دێرین  جەمال

دێرین جەمال

کۆمێنتی نەشیاو وەک جەنگێک لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا

 لە سەرەتای دروستبوونی مرۆڤایەتییەوە، مرۆڤەکان بەتێپەڕبوونی سەدەکان، هەوڵی داهێنانیان داوە بۆ هەر شتێک کە رێڕەوی ژیانیان ئاسان بکات و هاوکار بێت لە کاروباری رۆژانەیاندا. ئێستا کە لە سەدەی بیست و یەکەمداین، تەکنەلۆژیا رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە ژیانی مرۆڤەکاندا، بەجۆرێک وەک بەشێک لە ژیانیانی لێهاتووە، چۆن مرۆڤ پێویستی بە خواردن و خواردنەوەیە، ئاواش پێویستی بە تەکنەلۆژیا هەیە تا کاری رۆژانەی باشتر بڕوات.

بوونی تەکنەلۆژیا، لە زۆر کار و شوێندا ئاسانکاری بۆ مرۆڤ دەکات، بەڵام بەشێک خراپ بەکاردەهێنرێت، ئەو ئامێرە زیرەکانە، خودی مرۆڤ خۆیان بەرنامە داڕێژەرین بەویستی خۆیان بەکاریدەهێنن، ئەوەی لەناخیاندایە ئاراستەی دەکەن، پاشان پەخشی دەکەن .

کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ژیانی رۆژانەماندا لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ژیان و پەیدابوونیان، بە هەموو جۆرەکانییەوە بە نموونە؛ فەیسبووک، سناپ چات، ئینستاگرام، تیکتۆک و هتد....

ئەمانە بوون بە بەشێک لە ژیانی رۆژانەمان، هەموو کەسێک بە ئاسانی دەتوانێت لاپەڕەی خۆی هەبێت، هەر بابەتێک کە خۆی پێی باشە لە واڵەکەی بڵاویبکاتەوە، ئەو کەسانەی هاوڕێین لاپەڕەی ئەویان لایە ئازادن لە کۆمێنتکردن و هاوبەشیکردن لەو بابەتەی بڵاویکردووەتەوە، لە رێگەی ئەو ئیمۆجییانەی کە هەر یەکێکیان ئاماژەن بۆ دەربڕینێک، یان بە نووسین و دەربڕینی رای خۆیان.

ئەم هاوبەشیکردنە رۆڵی هەیە لە پێشخستنی کۆمەڵگە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی مایەی نیگەرانییە ئەو دیاردە ناشیرینەیە کە کۆمێنتەکان وەک جەنگێک وایە لەسەر شەقامەوە هاتووەتە ناو شاشەکان، جا مۆبایل بێت یان کۆمپیوتەر.

بۆچی کۆمێنتی نەشیاو دەنووسن؟
ئەو کەسەی کە کۆمێنتی نەشیاو دەنووسێت بۆ کەسێکی تر، دەربڕینی ئەو وشانەیە کە لە ناخیدایە و بوێریی نییە راستەوخۆ بە کەسی بەرانبەری بڵێت، رەنگە ئەو کەسە مرۆڤێکی دەروون ئارام نەبێت، یان خۆی لە کەسانی تر پێ باشتر بێت، لەم رێگەیەوە دەیەوێت کەسایەتی بەرانبەرەکەی لەکەدار بکات. هەندێکجار بەهۆی خۆ بەلاواز زانینەوە لە نەگەیشتن بەو ئاستەی بەرانبەرەکەی روودەدات. زۆر جار ئەمە دەکەوێتە نێوان ململانێ حزبی و مەزهەبیی و نەتەوەیی و ئایدیاکان.

 زۆرینەی ئەو کەسانەی ئەم کارانە دەکەن بە لاپەڕەی فەیک بۆ ئەوەی ئاکتیڤی خۆیانی پێ بەرزبکەنەوە بێ گوێدانە ئاکامەکەی .

سزای یاسایی بۆ ئەوانە هەیە؟
هەندێکجار ئەو بابەتانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاودەکرێتەوە، دەچێتە چوارچێوەی تاوانەوە، بەپێی مادەی دوو لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە هەرێمی کوردستان، ئەگەر هاتوو کەسێک بە جنێو، هەڕەشە، بوختان، دانانی پۆستی نەشیاوی دوور لە ئادابی گشتی و بڵاوکردنەوەی نهێنیی کەسانی تر، هەوڵیدا بەرانبەرەکەی لەکەدار بکات یان گرتنی وێنە بەبێ مۆڵەت، ئەوانە هەموویان بەتاوان دادەنرێن.

هەرکەس ئەمانە بکات، ئەوا سزا دەدرێت بە بەندکردنی کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت، یاخود غەرامە کە لەیەک ملیۆن کەمتر نەبێت لە پێنج ملیۆن زیاتر نەبێت.

چارەسەرکردنی ئەم دیاردەیە
هەندێک جار کۆمێنتی نەشیاو دەبێتە پاڵنەر، هۆکارە بۆ رووداوە کۆمەڵایەتییەکان، لەوانە کوشتن، ئەو کەسەی کۆمێنتی نەشیاو دەنووسێت کەسایەتییەکی لاوازی ناو کۆمەڵگەی لێدەردەچێت، ناتوانێت بوێرانە  رووبەڕووی کۆسپەکانی ژیانی ببێتەوە.

بەداخەوە ئێستا، چەندین کەس بەهۆی خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خەون و ئاواتەکانیان لە گۆڕ نراوە، با هەمووان لەناو خێزانەکانی خۆمانەوە دەستپێبکەین، تاک هۆشیار بکەینەوە، چیتر ئازادی و هەستی مرۆڤەکان گەمەی پێنەکرێت.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan