهەمان کاتدا چارەسەر دەبێت، واتە لەڕووی مادی و دەروونیشەوە ئاسوودە دەبن.
ر.س