راپۆرت

بەراوردێکی سەرپێیی لەنێوان لای ئێمە و لای ئەوانی تر

مەودا میدیا - سلێمانی |


بەراوردێکی سەرپێیی لەنێوان لای ئێمە و لای ئەوانی تر
مەودا میدیا- نەزیرە حارس

رێکەوتی 13ی تەمووزی 2024 لە سەردانێکدا بۆ تورکیا، لە شاری ترابزۆن، رێبەری گەشتەکە بردینی بۆ ئەشکەوتی (کاراجا) لە بەرزیی 1550م لە رووی دەریاوە لە ناوچەی زیجار، نزیک شارۆچکەی کوشندرا. ئەشکەوتی کاراجا، رێک وەکوو ئەشکەوتی (کونە با)ی لای خۆمانە، بەڵام بەجیاوازیی زۆرەوە لە رووی خزمەتگوزاری و گرنگیپێدان، هەروەها لە رووی جوانی و گەورەیی ئەشکەوتەکە. بە بینین و چوونەناوەوەی ئەشکەوتەکە، بەبێ ویستی خۆم یەکسەر ئەم بەراوردکارییەم لا دروست بوو: 

یەکەم: ئەشکەوتی کونە با زۆر گەورەتر و زۆریش جوانترە لە ئەشکەوتی کاراجا. لەناو ئەشکەوتی کونە با، سەرچاوەی ئاو و کانیاوی زۆری تیایە، کە ئەمە لە ئەشکەوتی کاراجادا نییە.

دووەم: هەموو مادە کلسییەکانی ئەشکەوتی کونە با (ستالیکتایت و ستالیکمایت)ن و رەنگاوڕەنگن، هەر بۆیە ئەشکەوتی کونە با بە ئەشکەوتە کریستاڵییەکە ناسراوە، بەڵام لە ئەشکەوتی کاراجا هەموو مادە کلسییەکان زەرد و خۆڵەمێشین.

سێیەم: ئەشکەوتی کونە با، خاوەنی مێژوویەکی نەتەوەییە بەهۆی ئەوەی هەر لە سەرەتای دۆزینەوەی ئەشکەوتەکەوە لە ساڵانی سییەکانی سەدەی رابردوو، لە کاتی شۆڕشەکانی کورددا بووەتە پەناگە و لانەیەکی ئارام بۆ خۆشاردنەوەی هێزی پێشمەرگە لە کاتی مەترسیدا و چیرۆکی نەبەردیی زۆری لە هەناویدا هەڵگرتووە، بەڵام ئەشکەوتی کاراجا لە ساڵی 1983 بەهۆی شوانێکەوە دۆزراوەتەوە و لە دوای دراسەکردنێکی زۆر و هەڵسەنگاندنی لە رووی جیۆلۆجییەوە، دەست کراوە بە ئیشکردن تیایدا وەکوو شوێنێکی گەشتیاری، لە ساڵی 1996 بە رووی گەشتیاراندا کراوەتەوە.

چوارەم: ئەشکەوتی کونە با زۆر پشتگوێ خراوە، بەجۆرێک کە مەترسی لەسەرە بەهۆی ئەوەی هەندێک لەو کەسانەی سەردانی دەکەن، مادە کلسییەکان دەشکێنن و لەگەڵ خۆیان دەیبەن بۆ فروشتن، بەڵام ئەشکەوتی کاراجا بەتەواوەتی پارێزراوە و وەکوو سامانێکی نیشتمانیی سەیر دەکرێت، بەجۆرێک کە هەموو گرووپە گەشتیارییەکان دەبێت سەردانی بکەن.

پێنجەم: ئەشکەوتی کونە با هیچ رێگەیەکی بۆ نەبراوە، جگە لەوەی کە وەبەرهێنێک رێگەیەکی بۆ خۆی دروست کردووە بۆ هێنانی بەرد لە شاخەکە، کە لە ئێستادا ئەم رێگەیەش کوێر بووەتەوە، بەڵام ئەشکەوتی کاراجا، 5کم رێگەی ئەندازیاری و هونەریی بە چەندین پێچ و هەوراز بەرەو بەرزایی شاخەکە بۆ دروست کراوە.

شەشەم: ئەشکەوتی کونە با هیچ جۆرە رووناکی و کارەبایەکی بۆ دابین نەکراوە و گەشتیاران ناتوانن بەرپێی خۆیان ببینن و دەبێت بە تاریکی و بەهۆی لایتەوە بەناو ئەشکەوتەکەدا بگەڕێن، بەڵام ئەشکەوتی کاراجا رازێنراوەتەوە بە چەندین جۆر رووناکی و گڵۆپی رەنگاوڕەنگ.

حەوتەم: ئەشکەوتی کونە با لەناویشەوە هاتوچۆ پیایدا زۆر زەحمەتە بەهۆی ئەو هەموو چاڵوچۆڵ و بەردەڵانییەی کە هەیە، بەڵام ئەشکەوتی کاراجا راڕەوی ئاسنینی پتەو و محاجەرەی بە هەموو لایەکی ئەشکەوتەکەدا بۆ دروست کراوە و سەلامەتیی گەشتیاران بەتەواوەتی رەچاو کراوە، هەمیش بۆ پارێزگار لە مەوادە کلسییەکان

هەشتەم: نەتوانراوە ئەشکەوتی کونە با بکرێت بە شوێنێک گەشتیاری بیانی و تەنانەت گەشتیاری خۆماڵییش مەبەستیان بێت سەردانی بکەن و بکرێت بە سەرچاوەی دارایی بۆ ئەشکەوتەکە و بۆ ناوچەکەش، بەڵام ئەشکەوتی کاراجا چەندین جۆر ئیشی تێدا کراوە و چوونەناوەوەی بۆ رێک خراوە بە پارە، ئەمە جگە لەوەی کە ناوچەی دەوروبەری ئەشکەوتەکە هەمووی کراوە بە شوێنی حەوانەوەی گەشتیاران و دەیان چایخانە و قاوەخانە و شوێنی خواردنی تێدا دروست کراوە و بووە بە شوێنی ساغکردنەوەی کاری دەستی و فرۆشتنی کەلوپەل، شوێنەکە بووەتە مایەی بژێویی سەدان کەس و سەرچاوەیەکی باشی دارایی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان و رۆژانە سەدان گرووپی گەشتیاری رووی تێ دەکەن.

لە 13ی حوزەیرانی 2021، لەدوای سەردانی ئەشکەوتی کونە با، ئەم نووسینەم لە ئینستتیوتی نارین لەسەر ئەشکەوتەکە
بڵاو کراوەتەوە.
 
ئەشکەوتی کونە با
ئەشکەوتی کونە با، (ئەشکەوتە کریستاڵییەکە)
 
کونە با، ناوی خۆی بەخۆیەوەتی، واتا (کونی با)، ئەو شوێنەی کە هەر لێی دەچیتە پێشەوە، لە دەمی ئەشکەوتەکەدا بایەکی بەهێز بەرەنگارت دەبێتەوە و بەزەحمەت دەتوانیت بەرگری لە خۆت بکەیت، هەر وەکوو ئەوە وایە پێت بڵێت مەیەرە ناوەوە و ئەم سروشتە جوانە مەشێوێنە.

ئەشکەوتی کونە با دەکەوێتە بناری شاخی گوڵان لە باشووری رۆژهەڵاتی دەربەندیخان. پازدە کیلۆمەتر بە رێگەیەکی بەردەڵانی زۆر ناڕێک دەست پێ دەکات.

تەمەنی ئەم ئەشکەوتە زۆر کۆنە و مەزەندە دەکرێت بە زیاتر لە یازدە هەزار ساڵ بەر لە ئێستا، بەڵام تا سەرەتای ساڵانی سییەکانی سەدەی رابردوو نەدۆزراوەتەوە، کە سێ پیاوی راوچی ناوچەکە بە رێکەوت لەو ناوە دەبن بۆ راو و شکار و دەیدۆزنەوە.

ئەشکەوتەکە لە رووی مێژووییەوە گرنگییەکی زۆری هەیە، هەروەها لە رووی جیۆلۆجیشەوە، ئەمە سەرەڕای گرنگییەکەی لە رووی گەشتیارییەوە.

خەڵکی ناوچەکە رابردوویەکی جوانیان لەگەڵ ئەم ئەشکەوتە هەیە؛ لە کاتی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی کورد، بەهۆی ئەوەی بووەتە لانەیەکی ئارام بۆ خۆحەشاردانی پێشمەرگە لە کاتی هێرشی هێزی دوژمن بۆ سەر ناوچەکە، ئەمە جگە لەوەی ئاوی سازگاری ناو ئەشکەوتەکە سەرچاوەیەکی گرنگی ئاوی خواردنەوە بووە بۆیان.

بەردەکانی ناو ئەشکەوتەکە لە جۆری (لایمستۆن)ن. شارەزایانی بواری جیۆلۆجی کاتی دروستبوونی ئەم بەردانە دەگەڕێننەوە بۆ سی هەتا چل ملیۆن ساڵ پێش ئێستا، کە بەهۆی ئاوی باران و ئاوی ژێرزەوی و هەبوونی مادەی ترشەڵۆک دروست بوون.

ئەشکەوتی کونە با لەسەر نەخشەی جیهانی دانراوە
یەکێتیی جیۆفیزیای ئەمەریکی سەردانی ئەم ئەشکەوتەیان کردووە و چەندین ئامێری لێکۆڵینەوەیان لەناویدا داناوە. بەپێی لێکدانەوەکانی یەکێتیی جیۆفیزیای ئەمەریکی؛ شارستانیەتێکی گەورە لە ناوچەکەدا هەبووە، بەڵام بەهۆی باران و لافاوی زۆرەوە لەناوچووە.

لەناو ئەم ئەشکەوتەدا زۆرێک لە ستالیکتایت (لە سەرەوە بۆ خوارەوە) و ستالیکمایت (لە خوارەوە بۆ سەرەوە)، کە دەرهاویشتەی بەردەکانە، لە شێوەی کریستاڵ دروست بووە، هەر بۆیە پێی دەڵێن ئەشکەوتە کریستاڵییەکە، ئەمەش جوانییەکی تایبەتی بەخشیوە بە ئەشکەوتەکە.

ئەم دەرهاویشتە بەردینانە لە زۆر شوێندا ئەوانەی سەرەوە داویانە لە زەوی و ئەوانەی خوارەوە داویان لە بنمیچی ئەشکەوتەکە و لە هەندێک شوێنیشدا بە یەک گەیشتوون و ئەو دیمەنە جوان و سەرنجڕاکێشەیان دروست کردووە.

ئەشکەوتی کونە با؛ کتێبخانەیەکی زانستیی گەورەیە، مێژووی ملیۆنان ساڵ بەر لە ئێستای ناوچەکە دەگێڕێتەوە. ئەو دەرهاویشتەی بەردانە کە دروست بوون، شایەتی راستەقینەی هەموو دیاردەکانی کەشوهەوا، وشکەساڵی، گەرما و سەرما، خۆڵبارین و هەموو گۆڕانکارییە جیۆلۆجییەکانی ناوچەکەن. هەروەها ئەم ئەشکەوتە سامانێکی نەتەوەیی گرنگە، بەجۆرێک کە هەر بەشێک لە ئەشکەوتەکە ریکۆردێکی مێژووییە و هەر پارچەیەک تایبەتمەندیی خۆی هەیە.

دەروازەی ئەشکەوتەکە زۆر بچووک و نادیارە لە دەرەوە، لە ناوەوە زۆر ناڕێکە و هیچ رووناککەرەوەیەک نییە و رۆیشتن بەناویدا و بینینی ئاسان نییە. قووڵیی ئەشکەوتەکە تا ئێستا 675 مەتری دیارە، بەڵام ئەوە کۆتاییەکەی نییە و زیاتر درێژ دەبێتەوە و تا ئێستا لەبەر نەبوونی هۆکاری پێویست، هیچ کەس نەیتوانیوە بگاتە کۆتاییەکەی و نازانرێت بەرە و چی دەڕوات. دەوترێت گەیشتن بە کۆتاییەکەی سێ کاتژمێری دەوێت، ئەمەش کارێکی زەحمەتە. بە ئاراستەی لای چەپی ئەشکەوتەکە، سێ دەروازەی بچووکتر هەیە، ئەمانیش کۆتاییەکەیان نادیارە.

رێگەی چوون بۆ ئەشکەوتەکە خراپە و رۆیشتن پێیدا ئاسان نییە، ئەم رێگەیەش بە هەوڵی قائیمقامیەتی دەربەندیخان و بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری دەربەندیخان بە شێوەیەکی زۆر سەرەتایی کراوە.

ئەم ئەشکەوتە بەو هەموو گرنگییەوە، تا رادەیەکی زۆر پشتگوێ خراوە و ئەم پشتگوێخستنەش بووەتە هۆی فەوتانی زۆرێک لە پێکهاتەی ناو ئەشکەوتەکە، هەروەها تێکچوون و دەستاریکردن و تەنانەت بردنی بەشێکی زۆر لە دەرهاویشتە بەردینەکان لەلایەن ئەوانەی کە سەردانی دەکەن، بەجۆرێک کە مەترسی لەناوچوونی لەسەرە و تەنانەت بەشێک لەو ئامێر و کەرەستانەی لەلایەن یەکێتیی جیۆفیزیای ئەمەریکییەوە دانراوە بۆ لێکۆڵینەوە، نەماون و فەوتاون، بۆیە ئەگەر دۆخەکە بەم شێوە گرنگیپێنەدانەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا مەترسییەکی گەورە هەیە بۆ تێکدانی زیاتر و لەناوچوونی زیاتر.


خ.غ
Qaiwan
Qaiwan