
دێرین جەمال
بڕوانامەی بریقەدار و دەستە خەمساردەکان
لە ھەموو جیھاندا نیشتمان بۆ ژیانکردن و حەوانەوەی مرۆڤەکان بەدیھێنراوە، بەڵام لە نیشتمانەکەی مندا ھەر رۆژە و برینێکی نوێ لەسەر جەستەی نیشتمان دروستدەبێت و ژیانکردن لەسەری سەختە بەجۆرێک ھەموو شتێک بە پارێزراوی نامێنێت، ھەر رۆژە و جۆرە ڤایرۆسێک دەبێتە مەترسی بۆ سەر ژیانی مرۆڤەکان، لە ھەموویان مەترسیدارتر ڤایرۆسی ویژدانە بەجۆرێک بڵاوبووەتەوە کە ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی گرتووەتەوە، ھەندێکجار مرۆڤ لە ھەموو بەھا جوانەکانی مرۆڤایەتی دەردەکات، بەداخەوە لە ھەموو سێکتەرەکاندا بەربڵاوە بەتایبەت سێکتەری تەندروستی کە راستەوخۆ پەیوەستە بە ژیانی مرۆڤەکانەوە.
لەئێستادا جۆرێک لە بازرگانیکردن لەم سێکتەرەدا پەیدابووە کە ھیچی کەمتر نییە لە بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەرەوە، قوربانییەکانیش بێ ئاگایانە و بەپەرۆشەوە بە قاچەکانی خۆیان ھانگاودەنێن بۆ ئەو بازرگانییەی پێیانەوە دەکرێت، ئەو کەسانەی مامەڵە بەم جۆرە بازرگانییەوە دەکەن لە چینێکی خوێندەواری کۆمەڵگەن، ئەوان بڕوانامەکانیان بریقەدارە، بەڵام دەستیان بەرانبەر پیشەکەیان خەمساردە گەرچی دەبێت ئەوان لە کەسانی ئاسایی زیاتر ناخیان سپی بێت و ھیوابەخشبن بۆ نەخۆشەکانیان، بەڵام بڕوانامە و پیشەکەیان بەجۆرێکی تر بەکاردەهێنن و ئەوەندەی لە خەمی پڕکردنی گیرفانیانن، نیو ئەوەندە لە خەمی چارەسەرکردن نین بۆ نەخۆشەکانیان.
شێوازی بازرگانیکردنەکەیشیان بەم جۆرەیە ھەندێک لە پزیشک و کارمەندان ھەڵدەستن بە رێککەوتنێک؛ دێن کۆمەڵگەیەکی پزیشکی دادەنێن و کاتێک نەخۆش سەردانی یەکێک لەو پزیشکانە دەکات یەکسەر کۆمەڵێک پشکنینی بۆ دەنووسێت ئەگەرچی نەخۆش پشکنینی تازەشی پێبێت دەبێت ھەر لەو تاقیگەی خۆیان ئەنجامی بدات، بۆ پاساوھێنانەوەیش بۆ نەخۆش پزیشکەکە پێی دەڵێت من تەنھا بڕوام بە تاقیگەکەی خۆمانە، ھەر پزیشکە و بەپێی پیشەکەی خۆی پشکنین دەنووسێت بۆ نەخۆشەکە ئەگەر پزیشکی ھەناوی بو سۆنەریشی پێدەکات ئەگەر ئێسک و شکاوی بوو تیشکی تەنوری پێدەکات و ھتد...
دواتر ئەنجامی پشکنینەکان دەباتەوە بۆ پزیشکەکە، ئەویش کۆمەڵێک چارەسەری بۆ دەنووسێت و بە نەخۆشەکە دەڵێت دەبێت چارەسەرەکان لەو جۆرە کۆمپانیایە بێت کە من بۆم نووسیویت، بەدڵنیاییەوە ئەو جۆرە چارەسەرە بەو جۆرە کۆمپانیایە تەنھا لە دەرمانخانەکەی لای خۆیان دەستدەکەوێت، ئیتر نەخۆش بەناچاری چارەسەرەکان بە پارەیەکی زۆر دەکڕێت و بۆ دڵنیابوون لە جۆری کۆمپانیاکە چارەسەرەکە دەباتەوە بۆ پزیشکەکە و پاش دڵنیابوونی پزیشکەکە لە جۆری کۆمپانیاکە نەخۆشەکە بە رێدەکرێت و پێی دەڵێن گەر باش نەبوویت سەردانم بکەرەوە.
بەداخەوە ئەمانەی وتم ھەمووی راستییەکی تاڵن کە بەسەر خۆمدا ھات، بەڵام من چارەسەرەکانم نەکڕی بەھۆکاری ئەوەی گومانم لا دروستبوو، کاتێک پزیشکەکە چارەسەری بۆ نەخۆشەکەم نووسی سێجار دڵنیایی پێدام کە دەبێت چارەسەرەکان لەو کۆمپانیایە بێت و بۆ دڵنیاییش بیبەمەوە لای پزیشکەکە، کاتێک سەیری رەچەتەی دەرمانەکانم کرد حەوت جۆر لە چارەسەر نووسرابوو لەکاتێکدا نەخۆشەکەم نەخۆشیی درێژخایەنی لەگەڵدابوو و خۆی رۆژانە پێنج جۆر لە چارەسەری وەردەگرت، کاتێک پرسیاری نرخی چارەسەرەکانم کرد لە دەرمانخانەکە کەوا پزیشکەکە بۆی نوسیبووم لە وەڵامدا وتی نرخەکەی سەد و پەنجا و پێنج ھەزارە، بەڵام من دەرمانەکانم نەکڕی نەک لەبەر گرانی نرخەکەی بەڵکو لەبەر زۆری چارەسەرەکان، بۆیە بڕیارمدا رۆژی دواتر نەخۆشەکەم ببەم بۆ لای پزیشکێکی دیکە.
کاتێک پشکنین و چارەسەرەکانم پیشانی پزیشکەکەدا، زۆر بەڕوونی نیگەرانی خۆی دەربڕی و وتی بەداخەوە کەرتی تەندروستی جۆرێک لەم بازرگانیکردنەی تێدا دەکرێت و ئەم جۆرە چارەسەرانە کە لەم رەچەتەیەدا نووسراوە بۆ نەخۆشەکەت گەر بیخواردایە بەجۆرێک کاریگەریی لەسەر دروستدەکرد رەنگە کۆتایی بە ژیانی نەخۆشەکە بھێنایە، لەگەڵ ئەو ھەموو نیگەرانییەی لە رووخساری پزیشکەکە بینیم بە غەمبارییەکەوە وتی ئاخر ھەندێک لە نەخۆشەکانم کاتێک سەردانم دەکەن نیگەرانن لە شوێنی کارەکەم و پێم دەڵێن ئەم بینا کۆنە چییە دکتۆر؟ بۆ ناچیتە ئەو کۆمەڵگە پزیشکیانە؟
ئەوان نازانن من چەند ھەوڵم داوە تا شوێنێکی گونجاوتر پەیدابکەم، بەڵام نەمتوانیوە، کاتێک شوێنێکم دەستکەوت زۆر بەگونجاوم زانی بۆ کارەکەم، وتم کلینیکی خۆم لێرە دادەنێم، بەڵام بەداخەوە کاتێک قسەم لەگەڵ خاوەنی ئەو کۆمەڵگە تەندروستییە کرد پێی وتم ئێمە رێککەوتنێکمان دەوێت، ھەر نەخۆشێک سەردانی کردیت دەبێت پشکنینی تاقیگە و چارەسەر بۆ لای دەرمانخانەکەمان بنووسیت ئەگەرچی نەخۆش پێویستیشی پێی نەبێت، منیش لەبەر پیرۆزی کارەکەم ئەم جۆرە مامەڵەیەم بە مرۆڤەکانەوە واژۆ نەکرد.
کاتێک گوێبستی ئەم وتانەی پزیشکەکە بووم، ھەڵوێستە جوانەکەی لەناخەوە دڵخۆشی کردم کە مرۆڤانێکی ناخ جوان ھەن کارەکانیان بە پاکی ئەنجامدەدەن، بەداخەوە بەشێکیش لە چارەسەرکەران بوون بە ڤایرۆس و بازرگانی بە جەستەی مرۆڤەوە دەکەن.
ر.س